هەڵبژاردن، وەک رێگا دروستەکە

10:27 - 2024-07-15
نەوزاد ساڵح
178 خوێندراوەتەوە

نەوزاد ساڵح 

 
خەڵک متمانە دەداتەوە بە دەستەیەک لە  بەربژێران بۆ ئەوەی وەک نوێنەری زۆرینە شەڕکەری راستەقینە و سەرسەختی هاووڵاتیان و دەنگدەران بن


هەڵبژاردن وەک یەکێک لە بنەمەکانی دیموکراسی و ئامرازێک بۆ دەستا و دەستکردنی دەسەڵات بە باشترین میکانیزم ناسراوە وەک ململانێیەکی دیموکراسی کە جێگرەوەی شەڕ و ئاشوب بێت لەپێناوی گۆڕانکاریدا و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا. 
هەرچەندە هەڵبژاردن سەرجەم کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان چارەسەر ناکات، بەڵام هەنگاوێکی دروست و ئاشتیانەیە بۆ دانانی بناغەیەکی پتەوی حوکمی یاسا لە رێگای سندوقەکانی دەنگدان و بەشداریی هاووڵاتیان لەم پرسە مەدەنییە گشتییەدا. هەڵبژاردن گوزارشتکردنە لە نوێنەرایەتی هەڵبژێردراوی گەل و یەکلاییکردنەوەی بەریەککەوتنەکانە بە رێگای ئاشتیانە. هەلێکی رەخساوە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە و چالاکییەکی مرۆییە کە تاک تیایدا رۆڵی خۆی دەبینێت لە دەستنیشانکردنی نوێنەرایەتیدا لەسەر سندوقەکانی دەنگدان.
وابڕیارە لە 20-10-2024 خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت کە تا ئێستا پێنج مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ ئەم پرۆسەیە دەرچووە و چوار جار لە وادەی خۆی دواکەوتووە.
 هۆکاری سەرەکی و بیانوو، بەریەککەوتنی بەشێک لە لایەنەکان بۆ دواخستنی ئەم پرۆسەیە ئەم بابەتانە بوون:
1-  تێبینی لایەنەکان لەسەر یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992 و هەموارکردنەوەی.
2- گومان لە تۆماری دەنگدەران کە ناوی دووبارە و مردووەکانی تێدابوو.
3- بەسەرچوونی وادەی کاری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان.
4- کورسی کۆتاکان و دابەشکردنیان لەسەر ئاستی جوگرافیای پارێزگاکان. 
5- بازنەکانی هەڵبژاردن لەیەک بازنەوە بۆ فرەبازنە و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران.
ئێستا کۆسپەکانی بەردەم پرۆسەکە کۆتاییان هاتووە و بیانووی لایەنەکانیش نەماون بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، سێ ملیۆن دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە کە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانین، کەواتە بۆ رێکخستنەوەی ماڵی کورد و پاراستنی قەوارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردن باشترین دەرچەیە بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی ئێستا و گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، وێڕای ئەوەی کە جارێکی تر خەڵک متمانە دەداتەوە بە دەستەیەک لەبەر بژێران بۆ ئەوەی وەک نوێنەری زۆرینە شەڕکەری راستەقینە و سەرسەختی هاووڵاتیان و دەنگدەران بن، ئەوانیش ئەرکیانە بەڵێنەکانی کاتی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن لەبیر نەکەن و کار بۆ ئەو پرۆژانە بکەن کە دڵخوازی هاووڵاتیانن، ماوەتەوە بڵێین بەرەو هەڵبژاردنێکی تەندروست و سەرکەوتوو.

وتارەکانی نوسەر