لە یادی 49 ساڵەی یەکێتیدا، رەخنە و پێشنیار

09:52 - 2024-06-02
وتار
315 خوێندراوەتەوە

هێدی گەڵاڵی
(درەخت به موتوربە و برینداركردنی گەشە دەکات حزبيش به رەخنەگرتن لێی پێش دەکەوێت).
وێڕای پیرۆزباییم بۆ هەمو یەكێتییەک بێ جیاوازی، راستیەک هەیە بۆ یار و نەیاری دەخەمەڕوو، ئەویش ئەوەیە کە؛ ئەو فەزای ئازادی و نەفەسی قسەکردنەی لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا لەو هەرێمەدا ماوە، هۆکارەکەی بۆ بوونی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەگەڕێتەوە کە هاوسەنگی هێز و پێگەی سیاسی راگرتووە، پشکی شێریش لە راگرتنی ئەو هاوسەنگی و بە زیندوو هێشتنەوەیەی حزب بەر جەماوەرە دڵسۆز و بەئەمەکەکەی دەکەوێت. 

نیگەرانی و راڕایی بنكە جەماوەرییەكەی بڕەوێنرێتەوە و هەڵوێست و قسەکانیان بەهەند وەربگیرێت، یەكێتیش خاوەن بڕیاری خۆی بێت لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمدا


لە پێناو یەكێتی ناو یەكێتیدا
با یادی 49  ساڵەی (ی.ن.ك) هەر سڵاو پیاهەڵدان نەبێ، ئیتر پێویستە لەمەودوا لە پێناو یەكێتی ناو یەكێتی و گەڕانەوەی رۆڵ و كاریگەری بڕیاڕی سیاسی یەكێتیدا  كار و خەباتی ئێستای سەردەمیانە و گونجان لەگەڵ واقیع  و دەستگرتن بە بنکەی جەماوەری، بەردەوامی پێبدرێت و چەپکە گوڵەکە بپارێزین نەک بە دیاریەوە خەومان لێبکەوێت، هەمووش دەزانین کە سەروەرییەکانی یەکێتی و بەخشینی خوێن هێند زۆرن، دەریا ئاسان لە باسکردن نایەت، بەڵام مرۆڤ دەبێ لەگەڵ ئێستا و واقیع زیندوو مامەڵە بکات نەک بە بەردەوامی لەگەڵ رابردوو بژێت و لە رابردوودا بمێنێتەوە.
ئەو خاڵانەی خوارەوە، وەك پێشنیار دەخەمەڕوو بۆ بەردەم سەركردایەتی و خوشک و برایانی لوتکەی دەسەڵاتی حزب، لە پێناو تۆکمەبوونی جەستە و رۆحی یەکێتی و مانەوەی بۆ هەمیشە بە زیندویی:
1- چارەسەری بنەڕەتی كێشە ناوخۆییەكانی ناو یەكێتی بكرێت و واز لە بەنجکردنی جەستەی حزب بێنن، نەشتەرگەری سەرکەوتوو بکەن بۆ چاکبوونەوە و هێنانەوەی هەموو ئەوانەی زویربوون یا بەهەر هۆکارێک دانیشتوون! چارەسەری جددی بدۆزرێتەوە نەک پينە و پەڕۆکردن!
2-نیگەرانی و راڕایی بنكە جەماوەریەكەی بڕەوێنرێتەوە وهەڵوێست و قسەکانیان بەهەند وەربگیرێت، یەكێتیش خاوەن بڕیاری خۆی بێت لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمدا.
3-  چيتر پەراوێزبوون قبوڵ نەکرێت، لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانی و سياسەتی رۆژ لە ناوەوە و دەرەوە له كارە کارگێڕی و سياسی و پەيوەندییە گشتیەکاندا.
4-وازهێنان لە دەستەگەری و گروپگەرایی و ناوچەگەرێتی و بنەماڵەیی؛ بە راستی و بە واقيعی پەیڕەوی سۆسیال ديموكرات بکرێت  و يەکدەنگی و خاوەندارێتی یەک سەرچاوەی بڕیار پەیڕەو بكرێت، هەرچەندە لە ئێستادا یەکێتی خاوەن بڕیاری خۆیەتی لە کۆی پرسەکاندا.
5- کاراكردنەوەی رێکەوتنی دەباشان لەگەڵ برادەران و هەڤاڵانی (گۆڕانی کۆن)، ئەوانەی لە گۆڕانی ناو حکومەت زویرن، چونکە هەرچی پێشمەرگە و كادر و ئەندام و دۆست و لایەنگرانی حزبە له و روەوە كۆک  و خۆشحاڵ دەبن، بەو پێیەی کە زۆرینەیان نیشتەجێی قەڵەمڕەوی یەکێتین.
6-گرنگی بە عەقڵی زانستی، پەروەردەیی،  میدیایی بدرێت.
کەرکوکییەکان
لە دامەزراندن بێبەش نەکرێن
7- بەو پێیەی کە یەکێتی لەڕووی جەماوەرییەوە،  خاوەندارێتی کەرکوک دەکات و لە ئێستاشدا کە دۆخێکی نا رۆشن و نادیار لەڕووی سیاسیی و کارگێڕییەوە بەرۆکی کەرکوکیی گرتووە، بۆیە پێویستە کوردانی ئەو شارە لە مافی دامەزراندن و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بێبەش نەکرێن و مافی جوتیاری کورد و  خاوەنداری موڵکایەتیان بۆ بگەڕێتەوە و چارەسەری بنەڕەتیان بۆ بکرێت.
8- هەڵسەنگاندن لە کۆی کار و چالاکیەکانی ئۆرگانەکان بکرێت لەسەر بنەمای ماف و سزا.
9-پتەوکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ حزبە کوردستانیەکان و عیراق و وڵاتانی دەرەوە.
10-  شۆڕبوونەوە ناو خەڵکی هەژار و یارمەتیدانیان و جێبەجێکردنی داواکانیان بە تایبەتیش ئەو خەڵکانەی بەجۆرێک لە جۆرەکان قوربانیان داوە.

وتارەکانی نوسەر