گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی

09:48 - 2024-10-23
هاشم غەمگین
176 خوێندراوەتەوە

هاشم غەمگین


لە رابردوودا چەندین بنەما و قۆناغی ستراتیجی بۆ پیشەسازیکردن بە تێپەڕبوونی کات پەیڕەوکراون، بە ئاستی سەرکەوتنی جیاواز، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و جیهانگیری و پەیدابوونی کەرەستە و ئامێری زیرەک، ئێستا رەوتی پیشەسازی بە قۆناغێکی نموونەیی و زانستیدا دەڕوات و بە شێوەیەکی گشتگیر گەشەی کردووە.
لە هەرێمی کوردستان ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ کەرتی پیشەسازی بکەین، بەراورد بە وڵاتانی پێشکەوتوو لە ئاستێکی لاوازدایە، بە تایبەتی لە بواری پیشەسازیی خۆراکدا، ئەوەتا پسکیت، نەستەلە، شۆکۆلاتە و ..هتد، کە سادەترین پیشەسازیی بەرهەمهێنانن، سۆپەرمارکێت و فرۆشگەکانی ئێمەی نوغرۆکردووە، هەر یەک لەو بەرهەمانە ئەگەر کارگەکانیان لە وڵاتی خۆمان بێت، دەبێتە هۆی رەخساندنی چەندین هەلیکار، 

 

بۆ سەرکەوتنی پیشەسازی لەهەر وڵاتێکدا دەبێت کاری کارگەکان بە کەسانی چوست و چالاک و راهێنراو و تەکنۆکرات بسپێردرێت، تا توانای راییکردنی کارەکان و پێشخستنی کارگەکەی هەبێت


سوودەکانی پیشەسازی

1- پیشەسازی دەبێتە هۆی هاتنەئارای بەرهەمهێنانی هەمەجۆر و کوالێتی بەرز و جێی دڵنیایی.
2- ئاسایشی خۆراک بۆ هاووڵاتیان مسۆگەر دەکات و لە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دەیانپارێزێت.
3- پڕکردنەوەی خواست و داواکاریی هاووڵاتیان و جوڵاندنی بازاڕی کار.
4- رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ بێکاران
بۆ سەرکەوتنی پیشەسازی لەهەر وڵاتێکدا دەبێت کاری کارگەکان بە کەسانی چوست و چالاک و راهێنراو و تەکنۆکرات بسپێردرێت، تا توانای راییکردنی کارەکان و پێشخستنی کارگەکەی هەبێت، کرێکار و کارمەندەکانیش دەبێت بە شێوەیەکی پاکوخاوێن کاڵاو شمەکەکان ئامادە بکەن و جلوبەرگی سەلامەتی و یونیفۆڕم بپۆشن.
سەرجەم کرێکار و کارمەندانی کارگەکان لەهەر بوارێکی پیشەسازیدا، بەبێ راهێنان و پەیداکردنی شارەزایی نابێت دەست بۆ هیچ کارێکی پیشەسازی و بەرهەمهێنان ببەن، بۆ ئەوەی بە دوور بن لە زیان و بەرهەمەکانیش بە زانستی و کوالێتی و نموونەیی ئامادە بکرێن، هەروەها دەبێت هەموو کارگەیەک ناو و لۆگۆ و هێمای تایبەتی خۆی هەبێت، بۆ ئەوەی سەنگ و پێگەی بەرهەمەکانی لای خەڵک ناسراوبن.

سەلامەتیی شوێنی کار

بۆ پاراستنی سەلامەتی لە هەر کارگەیەکدا، دەبێ سیستمی بەڕێوەبردنی سەلامەتی و ژینگە دابنرێت بۆ بەهێزکردنی خۆپاراستن لە پیسبوون و کەمکردنەوەی کاریگەرییە مەترسیدارەکان، هەروەها لە کاتی مۆڵەتدان بە هەر کارگەیەکی پیشەسازیدا هەڵسەنگاندن و کۆنتڕۆڵکردنی مەترسی، بۆ رێگریکردن لە زیان و مەترسییە تەندروستییەکان گرنگ و پێویستن.
لەدامەزراندن و دروستکردنی کارگەکانیشدا دەبێت زەوی لەبار و گونجاویان بۆ دابین بکرێت، بە جۆرێک دوور لە ئاوەدانی و یەکەی نیشتەجێبوونەکان بێت و رێگاوبانی گونجاویشی هەبێت بۆ ئاسانکاریی لە گواستنەوەی بەرهەمەکاندا.

وتارەکانی نوسەر