خێزان سەنتەری داڕشتنی کەسایەتی منداڵە

10:03 - 2023-12-12
چنار عەزیز
679 خوێندراوەتەوە

چنار عەزیز



پەروەردەی خێزان بریتییە لە پڕۆسەی پەروەردەکردنی ئەندامانی خێزان و ئامڕازێکە بۆ داڕشتنی کەسایەتی منداڵ و شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ بارودۆخی ژیاندا. بەرەبەرە لەگەڵ گەورەبوونیاندا لە تاکێکی ناو خێزان دەگۆڕێن بۆ تاکێکی نێو کۆمەڵگە. خێزان یەکەمین رێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە بۆ منداڵ. لەم پەیوەندییەشدا دایک و باوک و ئەندامانی خێزانەکەی یەکەمین کەسن کە منداڵ کارلێک دەکات لەگەڵیاندا.
بنەمای سەرەکی خێزان خودی دایک و باوکه، واتا پەروەردەکردنی کەسایەتی خۆیان پاشان منداڵ، چونکە منداڵ پەروەردە دەکرێت لەڕێی هەڵسوکەوتەوە، واتا منداڵ زیاتر بینەرە به بەراورد بە گوێگر، لەڕێگەی بینینی چۆنیەتی هەڵسوکەوتی دایک و باوک لەگەڵ یەکتر، لەناو ژینگەی خێزاندا، لەگەڵ دەوروبەر کەسایەتی و ئاستی رۆشنبیری و زیرەکی و لێهاتویی بۆ دروست دەبێت و لەگەڵ قۆناغەکانی تەمەنیدا زیاتر دەبن. هەموو ئەمانەش بە باش پەروەردەکردنی خودی دایک و باوکەکە دەبێت. پەروەردەی خێزان سوود بەخشە و ئامڕازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجێک ئەو ئامانجەش پەروەردەکردنی منداڵە. لە پێناو کەسایەتییەکی بەهێز و هۆشیار و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا.
خێزان یەکێکە لە گرنگترین شتەکانی ژیان، توێژەران تێبینییان کردووە  لە هەموو ئەو کۆمەڵگەیانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە، خێزان رۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە سەرکەوتنی تاکەکاندا و بنیاتنەری کۆمەڵگەیەکی تەندروستن.
خێزان گرنگە، چونکە مرۆڤ ناتوانێت بەردەوام ژیانی تاکەکەسی بژی، لەبەرئەوە منداڵان بەردەوام پێویستیان بە خێزان هەیە کە پشتگیرییان بکەن و خۆشیان بوێن.

وتارەکانی نوسەر