تەنها بە یەکێتی دەکرێت

12:25 - 2024-10-10
گۆران فەتحی
257 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان، چارەنووسسازە و گۆڕانكاریی گەورەی لێدەكەوێـتەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ئامادەكاریی تەواوی كردووە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دەیەوێت زۆرترین كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێـت، بەمەبەستی گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ پەرلەمان و هەروەها راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، كە پارتی ساڵانێکە قۆرخی كردووە و بەخراپترین شێوەش ئیدارەی دەسەڵاتی لە هەرێمدا داوە.
یەكێتی بەو پێیەی هێزێكی گەورەی هەرێم و عیراقە و خاوەنی بنکەیەکی جەماوەری گەورەیە و مێژوویەكی پڕ سەروەریی هەیە، لە بەرگریكردن لە خاكی كوردستان و مافەكانی گەلی كوردستان، تەنها هێزە كە دەتوانێت گۆڕانكاریی لە هەرێمدا بكات و دەسەڵاتی خۆسەپێنی پارتی وەلابنێت و رێڕەوی حوكمڕانیس راستبكاتەوە.
هەر ئەم یەکێتییە، بەوپێیەی خاوەنی پێگەیەكی بەهێزە لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و ناوچەكە و بگرە جیهانیش، لە توانایدایە جارێكی تر پێگەی هەرێم بەهێز بكاتەوە لەسەر ئاستی عیراق و دەرەوەش، ئەوەش وا دەكات پێگەی لە بەرگریكردن لە مافە دەستوورییەكانی كوردستان لە عیراقدا بەهێزتر ببێت.
هەر ئەم یەکێتییەشە کە دەتوانێت دۆخی بژێویی هاووڵاتیانیش باشتر بكات، بەهۆی بوونی پێگە بەهێزەکەیەوە لە بەغدا و پەیوەندییە پتەوەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسەییەکانی عیراق، بەتایبەتی لە بواری مووچەی فەرمانبەران و پشكی هەرێم لە بودجەی عیراقدا. ئەم حزبە دەشتوانێت ناوماڵی كورد یەكبخات و وا بكات بەیەك پاكێج دانوستاندن لەگەڵ بەغدادا بكرێت لەسەر مەسەلە نیشتمانی و کێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لە نموونەی مەسەلەی نەوت و غاز و ماددەی 140و...هتد.
لەبەر ئەوانەی باسمان كردن، پێویستە دەنگ  بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بدرێت و كاندیدەكانی سەربخرێن بۆ پەرلەمان، تا بتوانێـت رێگریی لە حوكمی تاكڕەویی لە هەرێم بكات كە پارتی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پەیڕەویی لێكردووە، هەروەها بتوانێـت رێگری لە جیاكاریی بکات کە پارتی لە نێوان ناوچەكانی هەرێمدا دەیكات.
دەنگ بدەن بە لیستی ژمارە ١٢٩-ی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەری بخەن، هاوشێوەی سەرخستن و سەركەوتنی لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، دەنگ بدەن بە یەكێتی، ئەگەر دەتانەوێت رزگاربن لە دەسەڵاتی خۆسەپێنی پارتی، ئەگەر دەتانەوێت هەرێمی كوردستان جارێكی تر ببێتەوە بە هەرێمە بەهێزەكەی سەر 
ئاستی عیراق.

وتارەکانی نوسەر