سەرەقەڵەمێك لە سەر خوێندنی پیشەیی و تەكنیكی لە کۆماری چینی میللی

12:11 - 2024-08-25
وتار
213 خوێندراوەتەوە

پ.ی. محەمەد عەبدولكەریم وەهاب

 یەكێك لە رەگەزەكانی پێشكەوتنی هەر وڵاتێك بریتییە لە كواڵیتی و ئاستی سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەو وڵاتە و رادەی جێبەجێكردنی ئەو سیستمەیە بەپێی پێشكەوتنی سەردەم و بەكارهێنانی كەرەستە نوێیەكانی فێركردن.
سیستمی خوێندنی پیشەیی
دیارە سیستمی خوێندنی پیشەیی و تەكنیكی و راهێنانی پراكتیكی (TVET)  خوێندنێكە، تێیدا گرنگی تەواو دەدرێت بە بەهرەو تواناو كاری دەستیی و پراكتیكی و وەرگرتنی سكیڵی تایبەت لە لایەن خوێندكارەوە لە پسپۆرییە جیاوازەكاندا،  ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ وەرگرتنی زانستی تیۆریی و نۆڵج لە دوو ساڵ یان چوار ساڵی خوێندندا و بەستنەوەی ئەم جۆرە خوێندنەیە بە بازاڕی كارەوەو رەخساندنی هەلی كاری دڵنیاییە بۆ دەرچووان. 
چەمکی خوێندنی پیشەیی و تەكنیكی كە لە چوارچێوەی خوێندنی پۆلیتەكنیكدایە، جیاوازە لە خوێندنی زانكۆ ئەكادیمییەكان و ئەم راستییە دەبێت هەموو پێی ئاشنا بن و جودا بكرێنەوە لە رووی رێنمایی كارگێڕیی و زانستی، رێنمایی دارایی، كوریكولەم، سیڵیبەس، پاشانیش لەڕووی جێبەجێكردنەوە و ئەمە بە كردار لە وڵاتی چین سەلمێنراوە و بەرهەمدارە و ئەو وڵاتە شانازی پێوە دەكات. 
سیستمی خوێندنی پیشەیی و تەكنیكی لە چین
سیستمی خوێندنی پیشەیی و تەكنیكی لە چین، یەكێكە لە سیستمە زۆر پێشكەوتووەكان و پلەیەكی باڵای بڕیووە و گەیشتووەتە ئاستێكی چاوەڕواننەكراو و كاریگەرییەكی بەرچاوی كردووەتە سەر گەشەكردن و پێشكەوتنی تەواوی كەرتەكانی ئابووریی و بازرگانی و دارایی و كشتوكاڵ و تەكنۆلۆجیای زانیاریی و ئەلیكترۆنییات و گواستنەوەو گەیاندن و تەندروستی و بیناسازی تەواوی بوارەكانی تر. لە ئێستادا 30.88 ملیون فێرخواز لە خوێندنی تەكنیكی و پیشەییدان و لە 11.3 هەزار ناوەندی ئەكادیمی و پیشەیی دەخوێنن و  ساڵانە نزیكەی 10 ملیون خوێندكار بڕوانامەی تەكنیكی و پیشەیی لە بوارو پسپۆرییە جیاوازەكاندا وەردەگرن.
 لەم سیستمی خوێندنەدا لە پاڵ خوێندنی وانە تیۆرییەكان و وەرگرتنی نۆڵجدا، بایەخێكی ئیجگار دراوەتە خوێندنی پراكتیكی كە تێیدا خوێندكار راستەوخۆ و بەردەوام لە جێبەجێكردنی وانە تێۆرییەكاندایە لە ناو تاقیگە و وەرشە و ۆركپلەیس و مەرسەم و شوێنی كاری تایبەتدا،  سەرەڕای كاری پراكتیكی و دەستی و بەكارهێنانی ئامێرەكانی بواری هەر پسپۆرییەك شێوازی وانەوتنەوە   لەم سیستمەدا شێوازێكی تەواو پێشكەوتووە  و هەموو ئامڕازەكانی وانەوتنەوە بەكاردەهێنن كە نوێترینیان ڤێرچواڵ ریالیتیە (Virtual reality). 
لەراستیدا سیستمی خوێندنی پۆلیتەكنیك و پیشەیی و تەكنیكی لە سیستمی چیندا پرۆگرام و كوریكولەم و سیڵیبەسی تایبەتی خۆی هەیە و  پەیام و دید و تێڕوانینی خۆی بۆ دانراوە و بەردەوام كاری لەسەر دەكرێت و ئەپدەیت و ریفۆرم دەكرێت، بەپێی پێویستی كاری بازاڕ و دەستی كار و پێشكەوتنەكانی سەردەم و تەكنۆلۆجیا و ئامێر و كەرەستە نوێیەكان. 
 ئەوەش دەبێت بوترێت كە لامەركەزییەت لە سیستمی ئەم تایپەی خوێندن لە چین، تاڕادەیەكی بەرچاو رەنگی داوەتەوە و دەسەڵاتی زۆر دراوەتە حكومەتی خۆجێی و كەرتی تایبەت بە هاوكاری ستافی زانستی و كارگێڕیی و دڵنیایی جۆری زانكۆ و كۆلێجەكان  لە كردنەوەو ئیدارەدان و لایەنی دارایی و زانستی بەشەكانی پەیمانگاو كۆلێجەكان و تێیدا، كەرتی تایبەت رۆڵێكی دیار دەبینن و بەردەوامی بەم سیستمە دەدەن و پشكی دارایی و زانستیشیان هەیە و كاری بەردەوام دەكەن، لە بەردەوامی و پێشخستنی زانكۆكان و دەبنە فاكتەرێكی كارا لە بونیادنان و ئاوەدانی وڵات. هەروەها ئاسانكاری دەكرێت بۆ ئەم كەرتە تایبەتانە لە رووی كەمكردنەوەی باج و رسومات و پێدانی زەوی بۆ كارگە و شوێنی كاریان تاكو دەستگیرۆیی دەزگا ئەكادیمی و ناوەندە زانستییەكان بكەن. 
بە مەبەستی تەواوكردنی پێویستی كەرتی تایبەت بە پسپۆری دەستی كار تێیدا، رێژەیەك لە سیستمی وەرگرتنی خوێندكار لە بەشەكانی زانكۆ بەپێی داواكاریی و خواستی ئەم كەرتانە دەبێت وەكو كەرتی گەشتیاریی و كۆمپانیا و كارگەكان، راستەوخۆش دادەمەزرێن لەو كۆمپانیا و كارگانە.

 

لە ئێستادا 30.88 ملیون فێرخواز لە خوێندنی تەكنیكی و پیشەییدان و لە 11.3 هەزار ناوەندی ئەكادیمی و پیشەیی دەخوێنن و  ساڵانە نزیكەی 10 ملیون خوێندكار بڕوانامەی تەكنیكی و پیشەیی لە بوارو پسپۆرییە جیاوازەكاندا وەردەگرن

 

دەرئەنجامی ئەم سیستمە لە خوێندن دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی كادر و دەرچوویەكی كارای خاوەن سكیڵی پراكتیكی تایبەت و پسپۆر و دامەزراندنی هەلی كار بۆیان. هاوكات لەگەڵ خوێندنەكەیاندا خوێندكاران هاندەدرێن و هاوكاری دەكرێن،  لە بەرهەمهێنانی  كەرەستە و ئایتمی نوێ لە ناو تاقیگە و وەرشەكان و ۆركپلەیسەكاندا و داهاتەكەشی ساغدەكەنەوە (چ بە ئۆنلاین بێت یان ئۆفلاین) بۆ خۆیان و ئەمەش وەكو هاندانێك و ئەزمونێك.
ئەوەی جێی ئاماژە و بایەخپێدانە ئەوەیە، كە خوێندكار دەتوانێت خوێندنەكەی بگوازێتەوە لە سیستمی ئەكادیمی تیۆرییەوە بۆ سیستمی پیشەیی و تەكنیكی، هەروەها بە پێچەوانەشەوە بە پێی چەند پێوەرێكی زانستی و ئیداریی و خواستی خوێندكار و پێویستی ناوچەیی و وەرگرتنی چەند كۆرسێكی پەیوەستدار بۆ تەواوكاری هاوتاكردنی ئەو خوێندنەی هەڵیدەبژێرێت.   
لەم وڵاتەدا سیستمی خوێندنی پیشەیی و تەكنیكی لە قۆناغی ئامادەییەوە دەست پێدەكات، واتا لە پۆلی دەیەمەوە و بەم شێوەیە خوێندكار بناغەیەكی تۆكمە و باكگراوندێكی زانستی و سكیڵێكی هەم تیۆریی و هەمیش پراكتیكی بەدەست دەهێنێت، لە هەمانكاتیشدا و شانبەشانی هەموو قۆناغەكانی خوێندن، لینك و كۆنتاكتی لەگەڵ بازاڕ و كەرتی تایبەت و كارگە و پیشەسازیی و كۆمپانیاكاندا هەیە و پراكتیزەی خوێندنەكەی دەكات بەشێوەی مەیدانی. 
هەروەها هاوبەشیپێكردنی ئەندازیار و پسپۆرانی كۆمپانیا و كارگەكان (سێكتەری كەرتی تایبەت) لە وانەوتنەوەدا لە سەر ئاستی پراكتیكی و تیۆریدا و سوود وەرگرتن لە سكیڵ و لێهاتوویی و تواناكانیان و ئەم كۆمپانیا و كارگانەش، كەرەستە و ئایتم و ئامێرەكانی خۆیان، لە ناو تاقیگە و وەرشە و شوێنی كار و ئینترینشیپی بەش و كۆلێجەكانی پەیوەستدار دادەنێن، بە مەبەستی خوێندن و فێركردنی خوێندكار راستەوخۆ و  واقعییانە و سەردەمیانە.
 هەروەها لە كردنەوەی بەشی نوێدا لە پاڵ پسپۆرییە باو و كۆمۆنەكان گرنگی تایبەتیش دەدرێت بە پسپۆرییە وردەكانی تری پێویستی رۆژانەی بازاڕی كار. تەرخانكردنی پاڵپشتی دارایی بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی یەكێكی ترە لە پێشینەكانی ئەم سیستمی خوێندنە و تێدا بایەخ دەدرێت بە بەرەوپێشچوون و پاشانیش دەستنیشانكردنی كێشە و كەموكوورتییەكانی ئەم جۆرە خوێندنە پیشەیی و تەكنیكییانە.

*مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان

سەردانی یەکێک لە پەیمانگەکانی چین

وتارەکانی نوسەر