هـێزی نه‌رم 4

مەل بە باڵێ نافڕێ

10:32 - 2024-02-26
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
509 خوێندراوەتەوە

كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د 


ساڵانێکە نووسەران و بیرمەندان لەفیکری ئەوەدان و دەیانەوێت لە پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان ژن و پیاو تێبگەن و چارەسەر بۆ کێشە ئەزەلییەکانی نێوانیان بدۆزنەوە مانایەک بۆ ئالوودەبوونیان بە یەکتر بدۆزنەوە تا بزانن بۆچی ئەم دوو بوونەوەرە بەبێ یەکتر ناتوانن بژین و بەیەکیشەوە ژیانیان ئاسان و بێ گیر و گرفت نییە، یەکێک لە بەناوبانگترین کتێبەکانی ئەو بوارە جۆن گرەی نوسیوویەتی بەناونیشانی «پیاوان لە مەریخەوە ھاتوون، ژنانیش لە ڤینۆسەوە»  کە ساڵی 1992 بڵاویکردۆتەوە و کێشە باوەکانی نێوان ژنان و پیاوان دەستنیشان دەکات و دەڵێت زۆربەی ئەم کێشانە لە جیاوازی دەروونیی نێوان رەگەزی ژن و پیاوەوە سەرچاوەیان گرتووە، چونکە وەک ئەوە وایە ژن لە ئەستێرەی ڤینۆسەوە واتە ئەستێرەی خۆشەویستی و سۆزەوە، پیاویش لە ئەستێرەی مەریخەوە هاتبن کە مەریخ بەپێی ئەفسانە کۆنەکان ئەستێرەی شەڕ و ململانێکانە. واتە ژن و پیاو لە بنەڕەتەوە سەربە دوو ژینگەی دەروونیی جیاوازن و لەسەر زەویی یەکیان گرتووە و زۆربەیان بەهۆی عەقدێکەوە ژیانیان بەیەکەوە تا هەتا هەتایە گرێداوە، بەڵام کێشە و لێک تێنەگەشتنەکانیان بەردەوام دەبێت و پێویستە بە سەبر و حیکمەتی خۆیان چارەسەری بکەن، هەندێجاریش خێزانەکان بەهۆی هەبوونی منداڵ و قسەی خەڵک یان کۆمەڵگەوە هەردوولا بەرگەی ژیان لەگەڵ یەکتردا درێژە پێدەدەن هەشیانە ئەو عەقدە ئەرزی و ئاسمانییە لە چرکەیەکدا هەڵدەوەشێنێتەوە و گوێ بە دەرئەنجامەکانی نادات. بیرکردنەوەکەی جۆن گرەی هەوڵدانە بۆ دڵنیاکردنەوەی هەردوو رەگەز لەوەی هۆکاری جیاوازیی نێوان ژن و پیاو ئەو ژینگە دەروونییە جیاوازەیە کە هەریەکەیان ئینتیمایان بۆی هەیە و سەنتەر و بنەمای ژیان و باوەڕەکانیانە. بەڕای من هاو بۆچوونەکانم ئەگەر ژن و پیاو هەمان دیدگە و ئامانجی هاوبەشیان هەبوو، ئەوا خەباتێکی هاوبەش لە پێناویدا دەکەن، ئیدی جیاوازییەکانی نێوانیان بە جۆرێک کەمدەبنەوە کە بە زەحمەت هەستیان پێ دەکرێت. هەروەک چۆن فایەق بێکەس لە شیعری داری ئازادی دا لە خەسڵەتی حەزکردن بە باڵادەستیی پیاو دەخاتەلاوە، وەک هەر ئازادیخوازێ ئامانجێکی وەک یەکی نێر و مێ کە تێکۆشانە لەپێناوی نیشتماندا دەکاتە خاڵی هاوبەش و دەڵێت:
نێر و مێ هەردوو بەجووتە بۆ وەتەن هەوڵێ نەدەن
دوورە دەرچوونی لە دیلی، مەل بە باڵێ نافڕێ.
هەوڵی راستی هەردوو لا ئامانجی میللەت سەر ئەخا
چونکە مەعلوومە بەیەک دەست چەپڵە قەت لێ نادرێ.

ئەمە لەکاتێکدایە کە یەکێ لە کێشەکانی ژنانی ئەو سەردەمەی ئەو شیعرەی تێدا نووسراوە ئەوە بووە، پیاوەکان بەمجۆرەی ناو ئەم دێڕە شیعرە یەکسانیخواز و مافپەروەرانەیە بۆ ژنیان نەڕوانیووە. 
لەوانەیشە ئێستایش هەندێکیان بەوجۆرە بۆینەڕوانن.

وتارەکانی نوسەر