یەكێتی و پاراستنی كەركوك لە 16ی ئەكتۆبەردا

09:52 - 2024-10-16
گۆران فەتحی
179 خوێندراوەتەوە

گۆران فەتحی


وەكو نەریتی خۆی، لە پارێزگاری كردن لە كورد لە هەرێم و ناوچەجێناكۆكەكان و مافەكانی كوردیش لە عیراقدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای ریفراندۆم، تەنها هێز بوو كە خەڵكی كەركوك و دەوروبەری بەجێ نەهێشت و هاووڵاتیانی پاراست، بەتایبەتی لەكاتی گەڕانەوەی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عیراق بۆ ئەو ناوچانە، دەرەنجامی ئەو هەڵوێستەش، كەركوكییەكان لە رێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە و لە سێ هەڵبژاردنی دوای 2017 لەكەركوكدا پاداشتی یەكێتییان دایەوە و لەو هەڵبژاردنانەدا سەریان خست.

قاعیدەی جەماوەری یەكێتی لە كەركوك
یەكێتی لەسەرەتای دامەزراندنییەوە، خاوەنی پێگەی گەورە هەروەها هەوادار و ئەندامی فراوان بووە لە كەركوك، دوای رزگاركردنی شارەكەش لە ساڵی 2003 و روخاندنی رژێمی بەعس لە عیراق، هەردەم یەكێتیی حزبی یەكەم بووە لەو شارە و دەسەڵاتی ئیداری و ئەمنی بەدەست ئەم حزبەوە بووە.
لەگەڵ هەموو كێشە ناوخۆییەكانی نێوان هێزە كوردییەكانیش لەو شارەو بەتایبەتی ئەوەی پارتی دروستی دەكرد، یەكێتی هەوڵی زۆری داوە خزمەتی سەرجەم دانیشتوانی ئەو شارەو دەوروبەری بكات بە بێ جیاوازی، بەڵام سیاسەتی هەڵەی پارتی لە هەرێم و سووربوونی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 2017دا، وایكرد زیانی گەورە بە دۆزی كورد لە عیراق و ناوچەكە و جیهان بگات و زیانی گەورەش بەر هاووڵاتیانی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان بكەوێت و زیاتر لە سەدا پەنجای كوردستانی عیراقیش لەدەست بدەین.

پارێزەری كەركوك و ناوچەجێناكۆكەكان
بەهۆی ریفراندۆمەوە، كە بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر و جیهانیش لەگەڵیدا نەبوون، سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عیراق گەڕانەوە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، هەرێمیش وەكو ناوچەیەكی خاوەن پێگە لەعیراق زیانی گەورەی بەركەوت و مافەكانی كوردیش لەعیراق مەترسیی گەورەی كەوتەسەر.
ئەوەش بارودۆخێكی پڕ نائۆمیدی لەلای هاووڵاتیانی كورد لە هەرێم و كەركوك و باقی ناوچە جێناكۆكەكانیش دروستكرد، ئەگەر یەكێتی و سەركردایەتییەكەی نەبوونایە، بارودۆخەكە خراپتریش دەشكایەوە بەسەر كورددا.
ئەوەبوو یەكێتی نەك كەركوكی بەجێنەهێشت، بەڵكو تەنها پێشمەرگەكانی یەكێتیی بوون كە شەهیدیان بەخشی بۆ پارێزگاری كردن لەو شارە، وەكو حزبیش یەكێتی خەڵكی شارەكەی بەجێ نەهێشت و رێگری لەوەش كرد خەڵكی ماڵ وێران بن و شارەكەی خۆیان بەجێبهێڵن، لەكاتێكدا وەكو كورد زۆرینەن.

راست كردنەوەی سیاسەتی هەڵەو بەدەستهێنانەوەی ماف
هەر سیاسەتی حەكیمانەی یەكێتی لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، وایكرد جارێكی تر كورد لەسەر پێیەكانی خۆی بوەستێـتەوە و پێگەی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، لە سەرجەم هەڵبژاردنەكانی دوای 16ی ئەكتۆبەری 2017 دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێـت، بەتایبەت لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراقدا، كە یەكێتی بوو بە براوەی یەكەم و جارێكی تر كوردێكی كردەوە بە پارێزگاری كەركوك و پارێزگاری عەرەبی سەپاوی لەو پۆستە لابرد،  بەوەش ئەو هەڵەیەی پارتی بە هەموو كوردی كرد، یەكێتی بە سیاسەتی حەكیمانەی چاكی كردەوە.

یەکێتی هەردەم پارێزەری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بووە

وتارەکانی نوسەر