جوان شێخ لەتیف
رەنگە ناشیرینترین دیمەنی ژن لەو كاتانەدا دەربكەوێت كە دەیەوێت زۆران لەگەڵ پیاودا بگرێت و لەبەرامبەر پیاودا هێزی ماسوولكە و قۆڵ و بازووی خۆی تاقی بكاتەوە.
ئەمەش بەهەمان دیمەنی ئەو پیاوە ناشیرینەیە كە دەیەوێ وەكو ژنێك رەفتار بكات و مەكر و ناز بەسەر پیاوێكی تردا دەكات. هەندێك ژن كاتێك پلە و پۆستیان دەستدەكەوێت، بۆئەوەی وانیشان بدەن سەركەوتوون و باش دەرەقەتی ئەركەكەیان دێن، سیفەتی ژنێتی لە خۆیان دادەماڵن و وەكو پیاو خۆیان نیشاندەدەن و دڵڕەق و توندوتیژ دەبن و رەحم و بەزەیی لە دڵی خۆیاندا دەردەكەن، بەڵام ئەمە جگەلەوەی وەكو رۆبۆت نیشانیان دەدات، هیچ سوودێكی نابێت و هیچ جۆرە سەركەوتنێكیان بۆ مسۆگەر ناكات، چونكە هیچ كەسێك ناتوانێت هەتاسەر تەمسیل بكات و سیفەتە سروشتییەكانی لە خۆی دابماڵێت.
ژن ئەگەر بیەوێت لە پلە و پۆستدا سەركەوتووبێت، دەبێت بە ژنبوونی خۆیەوە سەركەوتوو بێت و بە شێوازی خۆی ئیش بكات و بە سیفەتە سەرەكییەكانی خۆی، خۆی بسەلمێنێت.
سیمۆن دی بۆڤوار ئەدیب و نووسەری فەرەنسی و شارەزای خەباتی ژنان، جەخت لەوە دەكاتەوە، نابێت ژن سیفەتە سروشتییەكانی لە خۆی دابماڵێت و وەكو پیاو رەفتار بكات، چونكە ئەوكاتە هەم جوانیی سروشتیی خۆی لە دەستدەدات و هەم لە هیچ ئەركێكیشدا سەركەوتوو نابێت.
ژن كاتێك لە بواری سیاسەتدا ئیش دەكات، یان لە بواری ئیدارەدا پلە و پۆست وەردەگرێت، دەتوانێت هەر بە خەسڵەتی سروشتی خۆی گەندەڵ نەبێت و نەرم و نیانیش بێت، هەر بە نەرم و نیانی خۆی خاوەنی بڕیاری خۆشی بێت و بڕیارەكانیشی جێبەجێ بكات.
لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا مارگرێت تاتچەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بوو، ژمارەیەك لە كرێكارانی ئەو وڵاتە ماوەی 15مانگ مانیان گرت و نەچوونەوە سەر كار، بەڵام لەبەرئەوەی داواكانیان لە توانای حكومەتدا نەبوو، مارگرێت تاتچەر داواكانی جێبەجێ نەكردن و بەناچاری چوونەوە سەر ئیشەكانیان، لەسەر ئەم هەڵوێستەی كە ملكەچ نەبوو بۆ داواكاریی ئەو كرێكارانە ناویان نا (ژنە ئاسنینەكە)، بەڵام تاتچەر لە ئەنجامی سووربوونی لەسەر بڕیارەكانی خۆی ئەو نازناوەی بەسەردا دابڕا، نەك لەبەرئەوەی سیفەتە سروشتییەكانی خۆی لە دەستدابێت، چونكە تاتچەر هەمیشە وەكو ژنێك رەفتاری دەكرد و سووریش بوو لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكانی خۆی، لەكاتی ئاهەنگ و خۆشییەكانیشدا وەكو ژنێك دانسی دەكرد و تەمسیلی نەدەكرد.
ئەگەر لە كوردستانی خۆماندا نموونەی ژنی میهرەبان و بە بەزەیی و لە هەمان كاتیشدا ئازا و خاوەن بڕیار بهێنینەوە، بێگومان دەبێت باسی دادە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بكەین، (هیوای تەمەندرێژی و تەندروستیی باشی بۆ دەخوازم) چەندە میهرەبان و بەبەزەیی بوو بۆ منداڵان و لێقەوماوان، ئەوەندەش ئازا و چاونەترس و خاوەن بڕیار بوو، نە حەزی بە زۆر دەركەوتن و زۆر قسەكردن بوو، نە تەمسیلی دەكرد، كەمدوو بوو، بەڵام هەمیشە قسەكانی كاریگەر بوون و خاوەنی بڕیاری خۆی بوو، هەرگیز تەنازولی لە پڕەنسیپەكانی خۆی نەدەكرد.
كەواتە هەمیشە جوانیی ژن لە ژنبوونیدایە و هەر بەو ژنبوونەوە دەتوانێت خاوەنی هەڵوێست و بڕیاری خۆی بێت و تەنازول لە پڕەنیسپەكانی خۆی نەكات.