رێگای مەرگی هەولێر و تاقە قەزا بێنازەكەی

10:04 - 2024-06-27
پ.د.شۆڕش حەسەن
209 خوێندراوەتەوە

 كۆیە تاكە قەزای پارێزگای هەولێرە رێگایەكی دوو ساید بە پارێزگاكەی نابەستێتەوە، كە دووریی نێوانیان70 كیلۆمەترێكە
  یەكێك لە گرنگترین خزمەتگوزارییە گشتییەكان دابینكردنی رێگاوبانی گونجاوە بۆ بەستنەوەی شار و دێهاتەکان بەیەكترەوە، بەپێی پلانی زانستی دارێژراو بە لەبەرچاوگرتنی بواری ئابووریی كۆمەلایەتی و فەرهەنگی ناوچەكان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە. چونكە بونی تۆری رێگاوبانی باش مایە و نیشانەی پێشكەوتنی وڵاتە و شێوازێكی گرنگە بۆ دەستەبەركردنی خزمەتگوزاریەكانی تر، بەهۆیەوە پەیوەندیی و ئاڵوگۆرە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگە لەهەموو رووێكەوە كاراتر و كاریگەرتر دەبن.              بەداخەوە ئێمە لە هەرێمی كوردستان لەسەر پلانێكی وەها زانستی و دادپەروەرانە كارمان نەكردووە بۆ بەستنەوەی شار و دێهاتمان. هەندێ‌ ناوچە زیاد لە پێویست بایەخی پێدراوە، لەبەرامبەریشدا هەندێک شوێن رێگاوبانەكانی ئەوانەی ساڵەكانی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی رابردووە و لەو ماوە درێژەدا لای لێنەكراوەتەوە.  
كۆیە ئەو شارەی  لە كۆنەوە مەڵبەندی ئابووری و رۆشنبیری و سیاسی بووە، زۆرێك لە خەڵكی شار و دێهاتەكانی سەر بە پارێزگاكانی كەركوك و هەولێر و سلێمانی روویان لەو شارە كردووە بۆ مەبەستی بازرگانی و رۆشنبیری، بگرە لەو دیوی سنوورە دەستكردەكانیشەوە روویان تێكردووە. 
بۆیە تا حەفتاكانی سەدەی رابردووش توانی بە شارێكی زیندوو بمێنێتەوە، بەڵام لە ناوەڕاستی حەفتاكان بەدواوە  حكومەتی  بەعس بە دڕندەترین شێوە رووبەڕووی خەڵكەكەی بۆوە. 
شارەكە لە سەردەمی عوسمانییەوە سنجاق و قەزا بووە، كەچی بەعس كردییەوە  بە ناحیە و نیازی خراپتریشی هەبوو بۆی نەچووە سەر و راپەڕین روویدا، دوای راپەڕینیش  بەهۆی پێگەی جوگرافی و سیاسییەوە بووە گۆرەپانی ململانێی شەری ناوخۆ و دووئیدارەیی، بۆیە زۆرترین زیانی بەركەوتووە لە چاو شار و ناوچەكانی تر، وەك كابرای دوو جەژنەی لێهاتووە لە خێر و بێرەكانی ئیدارەی ئەمبەر و ئەوبەر بێبەش بووە.
 ئەمرۆ تەنیا كۆیە تاكە قەزای پارێزگای هەولێرە رێگایەكی دوو ساید بە پارێزگاكەی نابەستێتەوە، كە دووریی نێوانیان70 كیلۆمەترێكە و بەربەستی سروشتی وەك چیا و ئاو لە نێوانیان نییە، جگە لە هەندێ‌ گرد و تەپۆلكە، تا ببێتە ئاستەنگی گەورە بۆ تەواوكردنی ئەو رێگایە. 
لەكاتێكدا تەواوكردنی زۆر پێویستە بۆ بەستنەوەی پارێزگای هەولێر بە پارێزگای سلێمانی، هەرچەندە ئەو رێگایانەی كۆیەش بە سلێمانی دەبەستنەوە لە رێگای كۆیە و هەولێر باشترنین، بەڵام بەهۆی پێویستی خەڵكی كۆیە بە هەولێر، دەبوایە دەمێك بوو كۆیەش وەك قەزاكانی تری ئەو پارێزگایە رێگەی دووساید بە هەولێری گرێدابا. سەرەڕای هەموو ئەمانەش كوێرە رێگاكەی كۆیە و هەولێر لەبەر قافڵەی بەردەوامی تانكەر و لۆری بار، رێگەیەكی قەرەباڵغ و مەترسیدارە، بۆیە بە رێگای مەرگ ناو دەبرێ‌ بەهۆی ژمارەی زۆریی قوربانیانی هاتوچۆ تیایدا.
   كەچی حكومەت و پارێزگاری هەولێر لەبەرامبەر داخوازیی خەڵكی كۆیە لەسەر ئەو رێگایە زۆر خەمساردن، وەك بڵیی ئەو بابەتە لە دەرەوەی ئەرك و پابەندێتیە یاسایی و كارگێریەكانی ئەواندابێ‌، لەكاتێكدا حكومەت بەرپرسە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان بە هاووڵاتییان بۆ پاراستی سەر و ماڵیان. 
فەلسەفەی بوونی دەسەڵات و حكومەتیش هەر بۆ ئەوەیە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە لایەن پەیوەندیدار، كۆتایی بە مەرگەساتی ئەو رێگایە بێنن و پرۆژەی بە دوو سایدكردنی رێگاكە لەماوەیەكی كورتدا جێبەجێ‌بكەن پێش كۆتایی هاتنی ساڵی 2025، وەك چۆن توانیتان لەماوەیەكی كورتدا شەقامی 120مەتری 150مەتری و دوو سایدەكانی نێوان هەولێر و سۆران و هەولێر و بادینان تەواوبكەن!  
ئەگەر بەڕاستی مەبەستتان خزمەتكردنی خەڵكە و بەرنامە و تێروانینی جیاوازتان نییە لە بەرامبەر ناوچە و شارەكانی كوردستان و خزمەتكردنیان!
* پسپۆڕ لە بواری یاسا

پێویستە گرنگیدان بەرێگاوبان، لەسەر ئاستی هەرێم وەک یەک بێت


وتارەکانی نوسەر