پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا لەرووی سەربازییەوە، بەئاراستەیەكی ترسناك هەنگاو دەنێت و رەنگە لە ئایندەشدا زۆرێك لە جەنگ و شەڕەكان یەكلابكاتەوە، بەكارهێنانی درۆن و هەروەها شەڕی سیبرانی و ئەلكترۆنی وەكو ئەوەی لە لوبنان بەكارهاتووە لە رێگەی ئامێری پەیجەرەوە دژ بەحزبوڵڵا نموونەی بەرچاو و بەرجەستەی ترسناكی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای سەربازیین.
هەواڵی كوژرانی چەندین ئەندامی حزبوڵڵاو برینداربوونی نزیكەی سێ هەزار كەس و ئەندامی ئەو رێكخراوە لە لوبنان، بەهۆی تەقینەوەی ئەو ئامێرە ئەلكترۆنییەوە، جێگەی شۆك و سەرسوڕمان بوو لەجیهاندا.
هەواڵەكەش بوو بەمانشێتی زۆرێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن و رۆژنامەكانی جیهان، لەبەر كاریگەری و وردی پێكانی ئەو ژمارە زۆرەی ئەندامانی حزبوڵای لوبنان، لەیەك كات و ساتدا، كە دوو بۆچوون لەسەری هەیە، ئایە هێرشی سیبرانیی بوو یان لەرێگەی چاندنی بۆمب بووە لەناو ئامێری پەیوەندی كە بە (پەیجەر) ناسراوە.
شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵڵا ساڵانێكە هەیە و شاراوە نییە بۆ ناوچەكەو جیهان، بەردەوامیش ئەو دوو لایەنە یەكتر مووشەك باران دەكەن، بەڵام بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای لەم جۆرەو بەو وردیی و كاریگەرییە، یەكەمجارە رووبدات نەك لەناوچەكە بەڵكو لەهەموو جیهانیشدا.
راگەیاندنەكانی ئیسرائیل لەو بارەیەوە ئەوەیان ئاشكرا كردووە، كە یواف گاڵانتی وەزیری بەرگری ئیسرائیل چەند دەقەیەك پێش هێرشەكە، لوید ئۆستنی وەزیری بەرگری ئەمریكای ئاگاداركردۆتەوە لەوەی هێرشێكی قورس لە لوبنان ئەنجام دەدەن، بێ ئەوەی وردەكاری هێرشەكە بە ئۆستن بڵێت.
سەرچاوە ئەمنییەكانی لوبنانیش روویان كردۆتەوە، كە نزیکەی 4000 كەس بەهۆی تەقینەوەی ئامێری بێ تەلی پەیجەرەوە برینداربوون و زیاتر لە 12 كەسیش لە حزبوڵڵا بەهەمان هێرش كوژراون.
سەرچاوە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە هەروەها دەڵێن: ئەو ئامێرانەش پێنج مانگ پێش ئێستا كڕراون لەلایەن حزبوڵاوە، ئەندامانی ئەورێكخراوەش لەبەر ئەوەی شوێنپێی بەكارهێنەرانی ئامێرەكەوە هەڵناگیرێت پەیجەر بەكاردەهێنن.
هێرشەكەی لوبنان، تا ئێستا جێگەی مشتومڕە، ئایە لەرێگەی بەرنامەی ئەلكترۆنییەوە بووە، كە وای كردووە گەرمی پاتری (لیسیۆم)ی پەیجەرەكان بەرزبكرێتەوە، بتەقێتەوە، یان ئامێرەكان بۆمبرێژكراون پێشوەختە.
هێرشەكە بەهەر شێوازێك بووبێت، ئەوا گورزێكی كوشندە بوو بۆ حزبوڵڵا و ئەو رێكخراوە رەنگە بۆ ماوەیەك نەتوانێت قەرەبووی زیانەكانی بكاتەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە هەوڵی تۆڵەكردن لەئیسرائیل دەدات، كە بە تۆمەتباری ئەو هێرشەی دەزانێت، ئەوەش ناوچەكە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبات، بەتایبەت كە هێشتا جەنگی غەززە بەردەوامی هەیەو بەشێك لە رێكخراو و هەروەها وڵاتانی ناوچەكەش تێوەی گلاون.