زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

جیاوازیی کولتووری

03:02 - 2024-05-16
د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
707 خوێندراوەتەوە

جیاوازیی کولتووری، یان جیاوازیی رۆشنبیری Cultural Difference یەکێکە لە زاراوە سەرەکییەکانی رەخنەی رۆشنبیری کە جەخت لە لایەنی "پۆزەتیڤ"ی  چەمکی جیاوازی دەکاتەوە، بەپێچەوانەی چەمکی "ناکۆکی" کە پتر مانایەکی "نێگەتیڤ"ی هەڵگرتووە، لێرەدا جیاوازی بریتییە لە هەمەڕەنگی و فرەیی و پێشکەوتن، کەچی ناکۆکی بریتییە لە دژیەکی و دژبوونی نێوان دوو شت یان دوو رەنگ یان دوو ئایدیۆلۆجیا، بۆ نموونە رەش و سپی دوو رەنگی ناکۆکن، بەڵام تۆناتی رەنگی شین بریتییە لە جیاوازی لە یەک رەنگدا، ئامانجی جیاوازی بریتییە لە بەرەوپێشبردن لەرێگەی هەمەچەشنییەوە، کەچی ناکۆکی زۆرجار دەبێتە مایەی تێکدان و شێواندن و نەگەیشتن بە ئەنجام. زاراوەی جیاوازی Different رۆڵێکی گەورە و دیاری لە لێکۆڵینەوە رۆشنبیرییەکاندا هەیە کە زۆرجار لەتەک شوناسدا بەراورد دەکرێت، بۆیە دەگوترێت شوناس و جیاوازی هاوتەریبی یەکدین، واتە شوناس هەم خۆی بریتییە لە هەمەرەنگی و فرەیی، هەم بەمانای هەمەرەنگی و فرەییش دێت.
یەکێک لە فاکتەرەکانی دروستبوونی جیاوازیی کولتووری بریتییە لە زمان، بەڵام پرۆسەی وەرگێڕان، لە چەرخی رێنیسانسەوە، بوو بە فاکتەرێکی گرنگ لە دروستکردنی پردی پەیوەندیی نێوان کولتووری گەلان و لەیەکدی تێگەیشتن و ناسینی کولتووری جیاواز، ئەمانە بەسەر یەکەوە جیاوازیی کولتوورییان وەک فرەیی کولتووری جیهانیی دەوڵەمەند ناساند. 

 

یەکێک لە فاکتەرەکانی دروستبوونی جیاوازیی کولتووری بریتییە لە زمان، بەڵام پرۆسەی وەرگێڕان، لە چەرخی رێنیسانسەوە، بوو بە فاکتەرێکی گرنگ لە دروستکردنی پردی پەیوەندیی نێوان کولتووری گەلان و لەیەکدی تێگەیشتن و ناسینی کولتووری جیاواز، ئەمانە بەسەر یەکەوە جیاوازیی کولتوورییان وەک فرەیی کولتووری جیهانیی دەوڵەمەند ناساند

 

جیاوازیی کولتووری لە نیوەی دووەمی شەستەکانی سەدەی بیستەم بەدواوە بووە بەکلیلێکی زاراوەیی گرنگ بۆ لێکۆڵینەوە لە کولتوورەکان و شوناسەکان، ئەم تێگەیشتنە لە کولتوور و شوناس بوو بە پرەنسیپێکی سەرەکی لەلای ژمارەیەکی زۆری بیرمەندان و ئەنترۆپۆلۆژیستەکان کە راستەوخۆ رەخنەیان ئاراستەی پرەنسیپی ئۆرۆسێنترالیزم دەگرت، بەو پێیەی نابێت کولتووری ئەوروپی و خۆرئاوایی ببێت بە کولتووری سێنترال، چونکە لە خۆرهەڵات و وڵاتانی ئاسیادا، بێشومار کولتووری جیاواز و هەمەرەنگ هەن کە بەشدارن لە بەرەوپێشبردنی کولتوورێکی کۆسمۆپۆلیتی، ئەم بیرکردنەوەیە هەر لە شەستەکان و دەیەکانی دواتردا دەگاتە نێو بیرکردنەوەی سیاسی و بەسشێک لە سیاسەتمەدارانیش کە بەهۆیەوە ژمارەیەک بزاوتی کۆمەڵایەتی و رێکخراوی مرۆڤدۆستی سەرهەڵدەدەن و داکۆکی لە جیاوازیی کولتووری و فرەیی شوناس دەکەن، ئەو رێکخراو و بزاوتانە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا بەئەندازەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و سەرجەمیان داکۆکی لە قبوڵکردنی جیاوازی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکەن، یەکێک لە دروشمەکانیان بریتییە لە مافی جیاوازی و پرۆسەکردنی جیاوازبوون، بەتایبەتی لە ئاستی کولتووری و ئیتنیکی و جێندەری و ئاینیشدا.
زاراوەی جیاوازیی کولتووری هۆشیاریمان بەرەو ئەو شوناس و هێما و تایبەتمەندییە کولتوورییانە دەبات کە گونجانێک لەنێوانیاندا هەیە بە ئاراستەی دۆستایەتی و هیومانیستی نەک بە ئاراستەی هەڵگرتنی بوغز و کینە بەرامبەر بە کولتوورە جیاوازەکان. شوناسی هەر کولتوورێک لەمیانی جیاوازبوونیەوە دیاری دەکرێت، جیاوازیی کولتووری هەمیشە کراوەیە بۆ پەیوەندی و گونجان و پێکەوە هەڵکردن.

وتارەکانی نوسەر