فەرمان محەمەد
ئەو نەزمە نێودەوڵەتییەی کە ئەمریکا لەمڕۆدا دروستی کردووە، لە دوای لووتکەی جەنگی ساردەوە، رووبەڕووی ئاستەنگ و تەحەددای گەورەتر لەهەر سەردەمێک دەبێتەوە. خۆبەزلزانینی ئەمریکا هەڕەشەی تێکدانی ئەو پێکهاتە ئەمنییانە دەکەن، کە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ئاشتییان پاراستووە.
بە هاندانی ئۆکرانیا بۆ ناو ناتۆ و خزانی ناتۆ بۆ سنوورەکانی روسیا، بووە هۆی ئەوەی کە روسیا پەلاماری ئۆکرانیا بدات و دەست بەسەر بەشێک لە خاکەکەیدا بگرێت لە خۆرهەڵاتی ئاسیادا، دیسان بە جووڵاندنی ناتۆ و هاندانی تایوان لەلایەک و فلیپین لەلایەکی ترەوە شەڕەنگێزیی بەرامبەر چین تادێت زیاتر دەبێت و دەیەوێت هێڵە دەریاییەکان کۆنتڕۆڵ بکات کە پشکێکی زۆر لە بازرگانیی جیهانیی پیایدا تێدەپەڕێت.
زۆرجار روسیا لە ناوچەکەدا وەک ئەوە دەبیندرێت کە بەرامبەر هەژموونی تاکلایەنەی ئەمریکا وەستاوەتەوە، ئەمەش یارمەتیی داوە کە سۆزی عەرەبەکان بەدەستبهێنێت
لە دژی ئێران هانیان دەدات
لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ساخکردنەوەی پیشەسازییە سەربازییەکەی، سعودیە و وڵاتانی کەنداو دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران درێژەپێدەدات، بۆ قووڵکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ حزبوڵڵا، حەماس و درێژەکێشانی شەڕی خوێناویی سوریا بۆ مانەوەی هەژموونی لەناوچەکەدا و هێنانەدی ئامانجەکانی لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.
هیچکام لەم هەڕەشانە بە سادەیی نامێنن. هەروەها ئەمەریکاش لە ئەگەری رووخانی نەزمی نێودەوڵەتی، وەک ئەوەی لە سەدەی بیستەمدا دوو جار روویدا، رزگاری نابێت.
لە سەدەی بیست و یەکدا. زەریاکان هیچ ئاسایشێک دابین ناکەن، هەروەها دیوارەکانیش بەدرێژایی سنوورەکان.
سەرهەڵدانە نوێیەکان کە بەشێوەیەکی بەرفراوان بانگەشەی بۆ دەکرێت ئەو بیرۆکەیەی کە ئەمریکا لەلایەنەکانی ئابووریی بەڕازیل، روسیا، هیندستان و چینەوە پێشدەکەوێت، راستیی ئەمەی سەلماندووە.
لەدەستدانی نفوز مەترسییە بۆ ئەمریکا
دۆلار وەک دراوی یەدەگی جیهان نامێنێتەوە و برێکس خەریکە دەبێتە بەربەست و تەحددای دۆلار دەکات، ئەمەش وەرچەرخانێکی مەترسیدارە لەسەر ئەمەریکا.
لەدەستدانی نفوز و کاریگەریی لە وڵاتانی عەرەبی خەڵکی عەرەب مێژووی دوور و درێژی کۆڵۆنیالیزمی خۆرئاوایی لە ناوچەکە و لایەنگری بەردەوامی خۆرئاوا لە بەرژەوەندیی ئیسڕائیل و لەشکرکێشییەکانی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان و عیراقی لەبیر نەکردووە. جگە لەوەش زۆر لە نەوەی بەهاری عەرەبی هەستیان بەجێهێشتن کردووە، لەلایەن خۆرئاواوە، کە بێشەرمانە لە بەرامبەر دەستکەوتی ئابووریی و سیاسییدا لە پشتیوانیکردن لە رژێمە تاکڕەوەکانی ناوچەکە بەردەوام بوون.
هەموو ئەم هۆکارانە لەم ساڵانەی دواییدا یارمەتیدەربوون بۆ بە سووتەمەنیکردنی هەردوو رەوتی ناسیۆنالیستی ئیسلامیی و دژەخۆرئاوایی.
سەرەڕای تێوەگلانی راستەوخۆی روسیا لە سوریا، بەڵام لە زۆر وڵاتی عەرەبیدا ناوبانگێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە. زۆرجار روسیا لە ناوچەکەدا وەک ئەوە دەبیندرێت کە بەرامبەر هەژموونی تاکلایەنەی ئەمریکا وەستاوەتەوە، ئەمەش یارمەتیی داوە کە سۆزی عەرەبەکان بەدەستبهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە چین وەک زلهێزێکی ناکۆڵۆنیالیزم دەبینن، کە لە چەند ساڵی رابوردوودا سەرنجی لەسەر بنیاتنانی پەیوەندیی ئابووری بەبێ تەماحێکی سیاسیی دەرکەوتووە.
چین بۆتە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی وڵاتانی عەرەبی و کاریگەریی ئەم پەیوەندییە نوێیانە کاتێک رەنگدانەوەی هەبوو کە دەوڵەتە عەرەبییەکان بەشێوەیەکی تاکلایەنە بەرامبەر سەردانە رەسمییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ تایوان، لایەنگری پەکینیان کرد. بەدووریش نازانرێت بەمزووانە گۆڕانکاریی زیاتری سیاسیی ستراتیژیی بەرەو چین و روسیا لەسەر حسابی ئەمریکا و ئەورووپا رووبدات.
وڵاتانی عەرەبی بەشێوەیەکی پراگماتیک و واقیعی مامەڵە دەکەن. لەوانەیە وردە وردە پشتبەستنی قورسیان بە خۆرئاوا کەمبکەنەوە و هەوڵی هەمەچەشنکردنی هاوپەیمانیی سیاسیی و ئابووری و سەربازییەکانیان بدەن، جا چ لەگەڵ روسیا و چین، یان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران، دوای نزیکبوونەوەی سعودیە و ئێران بە نێوەندگیری چین، خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی فرەجەمسەری دەبێتە گەمەیەکی نوێ بە یاسایەکی نوێوە.
لە گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی دیکەی ناوچەکەشدا دیارە. میسر، تورکیا و ئێران پەیوەندییەکی نوێیان دروستکردووە و پێنج وڵاتی عەرەبی، لەوانە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، جەزائیر و بەحرەین، ئارەزووی خۆیان بۆ پەیوەستبوون بە بریکسەوە، بلۆکێکی جیۆپۆلەتیکی دەربڕیوە کە چین، روسیا، هیندستان، بەرازیل و باشووری ئەفریقا لەخۆدەگرێت.
پێشبینی دەکرێت بەم زووانە بریکس قەبارەی ئابووریی گروپی حەوت تێبپەڕێنێت، ئەمەش راستییەکە بەشێک لە ئەوروپییەکانی ناچارکرد نیگەرانی خۆیان دەرببڕن.
رەنگە وڵاتانی عەرەبی بۆ دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤێک بۆ مۆدێلی خۆرئاوایی، بەردەوام بن لە قووڵکردنەوەی هاوپەیمانییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی خۆرهەڵات. لە بەرامبەردا تەحەددای ئەوان ئەوەیە کە بە وریایییەوە هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی خۆرئاوا ئیستفزاز نەکەن.
لەگەڵ بەردەوامیی کێبڕکێی زلهێزە نێودەوڵەتییە گەورەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، پێوەرەکانی بیروڕای گشتیی ناڕەزایی زیاتر لە ئەمریکا و تا رادەیەکی کەمتر لە یەکێتی ئەورووپا نیشان دەدەن. لە بەرامبەردا روسیا و چین لە سەرانسەری ناوچەکەدا زیاتر جێی بایەخ بوون.
پێگەی ئەمریکا لای گەنجان
راپرسییەکان دەریدەخەن کە لەناو گەنجانی عەرەبدا، رێژەی لایەنگریی ئەمریکا دابەزیووە، زۆرینە ئەمریکا وەک دوژمن سەیر دەکەن، نەک وەک هاوپەیمانێک، بەڵام روسیا لەلایەن ئەو گەنجانەی کە بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە، وەک هاوپەیمانێکی سەرەکی دەبینن.
لە پێنج وڵاتدا، لەوانە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، میسر و ئوردن، کە هەموویان بە هاوپەیمانی تەقلیدی واشنتۆن دادەنرێت، رای گشتی متمانەی زیاتری بە روسیا نیشانداوە، وەک لە ئەمریکا ئەمەش دەرخەری دابەزینی نفوز و دەسەڵاتی ئەمریکایە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و سەرهەڵدانی جەمسەری نوێ و زلهێزی ناوچەیی و جیهانییە.
* ماستەر لەیاسای نێودەوڵەتی گشتی
زانکۆی بۆڵۆنیا/ ئیتاڵیا
Haryad [email protected]
پەیوەندیی چین و ئەمریکا ساڵانێکی زۆرە بە ناکۆکییدا تێدەپەڕێت