ڕۆشنبیریی هەڵبژاردن

بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن سزای لەسەرە

09:51 - 2024-09-02
نەوزاد ساڵح
90 خوێندراوەتەوە

نەوزاد سالح


- 3 -
سیستمی دیموکراتی وەک خواستێکی گەلان دەبینرێت و ناواخن و کرۆکی دیموکراتیش بەشداری پێکردنی تاکە لە پڕۆژەی گشتیدا، کە یەکێک لە جوڵە و  چالاکییە مرۆییەکان لەسەکۆیەکی گشتیدا هەڵبژاردنە، دەنگدانی ئازاد لە گرنگترین دەرفەت و ئامرازەکانی ئەو بەشداری پێکردنەیە کە دواجار هەر لە لایەن گەلەوە نوێنەری هەڵبژێردراو ئەرکی نوێنەرایەتی ئەم هاووڵاتیانە لە ئەستۆ دەگرێت و لەبری ئەوان کار بۆ خواست و ماف و داواکارییەکانیان دەکات و دەچێتە سەنگەری بەرگریی ئەوانەوە،  لە بەشەکانی پێشوودا جەختمان لەبانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردنی زانستی کردەوە، بۆ ئەوەی کات و پارەو هێزی مرۆیی لە شوێن و کاتی خۆیدا بەکاربهێنیت و دووربیت لە زێدەڕۆیی و دروشمی بێ ناوەرۆک، پێویستە رەچاوی رێسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆن و ئادابە گشتییەکانی هەڵبژاردن بکەیت .
 نەخشەڕێگاکانی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن
 لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بەهۆی پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیا و ئامێرەکانی پەیوەندی و رایەڵەکانی سۆشیاڵ میدیاوە نەخشە و پلانی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردنیش گۆڕانی  بەسەرداهاتووە و لە شایی لۆغان و قەرەباڵغی جارانەوە گۆڕاوە بۆ چەندین ئامرازی تر و ئەم شەڕە دیموکراتییەی هێناوەتە نێو تۆڕی پەیوەندییەکان و سۆشیال میدیا، کارەکەشی ئاسانترکردۆتەوە هەرچەندە هێزی وتاری زیندوو هەڵمەتی دەرگا بە دەرگا و هەڵمەتەکانی سەر شەقام و روبەڕووی نییە،  بەڵام سوودی هەڵمەتی ئەلیکترۆنی و بانگەشەی سۆشیاڵ میدیاش کەمتر نییە لە شێواز و جۆرەکانی تری بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن،  هەموو هەڵمەتێکی هەڵبژاردن پێویستی بە سێ رەگەزی بنچینەیی هەیە ئەوانیش:- ( کات، پارە، هێزی مرۆیی)ە، کەدەبێت پارتەکان و پاڵێوراوەکان فەرامۆشی ئەم رەگەزانە نەکەن.

چەند خەسڵەتێکی تایبەت بە بەربژێرەکان
ا - هەموو دەرکەوتنێکی باشی پاڵێوراو لەمیدیاکاندا کلیلی کردنەوەی دەرگای بانگەشەیەکی تەندروست و سەرکەوتووە.
ب -  پێویستە بەربژێر یان کاندید وتارەکانی روون بێت و هێڵی بخوێنرێتەوە.
ج -  بەزمانێکی پاراو بدوێت کە دەنگدەر لە وتەکانی تێبگەن.
د- پەیام و دروشم دەبێت کاریگەریان هەبێت و جیاوازی لەخۆبگرێت.
ه- زمانی جەستە فەرامۆش نەکرێت و نزیک بێت لەو وتانەی کە هاوتای پیشەکەتن.
و- زەروورە  بەسادەیی بدوێیت و دووربکەویتەوە لەبەکارهێنانی زاراوەی بێگانە.

گرنگترین شێوازەکانی بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردن ئەمانەن
1 - هەڵمەتی دەرگا بەدەرگا، بە بەهێزترین هەڵمەت هەژمار دەکرێت لەزانستی هەڵبژاردندا.
2 - هەڵمەتی سەرشەقامەکان (بڵاوکردنەوەی پروشەر و کارت) کەژمارە و وێنەی بەربژێرەکەی تێدابێت.
3 - دەرفەت وەرگرتن لە هەڵمەتی رووداوەکان.
4 - سوود وەرگرتن لە رۆژنامە - گۆڤار- رادیو- تەلەفزیون.
5 - بەکارهێنانی تەلەفۆن و ئامێرەکانی پەیوەندی.
6 -  ناردنی کورتەنامەو ئیمەیڵ (دووبارە کردنەوەیان)
7 - سۆشیال میدیا بەسەرجەم رایەڵە و تۆڕەکانەوە.

*راوێژکاری هەڵبژاردن

وتارەکانی نوسەر