لێكه‌وته‌كانی پاشه‌كشه‌ی ئابووری

11:12 - 2024-02-15
هاشم غەمگین
405 خوێندراوەتەوە

هاشم غه‌مگین

پاشه‌كشه‌ی ئابووری زۆر جار به‌هۆی قه‌یران و هه‌ڵاوسان و جه‌نگ و گه‌مارۆدان و رووداو و كاره‌ساتێكی جیهانییه‌وه‌ دێته‌ ئاراوه‌، كه‌ مه‌ترسییه‌كانی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگە به‌ گشتی زۆر كاریگه‌ره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی دابه‌زینێكی به‌رچاوی چالاكییه‌كان له‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ر و كایه‌كانی پڕۆسه‌ی ئابووریدا، هه‌ندێك جار ئه‌و دابه‌زینه‌ زیاتر له‌ چه‌ند مانگێك ده‌خایه‌نێت، به‌تایبه‌تی له‌ كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی، دامه‌زراندن و جموجۆڵی كار، داهاتی راسته‌قینه‌، بازرگانی تاك و كۆ، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌كاربه‌ر و دابه‌زینی خواست له‌سه‌ر كڕینی پێداویستییه‌كان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێته‌ هۆی راوه‌ستاندنی جموجۆڵی بازاڕ و فرۆشتن و ساغكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له‌كان.
له‌گه‌ڵ دڵه‌ڕاوكێی كۆمپانیاكان، كاتێك به‌كارابه‌ران ده‌ست به‌ پاره‌كانیانه‌وه‌ ده‌گرن و مامه‌ڵه‌ و خه‌رجییه‌كانیان کەم دەکەنەوە، بازرگانه‌كان ناچارن سه‌رچاوه‌كان ته‌رخان بكه‌نه‌وه ‌و زیانه‌كان سنووردار بكه‌ن و كارمه‌نده‌كانیان له‌كاره‌كانیان دووربخه‌نه‌وه‌.
به‌گشتی له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ی داکشانی ئابووری، ره‌وته‌كانی كاتی پاشه‌كشه‌ بریتین له‌:به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری و كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیی، هه‌روه‌ها پاشه‌كشه‌ی ئابووری له‌ دوای هه‌ڵاوسانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، كاتێك هه‌ڵاوسان زیاد ده‌كات، بانكه‌ ناوه‌ندییه‌كان به‌ ئامانجی دابەزاندنی رێژەی هه‌ڵاوسان، رێژه‌ی سوود به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، دواتر له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی سووددا، ئه‌گه‌ری پاشه‌كشه‌ زیاد ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنه‌كان به‌هۆی به‌رزیی رێژه‌ی سووده‌وه‌، ده‌كه‌ونه‌ ژێر باری قورسی قه‌رزی بانکەکانەوە و مه‌ترسیی ئه‌وه‌یان لەلا دروست ده‌بێت کە توانای دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیان نه‌بێت، سه‌ره‌نجام وه‌به‌رهێنان كه‌متر دەبێتەوە، دیارە کەمبوونەوەی پڕۆژه‌کانیش واته‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌لی كار و خه‌رجییه‌كانی به‌كاربه‌ر و كۆمپانیاكان.
هۆكاره‌ سیاسی و داراییه‌كان ده‌توانن به‌شداربن له‌ كه‌وتنی ئابووریی ناوچه‌یه‌ك و ئاراسته‌كردنی به‌ره‌و پاشه‌كشه‌ی ئابووری، مامه‌ڵه‌ی حكومه‌تی عیراق لەگەڵ هه‌رێمی كوردستاندا بەنموونە، چونکە ئەگەر به‌غدا بەشە  بودجه‌ی دیاریكراو له‌كاتی خۆیدا بۆ هه‌رێم ره‌وانه‌ نەكات کە بە بیانووی جیاجیا دوای د‌ەخات و ئاسته‌نگی بۆ دروست ده‌كات، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ مووچه‌ی سێ مانگی ساڵی 2023ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نه‌درێت، كه‌ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر داهاتی فه‌رمانبه‌ران و كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و خوێندن و جموجۆڵی ئابووری و بازاڕ له ‌ناوچه‌كه‌دا دروستكردووه‌، به‌جۆرێك مه‌ترسییه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ پاشه‌كشه‌ی ئابووریی پلە بەپلەی لێبكه‌وێته‌وه‌. 
خاوبوونه‌وه‌ی چالاكیی بازرگانی و كه‌مبوونه‌وه‌ی توانای كڕین لای به‌كاربه‌ر له‌یه‌ك كاتی دیاریكراودا، ده‌بێته‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی نه‌رێنی وه‌ك: به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری و سستبوونی چالاكیی بازرگانی و پچڕانی زنجیره‌ی دابینكردن و توندبوونەوەی قه‌یرانی دارایی.

وتارەکانی نوسەر