خەمێك لەم دیاردەیە بخۆن

09:44 - 2023-11-28
ئیسماعیل مەحمود
136 خوێندراوەتەوە

ئیسماعیل مەحمود

 

 هەموولایەكمان ئاگادارین لەبەر ئەوەی لەم هەموو یانەیەی كە لە  سلێمانی و قەزا و ناحیەكان و ئیدارە سەربەخۆیەكانیدا هەن، کاتێک ئەم یانانە ناتوانن تیپێكی فوتساڵی كچان یان تیپێكی تۆپی سەرمێز یان گۆڕەپان و مەیدان یان باسكە بۆخۆیان  درووست بكەن و بەشداریی خولی عیراق و كوردستانی پێبكەن، کەچی بەبەر چاویانەوە تیپێك بە تەواوی كۆچ دەكەن و بە كۆمەڵ روودەكەنە یانەیەكی درەوەی ئەم سنورە، بەپێچەوانەوە ئامادەن بێ یەک و دوو هەموو تواناكانیان بۆ تیپێکی تۆپی پێ خەرج بكەن، ئەمە كارەساتە و مایەی لەسەر وەستانە.

زۆر جاران ئەوەمان بینیوە و بیستووە كە چەندین یاریزانی كوڕ و كچی سلێمانی و دەوروبەری بەناچاری بەكۆمەڵ رەویان كردووە و  چوونەتە یانەیەكی شارەكانی تر و بەناوی ئەو یانانەوە یارییان كردووە، نموونەش بۆ ئەمە زۆرن و چاودێران و راهێنەرانمان زۆر باش ئەمە دەزانن و ئاگادارن.
دوا روداوی لەم جۆرە بەسەر کۆمەڵێک یاریزانی باسكەی كوڕاندا هاتووە کاتێک كۆمەڵێك یاریزانی باسكەی سلێمانی لەم هەموو یانەیەی ناو شاری سلێمانی و سنورەكە هیچ یانەیەك ئامادە نەبوو بیانگرێتە خۆ و خەرجی و تێچووی تیپێكی باسكەیان  بۆ دابین بکات، بۆیە بەناچاری ئەو یاریزانانە لە نێویاندا (رەڤەند حەمەد و داركۆ تەها و میران و راهۆز و شۆڕش) بە كۆمەڵ رویان كردۆتە یانەی رومادی و بۆ یانەی وەحدەی ئەو شارە یاریی دەكەن.
من لەوە نیگەران نیم یاریزانەكانمان رووبكەنە یانە بەهێز و ناودارەكانی عیراق و درەوەی عیراقیش، ئەمە مەسەلەی ئیحتیرافە و ئەمەش لە هەموو جیهاندا یاساییە و رێگە پێدراوە، یاریزان ئازادە لەوەی یاریی بۆ یانەیەك نەكات و بچێتە یانەیەكی تر ئەگەر ئەو یانەیە لەدەرەوەی عیراقیش بێت، بەڵام كۆچی بەكۆمەڵی یاریزانان بەدبەختییە بۆ وەرزشی كوردستان نەك مایەی خێربێت، كە دەبینین راهێنەرێك یانەكەی پشتگیری ناكات و بودجە و خەرجی بۆ دابین ناكات، ئەویش خۆی و یاریزانەكانی بە تیم بچنە یانەیەكی دەرەوەی سلێمانی، ئەمە خۆی بۆ خۆی بەڵایەكی سەختە و یەكەمجار شانی وەرزشی شارەكە دەگرێت ئینجا شانی وەرزشی كوردستان. 
هەرچی یانەی كوردستان هەیە تیپی تۆپی پێی هەیە، بەڵام چەند یانە تیپی باسكەی كوڕان یان كچانیان هەیە، چەند یانە تیپی تۆپی دەستی كوڕان یان كچانی هەیە، تیپی فوتساڵی كچانی هەیە، تیپی گۆڕەپان و مەیدان و بەرزكردنەوەی قورسای هەیە، من لە وەڵامدا دەڵێم ئەو یانانە لە پەنجەكانی یەك دەست تێپەڕ ناكەن، ئیتر چۆن بەتیم یاریزانانی باسكە بای بای لە وەرزشی كوردستان و شارەكەیان ناكەن؟.

وتارەکانی نوسەر