سا خوا لە دادپەروەریی دادگاكان بمانپارێزێت

10:37 - 2024-06-04
پ.د.شۆڕش حەسەن
238 خوێندراوەتەوە

پ.د.شۆرش حەسەن* 

  
 ئەو ناونیشانە قسەیەكی فەرەنسییەكانە لەسەر دەوری خراپی قەزا لەپێش شۆرشی فەرەنسا. 
ئێمەش ئەمرۆ لە عیراق و هەرێمی كوردستانیش دەبێ‌ هەمان داوا دووبارە بكەینەوە، لەبەر دۆخی خراپی دەسەڵاتی دادوەری، بەهۆی سەربەخۆ و بێلایەن نەبوونیەوە، چونكە ئەو دەسەڵاتە لە هەردولا بەهەمان شێوەی دوو دەسەڵاتەكەی تر بە پشك پشكێنەی تایەفی و حزبی پێكهێنراون، هەر بۆیەش لە ئەدای خۆیاندا ناتوانن پابەند بن بە سەروەریی یاساوە و كار بۆ بەرجەستەبوونی بكەن.

ئەوان دەڵێن دادگای فیدراڵی بۆی نییە
 ئەمە بابەتێكە قسە و توێژینەوەی زۆر هەڵدەگرێ‌، لەو ماوەیەدا بەهۆی كێشمە كێشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن  كە بەپێی مادەی(19/یەكەم)ی یاسای ژمارە(31)ی ساڵی2019 ی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی  هەڵبژاردنەكان، لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری باڵای عیراقەوە پێكهێنراوە. لە بڕیاری ژمارە (354/دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان/ 2024) یدا كە  لە 16/5/ 2024 دەریكردوە، راشكاوانە ئاماژە بەوە دەدا، دادگای باڵای فیدراڵی بۆی نییە سەیری ئەو سكاڵایانە بكات كە لەسەر یاسای ژمارە(1) ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی ساڵی 1991 و یاسای ژمارە(31)ی ساڵی2019 ی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەرزدەكرێنەوە، بۆیە هەر بڕیارێكی لەوبارەوە بەنەبوو (معدوم) دادەنرێ‌، وەك لەناوەرۆكی بڕیاری ئاماژەپێكراودا هاتووە. لەبەرانبەر ئەو هەڵوێستەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان، دادگای باڵای فیدراڵی، لە هەمان رۆژی دەرچوونی ئەو بڕیارە واتە 16/5/2024 روونكردنەوەیەكی لەپێگەی ئەلكترۆنی خۆیدا بڵاوكردەوە، تیایدا جەختی لەوە كردەوە كە بەپێی مادەی(93/یەكەم) لە دەستوری عیراق، یەكلاكردنەوەی دەستوریبوونی ئەو یاسایانەی تایبەت بە هەڵبژاردنن، لە ئیختساسی خۆیەتی، وەك وەڵامێكی یاسایی بۆ بڕیاری سەرەوەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان.

بەپێی مادەی(94) ی دەستوور، دادگای فیدراڵی، بڕیارەكانی بنبڕ و كۆتایین و هەموو دەسەڵاتەكان و كەسەكان دەبێ‌ پێوەی پابەند بن

 

بڕیارەکان رەتدەکەنەوە
 ئەمجارەیان دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی(محكمة تمییز الإتحادیة) بڕیارێكیان دەركردووە بە ژمارە
( 4/ دەستەی گشتی/2024) لە 29/5/2024، تیایدا ئەوانیش بڕیارێكی دادگای فیدراڵی باڵا بە ژمارە (102/فیدراڵی/2024) لە رۆژی 15/4/2024 یان بەنەبوو (معدوم) داناوە بەو هۆیەی دادگای فیدراڵی هاتووە هەمواری دەقی مادەی( 35/چوارەم/أ/ 4) لە یاسای خانەنشینی ژمارە(9)ساڵی 2014 كردووە، كە سكاڵا لەسەر دەستووری نەبوونی بەرزكراوەتەوە، بەمەش دادگا جێگەی یاسادانەری گرتۆتەوە، ئەو كارەش لە دەرەوەی ئیختساسەكانی دادگای فیدراڵییە بە تێروانینی دەستەی گشتی، بۆیە ئەو دەستەیە لە ناوەرۆكی بڕیارەكەیاندا بڕیاری داگای فیدراڵی ئاماژەپێكراویان بە نەبوو داناوە و پێوەی پابەند نابن.
 لێرەدا مەبەستمان قسەكردن نییە لەسەر رادەی راستی و دروستی ناوەرۆكی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لە رووی دەستورییەوە، ئەمە بابەتێكی ترە و خودی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی قسە و شیكردنەوەی یاسایی زۆر هەڵدەگرن، بەڵام قسەمان لە هێزی پابەندێتی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییە،  چونكە بەپێی مادەی(94) ی دەستوور، دادگای فیدراڵی، بڕیارەكانی بنبڕ و كۆتایین و هەموو دەسەڵاتەكان و كەسەكان دەبێ‌ پێوەی پابەند بن،  لەپێش هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن، لەسەر دەسەڵاتی دادوەری بەو پێیەی كە ئەوان پارێزەری شكۆی دەستوور و یاسان، پێویستترە كە بە بڕیارەكانی ئەو دادگایە پابەندبن و رێزیان بگرن. 

بوونی یاساكان لە وڵاتدا بەس نین بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەكان و دادپەروەری و رێگرتن لە ستەم و پێشێلكاری، بەڵكو پابەندبوونی دادگاكان بەو یاسایانەوە مەرجی یەكەم و سەرەكییە 


پێچەوانەی شکۆی دەستوورە

بە بڕوای ئێمە هەڵوێستی هەریەك لە دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان كە لە بڕیاری ژمارە (35/ 2024) و دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی كە لە بڕیاری ژمارە ( 4/ 2024)یاندا هاتووە، هەڵوێستێكە پێچەوانەی شكۆی دەستووری 2005 و بە دیاریكراویش پێشێلی مادەی (94)ی ئەو دەستوورەیە. 
 بۆیە لە كۆتاییدا دەڵێین تەنیا بوونی یاساكان لە وڵاتدا بەس نین بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەكان و بەرجەستەكردنی دادپەروەری و رێگرتن لە ستەم و پێشێلكاری، بەڵكو پابەند بوونی دادگاكان بەو یاسایانەوە مەرجی یەكەم و سەرەكییە لەو پێناوەدا.

 

* پسپۆڕ لە بواری یاسا


 

وتارەکانی نوسەر