با خەمی جووتیاران بخۆین

10:27 - 2024-07-03
عوسمان ساوجی
242 خوێندراوەتەوە

عوسمان سەعید (ساوجی)

 

کڕینی بەرهەمی ناوخۆ سەرباری بەرزیی کوالێتی و بەتامییان هاندەرێکی باشە بۆ بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ


ئەگەرچی خاکی هەرێمی کوردستان لە چەندین رووەوە گونجاوە بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەڵام بەشێوەیەکی بەرچاو پشت بە کاڵاو شمەکی هاوردە دەبەستێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی ناوخۆ.
دەکرێت چەندین هۆکار لەپشت ئەوەوە هەبن وەک وشکەساڵی، کەمی دەستی کار لەبواری کشتوکاڵ و هەرزانی نرخی بەرهەمە هاوردەکان بە بەراورد بە بەرهەمە ناوخۆییەکان، بەڵام هێشتا ئەوانە پاساوی بەهێزنین بۆ ئەوەی هاووڵاتیان پشت لە بەرهەمە ناوخۆییەکان بکەن، بەڵکو بەپێچەوانەوە پێویستە زیاتر روو لە بەرهەمە ناوخۆییەکان بکەن بەتایبەت لە وەرزی هاویندا کە چەندین سەوزەی وەک ترۆزی، تەماتە، خەیار... و میوەکانی وەک کاڵەک، شوتی هەنجیر و ترێ و...هتد پێدەگەن. 
وەک دەزانین هەریەک لەو بەروبوومانە بۆ ماوەیەکی کورت بە رێژەیەکی زۆر دەکەونە بازاڕەوە و دواتر نامێنن. لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە ئاستی هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی ئەوا پێویستە لە ناوخۆدا ساغ بکرێنەوە.
سوودی کڕینی بەرهەمی ناوخۆ سەرباری بەرزی کوالێتی و بەتامییان هاندەرێکی باشە بۆ بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ، یان لانیکەم بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە پاشەکشەی زیاتری کەرتەکە. 
ئەگەر هەموان هاوکاربین بۆ ئەوەی جووتیاران بە نرخێکی گونجاو بەرهەمەکانیان بفرۆشن ئەوا دەکرێت ئەو کەرتە ببێتە جێگرەوەی دامەزراندن لە کەرتی گشتی و زۆریی رێژەی بێکاری شاراوەی فەرمانبەران و چاوەڕێکردنی مووچە کە چەند ساڵێکە تووشی گرفتێکی گەورە بووە.

وتارەکانی نوسەر