وەرزش و دیداری یەكێتی

11:12 - 2022-04-20
ئیسماعیل مەحمود
222 خوێندراوەتەوە

ماوەیەكە كۆنفرانسەكانی ئامادەكاری دیداری یەكێتیی لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە و بەردەوامە.
دیداری یەكێتی و كۆنفرانسەكانی ئامادەكاری بۆ ئەوەیە سەرنج و پێشنیار و دید و تێبینییەكانی ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتی كۆبكرێنەوە و یەكبخرێن تا لەداهاتوودا لە كۆنفرانسی گشتیدا بكرێنە نەخشەڕێگە بۆ ئەوەی هەنگاوی گەورە و كاریگەر بۆ گۆڕانكاری جدی لە كایە جۆراوجۆر و هەستیارەكانی ژیانی سیاسی و خەباتی پیشەیی و میدیایی یەكێتیدا بكرێن.
لە كۆنفرانسە ئامادەكارییەكانی دیاری یەكێتیدا، سەرجەم دید و بۆ چوون و را جیاوازەكانی هەڤاڵانی یەكێتیی بەهەند وەردەگیرێن، چونكە را جیاوازەكان و دید و بۆچوونە جیاوازەكان گوڕ و تین و تاوێكی باش و كاریگەر دەدات بە ژیانەوە و هەستانەوەی خەباتی سیاسی هەر حزبێك، جا گەورە بێت یان بچوك، دێرین بێت یان نوێ.
لەبەر ئەوە، كاتێك راسپاردە و پێشنیار و بیر و بۆچوونەكان گەڵاڵە دەبن و یەكدەخرێن، پێویستە سەرجەمیان لە ناخ و قوڵایی هەست و نەستی سەرجەم چین و توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵانی خەڵكەوە هەڵقوڵابن و گوزارشت  لە ئازارەكان و داواكارییەكان و پێشنیارەكانی سەرجەمیان بكات بەبێ جیاوازی.
ئەوەی مەبەستمە لێرەدا هەڵوەستەی لەسەر بكەم بۆ دیداری یەكێتی و كۆنفرانسەكانی و كۆنفرانسی گشتی دیداری یەكێتی و لیژنەی نووسینەوەی گەڵاڵەی كۆی راو بۆچوونەكان دیداری یەكێتی ئەوەیە توێژێكی هەستیار و گرنگ و بەرفراوانی ژیانی كۆمەڵانی خەڵك هەیە ناوی توێژی وەرزشكارانە كە دەبێت بە هەند وەربگیرێت و لەیاد نەكرێت و گوێ لەوانیش بگیرێت.
ئێستا لەم كاتەدا كە دیداری یەكێتیی دەبەسترێت باشترین و گونجاو ترین و هەستیار ترین كاتە تا  ئاوڕێك لە داخوازی و كێشە و گیر و گرفتەكانی وەرزشكاران بدرێتەوە، ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر توێژی وەرزشكاران پێویستیان بەوەیە دەست بەسەریاندا بهێنرێت و لێیان بپرسرێتەوە، تا هەست بكەن كە حزبێك هەیە ناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و خۆی بە خاوەنیان دەزانێت. 
حزبێكی سیاسی گەورەی وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئا لەم كاتەدا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بەوەیە لە بەرنامەی كار و پلان و پەیڕەوی سیاسی خۆیدا توێژی وەرزشكاران بە هەند وەربگرێت، لە رۆڵ و كاریگەریی وەرزش لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵایەتی تێبگات، پێویستە لە هەموو كاتێك زیاتر بچێتە ناو وەرزش و وەرزشكارانەوە، كەسە وەرزشییە دیار و چالاك و بەئەزموونەكان بەسەر بكاتەوە، وەرزشكارە دێرینەكان و كەسە ناسراوەكانی ناوەندی وەرزشی كوردستان لە ریزەكانی پێشەوەی ئەم جۆرە كۆنفرانس و كۆنگرە و چالاكییە حزبییانەدا جێبكاتەوە تەنانەت دەكرێت هەر كەسێك لەوانەی ناومان بردن حەزیان لێكرد و ئارەزوویان لێی بوو ئەركی حزبیشیان پێبسپێرێت.
دیداری یەكێتیی لە هەموو كاتێك زیاتر دەبێت كار لە سەر ئەوە بكات بۆ وەرزش كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو دیاری بكات، دیداری یەكێتی پێویستی بەوەیە هێدی وەرزشی بۆ وەرزش و وەرزشكاران دیاریی بكات بەو مەرجەی ئەو هێدە خەمی وەرزشیی هەبێت، لەوەرزش تێبگات، لە قوڵایی وەرزشەوە هەڵقوڵا بێت، وەرزشكاران بناسێت، خاوەنی باكگراوند و مێژوویەكی وەرزشیی بێت تا لە وەرزشكاران تێبگات و بە پیر خەمەكانیانەوە بچێت.
ئەمەی دەیڵێین و نووسیومانە لە دڵسۆزیمانەوەیە بۆ یەكێتی، چونكە لە ناوەندی وەرزشیشدا وەك سەرجەم چین و توێژە جیاجیاكانی تری ژیانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كەسانی دڵسۆز و خەمخۆری یەكێتی زۆر هەن كە دەكرێت گوێیان لێبگیرێت و بەقسەیان بكرێت، كەسانی دڵسۆز و خەمخۆری یەكێتی زۆر هەن كە دەكرێت بهێنرێنە پێشەوە و ئەركی حزبی و سیاسیان پێ بسپێردرێت و سەرنجام حزبێكی خاوەن مێژوو، حزبێكی گەورە و جەماوەریی وەك یەكێتی ببێتە حزبی خەمەكانی وەرزشیش، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ئەوەی نەكرد ئەوا ئەوەی زیانی بەردەكەوێت حزبێكی خاوەن مێژوو، حزبێكی گەورە و جەماوەریی وەك یەكێتیی دەبێت.

وتارەکانی نوسەر