تیمی دروستكردنی دووبەرەكی لەناو كابینەی حكومەتدا

10:43 - 2024-07-03
گۆران فەتحی
203 خوێندراوەتەوە

گۆران فەتحی



وەكو ئەوەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی عیراق كەم بن، تیمی پارتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی كابینەكە، لەبری خزمەتكردن و باشكردنی دۆخی بژێویی هاووڵاتیانی كوردستان و یەكڕیزیی ناوماڵی كورد، هەوڵی لێكترازانی ئەم ماڵە دەدەن و كێشەی گەورەش لەگەڵ ی.ن.ك دروست دەكەن، كێشەكانیش لەگەڵ بەغدا قووڵتر دەكەنەوە.

درووستكردنی ناكۆكیی ناوخۆ
لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، هەندێك لە سەركردەكانی پارتی هەوڵی دروستكردنی دووبەركی دەدەن لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی هەرێم و بەتایبەتیش یەكێتی، كە هێزێكی سەرەكیی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم و عیراق و شەریكێكی ئەساسیی حوكمڕانییە لە هەرێمدا.
سەرۆكی كابینەكە بەداخەوە هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە،  خزمەتكردنی ناوچەكانی سلێمانی و دەوروبەری بەتەواوی پشتگوێ خست و هەوڵی سزادان و ئابڵوقەدانی ئەم ناوچەیەی دا بەمەبەستی دژایەتیكردنی یەكێتی، لەڕێگەی جۆراوجۆریشەوە كاری لەسەر ئەوەكرد، ئابووریی ئەم ناوچەیە تەواو لاوازبكات و هەندێك لە كۆمپانیاكانیش ناچار بە بەجێهێشتنی سلێمانی بكات.
 هەر لە سەردەمی ئەم كابینەیەدا، چەندین تۆمەت و سیناریۆ بۆ یەكێتیی دروستكرا، تەنها بۆ هاندانی وڵاتانی دەوروبەر و بەتایبەتیش دەوڵەتی توركیا، بۆئەوەی ئەم ناوچەیە و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی و خەڵكەكەی بكاتە ئامانج بە پاساوی بوونی پەكەكە.
بەشێك لە كادرانی ئەم حزبە دەیانەوێت بە چاوساغی بۆ سوپای توركیا پەلكێشیان بكەن بۆ هاتنە ناوەوەی زیاتری خاكی هەرێم، بێ ئاگا لەوەی توركیا دەیەوێت جێگیربێت لە هەرێمی كوردستان.

 

هەندێك لە سەركردەكانی پارتی كار لەسەر قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان و دروستكردنی قەیران دەكەن لەناو هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی درێژەدان بە مانەوەی حزبەكەیان  لە لووتكەی دەسەڵاتدا


تۆمەت بەخشینەوە و سیناریۆی بێ بنەما

تۆمەت بەخشینەوە و سیناریۆی بێ بنەمای ئەو حزبە بۆ لایەنەكانی تر و بەتایبەتی یەكێتی، نەریتێكی پارتییە بۆ مانەوەی خۆی و دەسەڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستاندا، بۆیە سڵ لەهیچ ناكاتەوە، ئەگەر دواجار زیانی بۆ هەموو كوردستانیش بێت.
یەكێك لە دەرەنجامەكانی ئەو تۆمەتبەخشینەوە و سیناریۆیانە، وایكردووە، توركیا ئابڵوقە بخاتە سەر فرۆكەخانەی سلێمانی، ئەوەش زیانێكی گەورەی بە ئیدارەی ئەم ناوچەیە و خەڵكەكەشی گەیاندووە. جگە لەوەش پارتی چەندین تۆمەت و سیناریۆی  بێبنەمای دروستكردووە لە ناوچەكانی خۆی لە بەئامانجگرتنی خەڵكی و هەروەها سووتاندنی شوێن و بازاڕ و لكاندنی بە یەكێتییەوە، بەو خەیاڵەی ناوی یەكێتی دەزڕێنێت و خۆی بەهێز دەكات، بێئاگا لەوەی ناو ماڵی كورد لێكدەترازێنێت و پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەكانیش تێكدەدات، ئەوەش هەرێم لاواز دەكات بەرامبەر بە نەیارەكانی، لەبەر نەبوونی روئیا و هەڵوێستێكی یەكگرتوو.

كاریگەری لەسەر مافەكانی كورد
كار و كردەوەكانی پارتی و تیمەكەی لە كابینەی نۆیەمدا، كاریگەریی لەسەر سەنگ و هێزی هەرێمیش بەجێهێشتووە، بەجۆرێك وایكردووە ئەم ناوچەیە ببێتە قەوارەیەكی لاواز بەراورد بە ساڵانی رابردوو.
ئەو هەڵوێستانەی پارتی تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆیی كوردستان نەبووە، بەڵكو ئەم حزبە عینادیی سیاسیشی بەرامبەر بەلایەنە سیاسییەكانی عیراق و حكومەتی بەغدا، وایكردووە مەترسیی گەورە بكەوێتە سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان و  سەر كۆی مافەكانی گەلی كورد لە عیراقدا، بەو مافانەی لە دەستووریشدا جێگیركراوە بەتایبەتی ماددەی 140 و چارەنووسی كەركوك بەتایبەتی و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەگشتی.
كرۆكی مەسەلەكەش ئەوەیە، هەندێك لە سەركردەكانی پارتی كار لەسەر قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان و دروستكردنی قەیران دەكەن لەناو هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی درێژەدان بە مانەوەی حزبەكەیان  لە لووتكەی دەسەڵاتدا، ئێستاش كە یەكێتی تۆمەتبار دەكەن بە سووتاندنی بازاڕ و قەیسەرییەكان، مەبەستیانە رای گشتییە بەلاڕێدا ببەن.
دیوێكی دیكەی مەسەلەكەش، ترسی پارتییە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی هەرێمی كوردستان، كە چەندین جارە ئەو حزبە دوای دەخات، چونكە دەزانێت رێژەی دەنگەكانی كەم دەكات، یەكێتیش كە ركابەری سەرەكییەتی سەركەوتنی گەورە بەدەست دەهێنێت، بۆیە هەموو هەوڵێكی خستۆتەگەڕ بۆ لێدانی یەكێتی و پەنا دەباتە بەر جۆرەها رەفتاری شەیتانی بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام رای گشتی هەرێم و عیراقیش جیاوازیی نێوان یەكێتی و پارتی دەزانن و دەزانن یەكێتی وەكو حزبێكی نیشتمانپەروەر مەحاڵە كارێك بكات زیان بە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی هەرێم بگەیەنێت، مێژووش شاهیدە كە ئەم حزبە هەردەم بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی كوردستانی خستۆتە پێش بەرژەوەندیی حزبی خۆیەوە و باجی زۆریشی لەو پێناوەدا داوە.

بازاڕە سووتاوەکان پاساوێک بۆ چەواشەکاردنی خەڵک لە نەبوونی خزمەتگوزاریی

وتارەکانی نوسەر