خەباتی چەکداری تاکەی؟

10:10 - 2024-07-21
عوسمان ساوجی
257 خوێندراوەتەوە

خەباتی چەکداری یەک لە فۆرمە باوەکانی تێکۆشانە کە تا کۆتاییەکانی سەدەی رابردوو بەشێوازێکی بەربڵاو لەنێو ئەو گەلانەی گیرۆدەی داگیرکاری ببوون و عەوداڵی گەیشتن بە رزگاری نیشتمانی بوون، پەیڕەوی لێکراوە. 
سەرەتا دوای کۆتاییهاتنی داگیرکار و دواتریش دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، ئیدی وردە وردە رووی لە کەمی کردووە، بەڵام ئەوە هەرگیز بەواتای کۆتایی نەبووە. 
گەلانی ژێردەستە پاڵپشت بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە 2649 لە 23/11/ 1975 کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە هەر گەلێک تووشی داگیرکاری بووە، پێویستە دان بەمافی چارەنووسیدا بنرێت و رەوایە بەهەر رێگەیەک درێژە بە تێکۆشانی بدات تا دەگاتە ئامانج. لێرەوە تا پرۆسەی داگیرکاری بەردەوام بێت خەبات و بەرگریش درێژەی دەبێت. 
ئەگەرچی لە چەرخی بیست و یەکەمدا، دیاردەی تێکۆشانی چەکداری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەسەند نەبووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەوڵەتانی داگیرکەر پێناسەی هێزە چەکدارەکانیان بە یاخی و جوداخواز و تیرۆرست کردووە، بەڵام ئەمانە هیچیان رێگر نەبوون لە درێژەدان بە روبەڕوبوونەوەی چەکداری لەنێو هەندێک لە گەلانی وەک ئەفغانستان دژی یەکێتی سۆڤیەت و دواتریش هێزە توندڕەوکانیان دژی ئەمریکا، بەرەی رزگارییخوازی فەلەستین و دیارترینیشیان بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردبوو. 

 

خەباتی چەکداری بۆ بزاوتی کوردی لە پانتایی کوردستاندا بژاردەیەکی ناچاری و داسەپاو بووە و کورد باجی قورسی ئەو جۆرە تێکۆشانەی داوە

 

دیارە بۆ هەرهێزێکی رامیاری کە نوێنەرایەتی نەتەوەیەک، پێکهاتەیەکی ئایینی یان ئایینزایی، دەکات بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و رامیاری کەلتورییەکانی، واباشترە و بێ زیانترە بژاردەی یەکەمی تێکۆشانی مەدەنی بێت لە چوارچێوەی یاسا و لە رێگەی دامودەزگا شەرعییەکانەوە بێت. بەڵام راستییەک هەیە کە پێویستە رەچاو بکرێت، ئەویش ئەوەیە کە خەباتی مەدەنی پێویستی بە زەمینەیەکی لەبار هەیە، ئەوەش لە سایەی سیستمێکی رامیاری دیموکراسییەوە دەبێت، بەڵام قەدەری گەلی کورد نەبوو کە بتوانێت درێژە بەو جۆرە تێکۆشانە بدات. 
بۆ نموونە لە سەرەتای سەدەی رابردوودا، کورد بەشداریی کارای کرد لە دامەزراندنی چەندین کۆمەڵە و رێکخراو و رەۆژنامە هتد.... .بەهیوای ئەوە چاکسازی لە دەوڵەتی عوسمانی دەرفەتی دەست راگەیشتن بە مافەکانی بۆ بڕەخسێنێت، بەڵام ئەوە رووی نەدا، بەهەمان شێوە لەسەرەتای دروستکردنی دەوڵەتی عیراقیشدا دەستەبژێری رامیاری و رۆشنبیریی کورد، هەوڵی زۆریان داوە بتوانن لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا کورد بە مافەکانی بگات، بەڵام لەگەڵ جێگیربوونی پایە لەرزۆکەکانی ئەو دەوڵەتانە، پیلانی یەکەم و لە پیشینەیان لە قاڵبدانی کورد و بەکەمینە کردنیان بووە، لەهەندێک قۆناغدا دان بەبوونیشیدا نەنراوە، ئەمە بۆ کوردی بەشەکانی تریش تەواو راستە. 
دەکرێت بڵێین خەباتی چەکداری بۆ بزاوتی کوردی لە پانتایی کوردستاندا بژاردەیەکی ناچاری و داسەپاو بووە و کورد باجی قورسی ئەو جۆرە تێکۆشانەی داوە کە خوێنی سەدان هەزار رۆڵەی لەپێناودا بەخت کردووە و بێ ماڵ و حاڵ بووە و گوند و شارۆچکە و شارەکانی کەوتوونە بەرهێرش و پەلاماری وێرانکەر. 
کۆتاییهاتنی ئەو خەباتەش بە هیچ جۆرێک لەدەست کورددا نییە، بەڵکو پەیوەستە  بە دانپیادانانی چوار دەوڵەتی سەردەستی کوردستان بە مافەکانی کورد و چارەسەری ئاشتییانەی ئەو پرسە، بە پێچەوانەوە تێکۆشانی چەکداری کورد بووە بە هەشتەمین سەرسوڕهێنەرەکانی سەر زەوی و دوای سەدان جار کوژاندنەوەی دیسان هەڵگیرساوەتەوە و بەردەوام بووە و دەبێت.

بەهۆکاری شەڕ، هەزارەها کەس وڵاتی خۆیان جێدێڵن و ئاوارە دەبن

وتارەکانی نوسەر