بۆچی لەم كاتەدا ئاژاوەنانەوە لە ناو ماڵی كورد؟

10:48 - 2024-07-03
ئارام عه‌لی عه‌زیز
379 خوێندراوەتەوە

ئارام عه‌لی عه‌زیز

 

وەڵامێكی سادەو سەرپێی ئەم پرسیارەی سەرەوە ئەوەیە، چونكە بارودۆخی ناوچەكە بەرەو گۆڕانكاری ریشەیی دەڕوات و چاوەڕوان دەكرێت سیستەمی ئیقلیمیی بەرەو هەڵوەشانەوە بڕوات و گەلی كوردیش سوودمەندی  سەرەكی بێت تیایدا، لەبەر ئەوە هەوڵی پەرش و بڵاوكردنەوەی نێومالێی كورد دەدرێت و، لە رێگای سیناریۆی تۆمەتبارانكردنی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستانەوە بەو ئاگر خستنەوانە هەوڵی تێكدانی هەڵبژاردن و زەمینەسازی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ لە نێوان پارتی و یەكێتیدا دەدرێت.
لە راستیدا ئاماژەكانی ئەم سیناریۆ قێزەونە، دەمێك بوو جار نا جار لە گوتاری هەندێك لە لێپرسراواندا هەستی پێدەكراو، دەمانگوت خوا رەحم بكات ئەم میللەتە تووشی ئافاتێكی دیكە نەكەن. بەڵام دواجار لەو سیناریۆیەی سووتاندنی بازاڕی هەولێر و دهۆك و كەركوك و تۆمەتباركردنی هیزەكانی سەر بە یەكێتی لە گەرمەی هەواڵی بڵاوبوونەوەی هێزەكانی سوپای توركیا لە ئامێدی و دەوروبەری  پلانەكە زیاتر خۆی دەرخستە بەرچاوان، كە ئامانج لێی دوورخستنەوەی زیاتری پارتیی و یەكێتییە لە یەكتر، بە كۆمەڵێك ئامانجی جیاجیا، كە هیچی لەبەرژەوەندیی قەوارەی هەرێمی كوردستان و حزبەكانیدا نییە.

هەرێمی كوردستان لەو رەوشە هەستیارەی ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت پێویستی بە تەبایی و یەكگرتووییە لە ناوخۆدا

 

هەرێمی كوردستان لەو رەوشە هەستیارەی ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت پێویستی بە تەبایی و یەكگرتووییە لە ناوخۆدا، عیراقیش بە هەمان شێوە، هەر هەوڵێكی ئاژاوەو دووبەرەكی نانەوەش تەنها و تەنها ئاو لە ئاش كردنی داگیركەران و دوژمنانەو زیانێكی گەورە بە ئایندەی هەرێمی كوردستان و دەسكەوتەكان دەگەیەنێت. لە لایەكی دیكەیش یەكێتیی و پارتیی بە حوكمی كۆمەڵێك فاكتەر دوانەن و ناوكیان بەیەكەوە بەستراوەتەوە،  چارەنوسیان لەگەڵ یەكتردایە، مەحكومی پێكەوە ژیان و پێكەوە هەڵكردنن، فیفتی فیفتییەكەش هەر لەوەوە هاتووە، ئەمە حەقیقەتێكی دیالێكتیكیە، ئەگەر سەیری مێژووی هەردوو لایەنیش بكەیت بە شێوەیەكی بابەتییانەو بێ خواركردنەوە، ئەمە راستییەكەیە، لەبەر ئەوە هەردووكیان ژیان و مردنیان پێكەوەیە، لەو روەوە ئەوەی  بە جۆرێكی دیكە لێی تێ بگات و سیاسەت بكات و بیەوێت هاوسەنگی تێك بدات ئەوە هەڵەیەكی گەورە دەكات، لەبەرئەوە گوێگرتن لە دوژمنان و جێبەجێكردنی پلان و سیناریۆكانیان ئیمزاكردنە لەسەر مردنی ئەو لایەنە پێش ئەوی دیكە.
لەو روانگەیەوە پێویستە هەموو لایەك، بە تایبەتی راگەیاندنەكان بە هەستكردن بە لێپرسراوێتیەوە مامەڵە لەگەڵ سیناریۆی شوێنە سووتێنراوەكان بكەن و ئاوێك بەو ئاگرەدا بكەن، كە دوژمنان و كاڵفامانی سیاسەت خەریكە هەڵیگرسێنن. 
لە كۆتاییدا حەزدەكەم ئەو مژدەیە بە هەموو گەلی كوردو كوردستانیان بدەم، كە رۆژی كورد لە هەڵهاتنەو هیچ سیناریۆ و هیچ دوژمنێك ناتوانێت بیوەستێنێت، چونكە ئەمە حوكمی مێژووە، دیارە ئەوەیشی گوێ بە حوكمی مێژوو نەدات، ئەوە مردنی خۆی ئیمزا دەكات. اللهم انی قد بلغت.

وتارەکانی نوسەر