سەرۆكی نوێی ئێران، چوونە بەردەم کۆمەڵێک دۆسێیە

10:49 - 2024-06-30
گۆران فەتحی
180 خوێندراوەتەوە

سەرۆكی نوێ و براوەی ئێران، دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە، روبەڕووی چەند تەحەدایەك دەبێتەوە، هەر لە دوسێی ناوخۆییەوە تا قەیران و دۆسێی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا، تا مامەڵەكردن لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و دەوروبەر و ململانێش لەگەڵ ئیسرائیلدا.
هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەو وڵاتەش، دوای گیان لەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی پێشووی ئێران دێت لە رووداوی كەوتنەخوارەوە كۆپتەرەكەی لە باكووری خۆرئاوای ئێران لە مانگی رابردوودا.
سەرۆكی نوێ، كە گریمانە دەكرێت، یەكێك لە ریفۆرمیستەكان بێت، چەندین دۆسێی ناوخۆیی و دەرەكی رووبەڕووی دەبێتەوە، كە هەندێكیان پیشتریش هەر هەبوون، بۆیە دەبێت ئیدارە و هەوڵی چارەسەركردنی ئەو دۆسێ ناوخۆیی و ئەو قەیرانە گەورانەش بدات لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا، بەتایبەتی كە ئێران هێزێكی گەورەی ناوچەییە و كاریگەریشی بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە.
سەرۆكی نوێ دەبێت لە ناوخۆدا، مامەڵە لەگەڵ ناڕەزاییەكاندا بكات كە ئێستا هێمنییەكی بەخۆوە بینیووە لەدوای ساڵی 2022، لەپاڵ رەچاوکردنی بژێوی و ئابووریی هاووڵاتیی ئاسایی لەو وڵاتەدا.
هەروەها دەچێتە بەردەم ئەرکی مامەڵەیەكی باش لەگەڵ قەیرانی ئابووریدا، بەتایبەتی كە ساڵانێكە ئێران بەدەست پاشەكشەی ئابووری و هەڵاوسان و دابەزینی بەهای تومان و بەرزبوونەوەی رێژەی بێكارییەوە دەناڵێنێت.
لە دەرەوەش، دۆسێی ئەتۆمی لەسەرووی ئەو كێشانەوەیە كە ساڵانێكە رووبەڕووی بۆتەوە.
سەرۆكی نوێ چەند ئۆپشنێكی لەبەردەمدایە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم مەسەلەیە، یەكێكیان زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی و هەوڵدانە بۆ لابردنی سزاكان، ئەوی تریان رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ كۆمەڵی نێودەوڵەتی و ئامادەكارییە بۆ دەرهاویشتەی سزاكان و كارنەكردن بە رێككەوتنی ئەتۆمی.
واتا دۆسێی ئەتۆمی ئێران و مەسەلەی چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم،  یەكێكە لەهەرە دۆسێ قورسەكانی بەردەمی.
دۆسێی گرنگتریش لەرووی دەرەوە، پەیوەندیی تارانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە لە نموونەی ئازەربایجان، ئەمە چ جای كاركردن بۆ هێوركردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كەنداودا.
رەنگە کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیی ئەمریكاش بێت و پێی باش بێت جۆ بایدن بیباتەوە، بۆئەوەی چانسی دەستپێكردنەوەی دانوستانی نوێ و ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی ئەتۆمیی هەبێت.
مامەڵەكردن لەگەڵ سەرۆكی نوێی ئەمریكا، جا بایدن بێت یان ترەمپ، یەكێكە لە ئاڵەنگارییەكانی بەردەم سەرۆكی نوێی ئێران، چونكە چەند رێگەیەكی لەبەردەمدا دەبێت لەگەڵ ئەمریكادا، یان سازش یان رووبەڕووبوونەوە یاخود دانوستان.
یەكێكی تر لە دۆسێكان، چۆنێتی مامەڵەكردنە لەگەڵ ئیسرائیلدا، بەتایبەتی كە جەنگی ژێربەژێری نێوان تاران و تەل ئەبیب لە مانگی ئایاری رابردوودا گۆڕرا بە جەنگێكی ئاشكرا، دوای ئاراستەكردنی چەندین مووشەك دژ بەیەكتر.  
ئەمە وێڕای كێشەی ئێران و ئۆپیك كە ئەو رێكخراوە رێژەی نەوتی ئێرانی كەمكردۆتەوە و دۆسێی سزا نێودەوڵەتییەكانیش  كە كاریگەریی لەسەر جووڵەی بارزگانی ئێران دروستكردووە، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆستیشدا، ئەوەش تەحەدایەكی گەورەیە و دەبێت سەرۆكی نوێ كاری لەسەر بكات.
چۆنێتی مامەڵەكردنی سەرۆكی نوێی ئێران هەر كامێكیان سەركەون، لەگەڵ ئەم ئاڵەنگارییانەدا، دواجار ئاراستەی كاری سەرۆك و هەروەها ئایندەی پەیوەندییەكانی ئێران و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان دیاریدەكات.

وتارەکانی نوسەر