ڕۆشنبیریی هەڵبژاردن

هونەری کۆکردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردندا

09:57 - 2024-08-26
نەوزاد ساڵح
332 خوێندراوەتەوە

نەوزاد ساڵح

بۆ ئەوەی بانگەشەو هەڵمەتێكی زانستی هەڵبژاردن ئەنجام بدەیت،پێویستە کات بەفیڕۆ نەدەیت و ئەوداهاتەی کە بۆ ئەم هەڵمەتە لەبەردەستدایە بزانیت چۆن خەرجی دەکەیت و بەپلان و نەخشەیەکی گونجاو بەسەر رۆژەکانی بانگەشە و هەڵمەتەکەدا دابەشیان بکەیت و ئەم دەرفەتە وەک هەلێکی زێڕین سەیر بکەیت، پێویستە رەچاوی کۆمەڵێک بنەمای زانستی بکەیت و خوێندنەوەت بۆ قۆناغەکانی ئامادەکاری و بانگەشەو دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانیش هەبێت.

 قۆناغەکانی دەستپێکی هەڵبژاردن
ا - قۆناغی یەکەم ئامادەکاریی
لەهەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردندا سێ رەهەندی گرنگ کاریگەریان لەسەر پرۆسەکە هەیە ئەوانیش (کات- پارە- هێزی مرۆیی)ە.
چۆن سوود لەم رەهەندانە وەردەگریت بەپێی قۆناغ بەندی پرۆسەکە
ئەم قۆناغە لەسەر دوو بنەمای سەرەکی دەوەستێتەوە.

 

باڵەخانەی فەرمانگە حکومییەکان نابێت بەکاربهێنرێت، لە بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردندا

 

 1 - یاسایەک کە شەرعیەت بەپرۆسەکە دەدات کە هەڵبژاردنەکەی پێ ئەنجام بدرێت .
 2 - ئامادەکارییە هونەرییەکان کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە ئامادە دەکرێت.
ب - قۆناغی دووەم رێکخستن و ئامادەکردن و پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران، چونکە ناوی نوێ تۆماردەکرێت و تۆمارەکە لەمردوانیش پاک دەکرێتەوە.
ج - قۆناغی سێیەم ئامادەکردنی لیستی قەوارە و بەربژێرەکان، بەپێی مەرج و رێسا و رێنماییەکانی کۆمسیون.
د - قۆناغی چوارەم ماوەی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیونەوە رۆژ و ماوەکەی بۆ دیاری دەکرێت.
هـ - قۆناغی پێنجەم دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان.
و -قۆناغی شەشەم راگەیاندنی دەرئەنجامەکان دوای یەکلاییکردنەوەی تانەکان.
هەموو بانگەشە و هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی زانستی و سەرکەوتوو بەشێک دەبێت لە سەرکەوتنی پرۆسەکە.

خەسڵەت و مەرجەکانی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن
1 - پێویستە ئۆفیسی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لەگەڵ ئۆفیسی سەرەکی قەزا و شارۆچکەکان هەماهەنگی و هاوبەشیان هەبێت، بۆ رێکخستنی کارەکان و دەستنیشانکردنی ریکلامی هەڵبژاردن و دانانی خشتەی هەڵمەتەکە.
2 - پاڵێوراوەکان و قەوارەو هاوپەیمانیەتییەکان دەبێت پابەند بن بەو مەرجانەی کە لەڕێنمایی و رێساکانی رەفتاردا هاتووە و پیشتر لەلایەن بەرپرسی قەوارەکانەوە واژۆ کراوە.
3 - بەکارهێنانی ئەو ماددانەی کە لکێنەرن وەک لەزگەو سیکۆتین قەدەغەن و شوێن بە جێ دەهێڵن و سیمای دیوار و شەقامەکان ناشرین دەکەن.
4 - باڵەخانەی فەرمانگە حکومییەکان نابێت بەکاربهێنرێت، لە بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردندا.
5 - دامەزراوە و دەزگاکانی ئاسایش و دەزگا سەربازیەکان نابێت لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەکاربهێنرێن.
6 - قەدەغەیە هیچ فەرمانبەرێکی حکومی لە هەر پۆست و پلەیەکدا بێت لە کاتی دەوامی فەرمیدا، بانگەشە بۆ هیچ پاڵێوراوێک یان قەوارەیەکی سیاسیی بکات.
7 - پێویستە قەوارەو هاوپەیمانیەتییەکان دووربن لەبەریەککەوتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست لە دژی هەر پارت و پاڵێوراوێک، یان قەوارەیەکی سیاسی یان لەدژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
8 - وێنەو کارتی بەربژێر و ریکلام یان بەرنامەی هەر قەوارەو پارتێک لە ناوەندەکانی دەنگداندا قەدەغەیە.
9 - وروژاندنی گیانی ئاینی و تائیفی یان توندوتیژی نەتەوایەتی لەنێوان دەنگدەراندا بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، لە دروشم و وێنە و پۆستەر و دیمانەی میدیایی و ئامرازەکانی تری میدیادا.
10 - پێشکەشکردنی دیاری و بەخشینەوەی پارەو هەرکەرەستەیەکی تر لەلایەن هەر قەوارەو بەربژێرێکەوە لە کاتی بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردندا، بەمەبەستی دروستکردنی کاریگەری لەسەر دەنگدەر بەهەموو شێوەیەک نادروستە و قەدەغەیە.
11 - خەرجکردنی پارە بۆ ریکلامی هەڵبژاردن تەنها لە رێگای پارتی سیاسیی و قەوارەکانەوە دەبێت.
12 - دەستبردن بۆ بودجەی سامانی گشتی یان بودجەی هەر وەزارەت و فەرمانگەیەک بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن نادروستە و رێگە پێدراو نییە.
13 - هەر پاڵێوراوێک ناوی لە لیستی پاڵێوراواندا تۆمار نەکرابێت، نابێت هیچ ریکلام و کارتی دەنگدان بەناوی ئەوەوە دابەش بکرێت.
14 - نابێت شوێنە ئاینییەکان بەکاربهێنرێت بۆ بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن، بۆ هیچ پارت و کاندیدێک بۆ هاندانی دەنگدەران.
15 - کۆمسیۆن کۆمەکی هیچ پارت و کاندیدێک ناکات لەکاتی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردندا، پاڵیۆراو و پارت و قەوارەکان خۆیان بەرپرسن لە خەرجیاتی ماددی بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردن.

*راوێژکاری هەڵبژاردن

هەڵبژاردنێکی پێشووی هەرێمی کوردستان - ئەرشیف

وتارەکانی نوسەر