تۆفانی یەمەن بەڕێوەیە

10:12 - 2024-07-25
ئارام عه‌لی عه‌زیز
357 خوێندراوەتەوە

دوای شكستی لە غەززەو بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی بەربەرچدانەوە deterrence، و داڕشتنی هاوكێشەیەكی نوێ‌ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیسرائیل وەكو كاردانەوەیەكی لێدانی تەلئەبیب لە لایەن حوسییەكانەوە، بە بیست فرۆكەی جەنگی پەلاماری بەندەری حودەیدەی یەمەنی دا،  گالانتی وەزیری بەرگریش، وەكو هەڕەشەیەك رایگەیاند ئەو ئاگرەی لە حودەیدەدا هەڵگیرساوە، هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت بیبینێت.

بەرەو قۆناغێكی مەترسیدار
جووڵەی عەمەلیاتیی و لێدوانەكانی هەردوولا ئەوە نیشان دەدەن، كە جەنگی غەززە بەرەو قۆناغێكی مەترسیداری روبەڕووبوونەوەی ئیقلیمیی دەچێت،  جگە لە ئیسرائیل لەوانەیە سعودیەش یەكێك بێت لە ئامانجەكانی حوسییەكان، چونكە هاوپەیمانی ئەمریكایە و فڕۆكەكانی ئیسرائیل ئاسمانی سعودیەیان بەكارهێناوە و ئارامكۆش  سەرچاوەی سەرەكی  نەوتی سعودیەیە بۆ ئەمریكا و خۆرئاوا و پێشتریش چەندین جار لە لایەن حوسییەكانەوە بۆردومان كراوە. 
 هەیكەل دەڵێ، یەمەن بوركانێكە ئەگەر بتەقێتەوە هەموو دوورگەی عەرەبی دەسووتێنێت. بە گەرمبوونی بەرەی یەمەن، بەرەی لوبنان و سوریا و عیراقیش گەرم تر دەبێت لە چوارچێوەی یەكێتی گۆڕەپانەكاندا، ئیرانیش وەكو هاوپەیمانێكی ئەنساروڵای یەمەنی درێغی ناكات لە هیچ جۆرە هاوكاریكردنێكی ئەو بەرانە دژ بە ئیسرائیل، لە بەرامبەردا دوور نییە جەنگەكە سەرتاپای ناوچەكە بگرێتەوە و لە قۆناغێكیدا میسر و سعودیە و ئوردونیش لە بەرژەوەندی ئیسرائیل پەلكێشی ناو جەنگەكە بكرێن. لەگەڵ فراوانبوونی بەرەكانی جەنگەكەش، چەك و تەكنەلۆجیای تازەی پێشكەوتوو دێتە گۆڕەپانی جەنگەكەوە و هەموو سنوور و بنەماكانی جەنگ دەبەزێنرێت.

 پێگەی جیۆپۆلیتیكی یەمەن
لە لایەكی دیكەوە پێگەی جیۆپۆلیتیكی یەمەن، كەلەسەر دەریای سوورە و گەرووی مەندەبیش گەرویەكی گرنگە، روسیا بە هەموو شێوەیەك بەرەو پشتیوانیكردنی یەمەن رادەكێشێت، كە پێشتر بنكەیەكی لەو ناوچەیەدا هەبووە. پێشتریش پوتین هاوكاری كردن و پێدانی چەك و رۆكێت و تەكنەلۆجیای سەربازیی بە كیان و دەوڵەتانی دژ بە ئەمریكا و خۆرئاوای تەئكید كردبووەوە وەك وەڵامێك بۆ هاوكاری هەمەڕەنگی ئەمریكا و خۆرئاوا بۆ ئۆكرانیا.

شارە زەردەوالەی لە خۆی ورووژاند
 نەتانیاهو بەم هەنگاوەی لێدانی بەندەری حودەیدە شارە زەردەوالەی لە خۆی ورووژاند، ئاگرەكەی حودەیدە دەبێتە تین و گوڕی تاك و كۆمەڵگای یەمەنی بۆ وەڵامدانەوەی  ئیسرائیل و نەتانیاهو دەبێت پەنجەی پەشیمانی بگەزێت، چونكە لە مێژووی دوور و نزیكدا هیچ هێز و دەوڵەتێك نەیتوانیوە بەسەر یەمەندا زاڵبێت، نموونەی مێژووی نزیك جەنگی چەندین ساڵەی سعودیە و یەمەن و، مێژووی دووریش نمونەكەی شكستی پەلامارەكانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە لە یەمەندا، كە ئەو سەربازانەی دەنێردران بە ساغی نەدەهاتنەوە، لەو رووەشەوە گۆرانییەكی كەلتووری عوسمانی هەیە بە ناوی یەمەن، كە تیایدا هاتووە: «هیچ هەورێك بە ئاسمانەوە نییە، ئەم دووكەڵە چییە...هیچ كەسێك لە گەڕەكدا نەمردوە، ئەم گریانە چییە... ئەمە چ كارەساتێكە لە ناوچەكانی یەمەن... ئەوە یەمەنە، كە لێرەوە دوورە و گوڵەكانی گژ و گیان... ئەوانەی دەچنە ئەوێ‌ ناگەڕێنەوە، سەرم سوڕماوە بۆ ئەوهایە!».

دیمەنی بۆردومان کردنی بەندەری حودەیدەی یەمەن لەلایەن ئیسرائیلەوە

وتارەکانی نوسەر