حزبی سیاسی وەک رێکخراوێکی کۆمەڵایەتی، ی.ن.ک بەنموونە

10:10 - 2024-06-01
بڵێسە جەبار فەرمان
173 خوێندراوەتەوە

حزبی سیاسی، رێکخراوێکی کۆمەڵایەتیيە لەسەر بنەما و ئامانجی هاوبەش، بەمەبەستی گەیشتن بە دەسەڵات. ‎ئەمە یەکێکە لە پێناسەکان بۆ حزب دەکرێت ‎حزب و بەرنامە سیاسیەکەی لەسەر بنەمای هەندێک بەها دادەمەزرێن و ‎تێکڕاي حزبە سیاسییەکانی جیهان خۆیان لە چەند جۆرێکدا دەبیننەوە.

‎یەکێتی لە هاتنە دنیای سیاسەتەوە لە کوردستانی عیراق، بناغەی فرەیی سیاسی داهێنا

‎ئایدیۆلۆژیا سیاسییە بنچینەییەکانی  حزب بریتین لە:
‎-حزبە نەتەوەییەکان، ئەمجۆرە حزبە جەخت لەسەر نەتەوە و ئیتنیکێکی تایبەت دەکاتەوە. پاراستن و باڵادەستی نەتەوەیی دەکاتە ئامانجی سەرەکيی خۆی. ئەم جۆرە حزبە نەتەوەییانە لە هەموو جیهاندا هەن، نموونەی ئەمجۆرە حزبانە زۆرن، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە «تەجریم»کردنی نازییەکان و فیکری نەتەوەیی،وایکرد بۆ ماوەی چەند دەیەیەک ئەمجۆرە حزبانە نشوستی زۆریان بە خۆیانەوە بینی.
‎ماوەی چەند ساڵێکە ئایدیۆلۆژیای نەتەوەپەرستی لە تێکڕای جیهان و بەتایبەتی لە ئەوروپادا سەریهەڵداوەتەوە و ئەو حزبانەی خاوەنی ئەم ئایدیۆلۆژیایەن لە پەرەسەندن و بەهێزبووندان.
‎-حزبی لیبراڵیزم، ئەمجۆرە حزبانە جەخت لەسەر ئازادیی رەها دەکەنەوە بەبێ گوێدانە هەندێک بەهای کۆمەڵایەتی و دابونەریتی کۆمەڵگە. ساڵانێک لیبراڵیزم بنەمای سەرەکیی زۆرێک لە حزبەکان بوو، بەڵام بە تێپەربوونی کات دژایەتیی زۆریان بۆ پەیدابووە. زۆرێک لەو بڕوایەدان کە تێکدانی بەها سەرەکییەکانی کۆمەڵگە (خێزان) بۆ لیبراڵیزم، دەگەڕێتەوە.
 ‎-حزبی سۆسیالیست، ئەمجۆرە حزبانە جەخت لە یەکسانی دەکەنەوە لەگەڵ نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی و پێدانی چانس و هەلی یەکسان بۆ هەموو تاکێک.
‎-حزبە تەقلیدییەکان، ئەمجۆرە حزبانە جەخت لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان دەکەنەوە و گرنگی بەردەوامییانە.
‎-حزبە ئاینییەکان، ئەم حزبانە کار بۆ باڵادەستی و پەرەسەندنی  ئاینی و عەقیدەیی دەکەنەوە، لە ساڵانی پەنجا و شەستەکاندا حزب و بیروباوەڕی ئایینی لە پاشەکشەدا بوو، بەجۆرێک کە لە زۆرێک لە وڵاتاندا پیادەکردنی سرووتی ئایینی قەدەغەبوو، بەڵام بەهەمان شێوەی حزبە نەتەوەییەکان، حزبە ئاینییەکانیش لە ساڵانی رابردووەوە دووبارە روو لە سەرهەڵدانەوەن. هەروەها جەماوەر و ئەندامانی ئەم حزبانە جیاکراونەتەوە لەنێوان پارتی نوخبەیی و پارتی جەماوەرییدا.

‎حزبی کادر یان نوخبە؟
‎جۆرێکە لە حزبی سیاسی کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا، پێش هێنانەکایەی مافی دەنگدان باڵادەستبوون، لە کۆمەڵێک تاک یان نوخبەی سیاسی پێکهاتبوون.
‎زانای سیاسیی فەرەنسی مارسێل دوڤێرگەر بۆ یەکەمجار جیاوازیی لە نێوان حزبەکانی “کادر” و “جەماوەری”دا کرد، جیاکارییەکەی لەسەر بنەمای جیاوازیی چینایەتی ئەندامەکان بوو.
‎حزبە کادرییەکان مینیمالیستین، ئەولەویەتێکی ئەوتۆ بە فراوانکردنی بنکەی ئەندامێتی حزب نادەن.

‎حزبی جەماوەرییەکان
‎جۆرێکە لە حزبی سیاسی کە خۆی لە  چەندین توێژی کۆمەڵگەدا دەبینێتەوە و هاووڵاتی ئاسایی یان «جەماوەر» لە پرۆسەی سیاسیدا کۆدەکاتەوە. دیارترینی حزبە جەماوەرییەکان، حزبی کرێکاری بوو کە دواتر پەرەیانسەند و بوون بە پارتی سۆسیالیست. نموونەی ئەمەش پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیایە، ئەم حزبانە نوێنەرایەتی گروپە گەورەکانی هاووڵاتیان دەکرد، کە پێشتر نوێنەرایەتییان لە پرۆسەی سیاسیدا نەبوو.
‎بەپێچەوانەی پارتە کادرییەکان، پارتە جەماوەرییەکان پشت بە بنکەیەکی گەورەی ئەندامێتی دەبەستن و دەیپارێزن، جگە لەوەش حزبە جەماوەرییەکان کۆکردنەوەی دەنگدەران لە پێشینەی کارەکانیان دادەنێن و زیاتر لە پارتە کادرییەکان مەرکەزین.
‎لە کوردستانیشدا حزبی جۆراوجۆر هەیە ئایدیۆلۆژیا و روئیایان جیایە، بەڵام لەناو هەموو حزبەکاندا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  ئەدگاری جیاوازی هەیە کە هەموو رەنگ و ئایدیاکان خۆی تێدا دەدۆزێتەوە، ئەمەش وای لێدەکات بە رێکخراوی کۆمەڵانی خەڵک بە گشتی پێناسە بکرێت. 
یەکێتی چەترە گەورەکەی سیاسەتە، بە واتایەکی تر یەکێتی رێکخراوی چەپکە گوڵە.
‎بە دیراسەکردنی بیری کادرەکانی یەکێتی لە چەپ و لە راست بۆت دەردەکەوێ بێبنەما نییە ئەو هەموو گفتوگۆ سیاسی و فکرییەی لە منداڵدان و هەناوی ئەم رێکخراوە کوردستانییەدا چۆن گینگڵی خواردووە.
‎یەکێتی حزبێکی جەماوەرییە، زمانی گوتاری هەردەم ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵک کردووە. لە بنەڕەتدا پشتبەستنی بەخەڵک لەسەر بنەما ئاسۆییەکەی کۆمەڵگە وایلێکردووە زمانی پەیام و ئاراستەی سیاسەتی گشتگیر و چەترانە بێت.
‎ئایین لای یەکێتی رێزلێگیراوە، بیری چەپ رێزلێگیراوە، وەکو چۆن خۆی سۆسیال دیموکراتە، ئایدیاکانی تر جگە لە چەمکەکانی پۆپۆلیستی و دیکتاتۆری و توندڕەوی، هەمووی وەک چڵێک لە باخچەی فرەیی سیاسی دەبینێت و ‎ئەم تێڕوانینانە بوونەتە ئەنگێزەی هەڵگری ماناکانی چەتربوون بۆ گشت.
‎لە دۆخی ئاسایی و دۆخی ناوازەشدا یەکێتی و کادرەکانی لە دایلۆگ و دەربڕینی جیاوازیدا هەر جوانییەکانی ئەم فرەڕەنگییەی تێدا رەنگی داوەتەوە.
‎یەکێتی لە هاتنەدنیای سیاسەتەوە لە کوردستانی عیراق، بنەچەی قبووڵی فرەیی سیاسی داهێنا، ئەمە لە سەردەمی شاخ و لە سەردەمی شاریش کە بانگەوازی دەستپێکردنی خەباتی پەرلەمانی و حوکمی قانوونی کرد لە دوای ئازادیی بەشێکی کوردستان. ئەم کارەکتەرانە هۆکاری بەردەوامبوونی یەکێتیین. کەمیشن ئەو حزبانەی بتوانن چەند دەیەیەک هەبن و نەتوێنەوە و هەڵنەوەشێنەوە. 
یەکێتی بە بوونی ئەو فرەڕەهەندییە بۆ چەندین دەیەی تریش دەمێنێت و سەفین ئاسا لەبن نایەت.

وتارەکانی نوسەر