فریودان و هەڵبژاردن

10:01 - 2024-09-29
عوسمان ساوجی
114 خوێندراوەتەوە

لە رابردوودا هەوڵماندا بەکورتی ئاماژە بۆ کاریگەریی ترس لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەین و شیکردنەوە بۆ پەیوەندیی دوولایەنەی لەسەر لایەنە بەشداربووەکان و تاکی دەنگدەریش بکەین.

فریودان لە پرۆسەی هەڵبژاردن
 لێرەدا بەهەمان شێوە کورتەیەک سەبارەت بە رۆڵی فریودان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەخەینەڕوو، کە دەکرێت بووترێت ئەڵقەی دووەم یان دیوی دووەمی ئەو ترسەیە.
 فریودان بریتییە لە یاریکردن بەهەستی ئەوانی تر بەمەبەستی بەدەستهێنانی سۆزیان بۆ ئامانجێکی سیاسی، ئابووری یان کۆمەڵایەتی، کە بەتەواوی لە پرۆسەکانی هەڵبژاردندا بەرجەستە دەبێت، ئەوەش کاتێک دەبێت کە سەرکردە سیاسییەکان، هەوڵ دەدەن لەڕێگەی وتار و نووسین و چاوپێکەوتنە میدیاییەکانەوە بە زمانی خەڵکە سادەکە باس لە کێشەکانی هاووڵاتیان بکەن، یان راستەوخۆ بچنە شوێنە گشتییەکان و گوێیان بۆ بگرن، وەک ئاماژەیەک بۆ بەئاگاییان لەدۆخی کۆمەڵگە.

سوود لە ناڕەزاییەکان وەردەگرن
 فریودان لانیکەم بە دوو ئاراستە رۆڵ دەگێڕێت، یەکەمیان ئەوەی کە هێزێکی سیاسی هەوڵ دەدات سواری شەپۆلی ناڕەزاییەکانی هاووڵاتیان ببێت و خۆی بکاتە دەمڕاست و نوێنەریان و بانگەشەی ئەوە بکات کە دەتوانێت داوا رەواکانیان جێبەجێ بکات، تەنها بەوەی دەنگدەران دەنگی پێبدەن کە ئەمەیان زیاتر لە 10 ساڵە چەند لایەنێکی سیاسیی کاری لەسەر دەکەن. 

 

ئێستا ئامرازەکانی فریودان هێندە زۆر و ئاسان دێن بەدەستەوە، بچوکترین لایەن دەتوانێت لە بەرزترین ئاستدا بەکاریان بهێنێت، ئەوەش لەڕێگەی کەناڵە ئاسمانی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سایتە ئەلکترۆنییەکانەوە

 

گوتاری ئایینی، نەتەوەیی و نیشتمانیی توند
ئاراستەی دووەم بەکارهێنانی گوتارە ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانییە توندەکانە، ئەوەش بە هاندانی جەماوەر بۆ پشتگیریی هێزێک، گوایە تەنها هەر ئەو دەتوانێ پارێزگاری لە سەروەری و سەربەستییان بکات. ئەمە سەرباری کۆمەڵێک بەڵێنی تر لە بابەتی پێدانی پارە و دامەزراندن و دەستکردن بەهەندێک پرۆژەی خزمەتگوزاریی و بەرزکردنەوەی پێگەی کارگێڕی و سیاسیی کەسێک، چینێک، توێژێک و خێڵێک.

ئامرازەکانی فریودان
 دیارە ئێستا ئامرازەکانی فریودان هێندە زۆر و ئاسان دێن بەدەستەوە، بچووکترین لایەن دەتوانێت لە بەرزترین ئاستدا بەکاریان بهێنێت، ئەوەش لەڕێگەی کەناڵە ئاسمانی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سایتە ئەلکترۆنییەکانەوە، کە تێچوویەکی کەم و کاریگەرییەکی زۆری دەبێت و بەرپرسیارێتیش زۆرجار ونە.

بە لۆژیک نەک سۆز
 ماوەتەوە بڵێین باجی فریودان دەنگدەر دەیدات، ئەوەش کاتێک ئومێدێکی زۆر لەسەر ئەو بەڵێنانە هەڵدەچنێت، کە جێبەجێکردنیان نەک قورسە، بگرە مەحاڵیشە، لەبەر ئەوە پێویستە تاکی دەنگدەر بە ئاگابێت و لە جیاتی سۆز بە پێوەری لۆژیک بەڵێنەکان بە باڵای بەڵێندەرکان بپێوێت.

وتارەکانی نوسەر