ترس و هەڵبژاردن

09:45 - 2024-09-17
عوسمان ساوجی
170 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن یەکێکە لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی سەقامگیریی سیستمی  سیاسی و پایەیەکی بنەڕەتیی دیموکراسی، تا هەنووکەش تاکە رێگەیە کە کۆدەنگیی لەسەرە بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات. 
لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی ئەزموون، خاڵێکی لاوازی پرۆسەی هەڵبژاردن لەدیدی لایەنە بەشداربووەکانەوە، ئەوەیە کە گەرەنتی مانەوە لە دەسەڵاتی بەڕێوەبردندا تاسەر بۆ هیچ لایەک نییە.
 زۆرێک لە شارەزایانی بواری هەڵبژاردن ئەو پرۆسەیە بە گەمەیەکی سیاسی وەسف دەکەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لایەنە بەشداربووەکان هاوشێوەی گەمەیەکی چەندقۆڵی سەرجەم رێگە و شێواز و میکانیزمە شەرعییەکان لەبەردەمیاندا کراوەیە، بۆئەوەی زۆرترین پشک لە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری بۆ خۆیان بپچڕن. دیارە لە پرۆسەی هەڵبژاردنیشدا، ترس لە دۆڕان و شکست و ساختەکاریی لایەنی رکابەر پێگەیەکی گەورەی هەیە، ترس لای لایەنەکان و ترس لەلای دەنگدەرانیش.

 

هەندێک لایەن جۆرێک لە ترس دروستبکەن بۆ دەنگدەران، ئەویش لەڕێگەی ئەوەی گوایە ئەم دەیەوێت چارەسەری پرسێکی چارەنووسساز بکات، بەڵام لە ئەگەری دەرنەچوونەوەیدا پرسەکە دەبێتە قەیرانێکی گەورە و بەرۆکی هاووڵاتیان دەگرێت

 

 

 (دۆلۆریس ئەلباراسین) مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە بواری دەرونناسیدا باس لەوە دەکات کە مرۆڤ چەند هەستی نزیکبوونەوە و ئاشانبوونی هەیە، ئەوەندەش ترسی هەیە و دەیەوێت خۆی بەدوور بگرێت، هەردوو لایەنەکەش تەواوکەری یەکترن و مرۆڤ لەگەڵیاندا هەڵیکردووە، لەسەر ئەو بنەمایەش دەکرێت لایەنێک کە بۆ ماوەیەکی دورودرێژ زۆربەی جومگەکانی دەسەڵاتی لەلابووە، زۆر بە ئاسانی ئارەزووی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک نەکات کە هیچ گەرەنتییەکی بۆ مانەوەی لە پێگەکەیدا دەستەبەر نەکردووە. 
لەلایەکی تریشەوە دەکرێت لایەنەکان جۆرێک لە ترس دروستبکەن بۆ دەنگدەران، ئەویش لەڕێگەی ئەوەی کە ئەم لایەنە دەیەوێت چارەسەری پرسێکی چارەنووسساز بکات، بەڵام لە ئەگەری دەرنەچوونەوەیدا پرسەکە دەبێتە قەیرانێکی گەورە و بەرۆکی هاووڵاتیان دەگرێت. 
بۆ نمونە لە هەرێمی کوردستاندا، هاووڵاتیان چاوەڕێی چارەسەری کێشەی مووچە و خزمەتگوزارییەکانی وەک بێکاری و ئاو و کارەبا و سووتەمەنین، ئێستا رۆژانە دەبیستین کە هەندێک لایەن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان تاکە نوێنەر و قسەڕۆیشتوون لە بەغدا و حکومەتی فیدڕال تەنها گوێ بۆ ئەوان دەگرێت، بۆیە هۆشداریی ئەوە دەدەن کە لەئەگەری لاوازبوونیاندا بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە، بەوەش گوشار لەسەر دەروونی تاک دروست دەکات و رەنگە بکەوێتە دۆخێکی واوە کە وابزانێت جێگرەوە بۆ  فڵان لایەن ئەستەم و مەحاڵە، هەموو ئەوانەش دەچنە خانەی ئەو ترسەوە کە کریستۆڤەر فیدریکۆ مامۆستای بواری زانستی سیاسی و دەروونناسی شیکاری بۆ کردوون. 

وتارەکانی نوسەر