بەهامان داوە بە خاک و نەتەوە؟

10:42 - 2024-07-17
رێبین محەمەد سەعید
209 خوێندراوەتەوە

رێبین محەمەد

 



هەندێک لە حزبە عیراقییەکانی هاوبیری تورکیا، ئامانجیان لاوازکردنی دەسەڵاتی نەتەوەی کوردە، لە رێگەی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە

دروستکردنی بەها بۆ نەتەوە لە ناو پانتایی جیهاندا گرنگە، بۆ نموونە، کاتێک مرۆڤێکی چینی یان ئەمریکی، سەنگاپوری یان وڵاتانی سکەندەنافیا، دەبینیت، رێک خەیاڵت دەچێتەوە لای بەهاکانی وڵاتەکەیان. چییان پێشکەشکردووە، رەنگە ئەم مرۆڤە تەنها ئەندامێکی ئەو گەلە بێت و بەشداری نەکردبێت.
زۆرێک لە سیاسییەکانی کوردستان، لەبری بەها دروستکردن، ئەو بەهایەی وەک قوربانی و ئاشتیخوازی و ئازادیخوازیی و خۆڕاگریی زیندانییە سیاسییەکان کە تا ئاستی ناوبانگی ماندێلا وەستانەوە لە دژی  چەوساوە هەمان بوو، بێ بەهایانکرد و نەیانتوانی بەهای نوێی ئەرێنی بۆ هەرێمی کوردستان بونیاد بنێن .
بەختیار عەلی رۆمانووس دەڵێت»: نە لەرێگەی وتاری پۆپۆلیستییەوە، نە لەرێگەی وتاری ناسیۆنالیستییەوە، خۆمان نادۆزینەوە. ئەو باوەڕی وایە، دەبێت وتارێکی جیاوازتر پێشکەش بکرێت. 
رەنگە ئەم قسەیە کە دەمێکە وتوویەتی، بۆ ئەمڕۆش، گونجاوبێت، ئەو وەبەرهێنانەی وتاری ناسیۆنالیستی و پۆپۆلیستی کردوویەتی، چیمان بۆ دەکات بەر بە لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بگرێت؟ 
وتاری جیاواز کرداری جیاوازی لێدەکەوێتەوە، بەهای جیاواز بەرهەمدەهێنێت، بەهاکان، سەنگی نەتەوەکان دیاریدەکەن، چەند بۆ جیهان گرنگن؟ 
بەهۆی ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان هیچی پێشکەش نەکرد، هاوسۆزی و هاوکاری نێودەوڵەتیشی نەماوە. 
هەرێمی کوردستان، دروستکرا و پێشکەشکرا بەجیهانی نوێ، تا قسەیەکی جیاواز پێشکەش بکات، بەڵام، ئەوەی پێشکەشی کرد، دوای 30 ساڵ حکومڕانیی، (پلاسخارت) پێیوتن، وا مەزانن ئەم قەوارەیە هەروا دەمێنیتەوە، خۆتان چاک بکەن. 
نەبوونی روئیای سیاسی و تێڕوانینی ئەرێنی، پێشکەشکردنی وتارێکی باش بۆ جیهان، دەرەنجامەکەی ئەوەیە، نوێنەری ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەڵێت: لە ئۆپوراسیۆنەکانی تورکیا داوامان وایە، مەدەنی نەکوژرێت، لە کاتێکدا دەیان ساڵە، مەدەنی دەکوژرێت. هەندێک لە حزبە عیراقییەکانی هاوبیری تورکیا، ئامانجێکیان هەیە ئەویش، لاوازکردنی دەسەڵاتی نەتەوەی کوردە، لە رێگەی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە.

وتارەکانی نوسەر