ئارام عهلی عهزیز
وەڵامێكی سادەی ئەو پرسیارەی سەرەوە لەو نەخشەیەدایە، كە بە ناوی «نەخشەی نەفرەت» نەتانیاهو لە وتارەكەیدا لەبەردەم خولی حەفتا و نۆیەمینی كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان نیشانی ئامادەبووانی دا، كە سوریا و عیراق و ئیران لە خۆدەگرێت و بە رەنگی رەش رەنگ كرابوون و وەكو یەك ستاتو دەبینران.
دوای پەلاماردانی باشووری لوبنان و تیرۆركردنی حەسەن نەسروڵڵا، دوور نییە لە داهاتوودا جەنگەكە هەموو لوبنان بگرێتەوە و لەوێشەوە بگوازرێتەوە بۆ دیمەشق و عیراق و تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەش روسیا و توركیا لە ناوچەكەدا دووچاری هەڵوێست وەرگرتنی سەربازی دەكاتەوەو ئەگەری ئەوەی هەیە جەنگەكە نەك بەرەو ئیقلیمیی بوون، بەڵكو بەرەو جیهانیی بوون هەنگاو دەنێت.
نەتانیاهو لەبەردەم نەتەوە یەكگرتووەكاندا تەئكیدی كردەوە، كە وڵاتەكەی لە جەنگێكدایە لە پێناو مانەوەدا، پێشتریش چەندین جار دوای حەوتی ئۆكتۆبەر رایگەیاندبوو، كە وڵاتەكەی هەڕەشەی وجودی لەسەرە، لە هەقیقەتیشدا حەوتی ئۆكتۆبەر، نەك شكستێكی گەورەبوو بۆ ئیسرائیل، بەڵكو گورزێكی روحكێش بوو لە زەمان و مەكانێكی چاوەڕوان نەكراودا پێیان كەوت، بە كورتی یازدەی سێپتەمبەری ئیسرائیل بوو. بە دڵنیاییەوە لێكەوتە و ئاكامەكانی یازدەی سێپتەمبەر چی بوو بۆ ئەمریكا، كە بە هۆیەوە لە تاكجەمسەری كەوت، لێكەوتە و ئاكامەكانی حەوتی ئۆكتۆبەریش ئیسرائیل بەرەو نەمان دەبات. لەبەر ئەوە ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریكا بەهەموو هێزی خۆی قۆناغ بە قۆناغ پەلاماری دەوڵەتانی بە رەش رەنكگراوی نەخشەكە دەدات، بە ئومێدی ئەوەی عەرەب گوتەنی (عەسا وە لەعەلە) لەسەر پێ بمێننەوە، بەڵام بەهۆی فۆبیا و هیستیریای حەوتی ئۆكتۆبەرەوە، خەریكە وەكو مەلای مەشهور لقە دارەكەی ژێر پێی خۆی دەبڕێ بە لێدانی ئەو گروپ و فكر و سنوور و سیستم و دەوڵەتانەی كە ساڵانێكە لەو جوگرافێیەدا لەژێر ناوو دروشمی جیاجیا بوونەتە تەوقی پارێزگاری فیعلی دەوڵەتی جوولەكە.
لە راستیدا ئەو نەخشەیەی نەتانیاهو بە ناوی «نەخشەی نەفرەت» لە مینبەری نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بە جیهانی نیشان دەدات، بە تایبەت «عیراقی مەزن» كە لە سفری تەكوین (2)ی تەورات دا بە (بەهەشتی ئادەن) وەسفكراوە، لە ئەسڵی خۆیدا «نەخشەی نیعمەتە»، چونكە بەهەشتی ئادەم و سەرزەمینی ئایین و نشینگەی پێغەمبەران و لانكەی شارستانیەت و ئومێدی مرۆڤایەتییە.
دوای پەلاماردانی باشووری لوبنان و تیرۆركردنی حەسەن نەسروڵڵا، دوور نییە لە داهاتوودا جەنگەكە هەموو لوبنان بگرێتەوە
لەو روانگەیەوە ئەو پەلامارە چاوەڕوانكراوەی ئیسرائیل بۆ سەر عیراق بە هاوكاری هاوپەیمانە ئەعرابەكانیی و سووڕانەوەی فەلەك و گەیشتنەوەی هێرشەكان بەیەكەمین خاڵ و شوێنی دەستپێكردنی شەڕ و شاڵاوە سەربازییەكانی ئەمریكای بەر لە 21 ساڵ ، كە ترەمپ وتبوی، «گەورەترین هەڵەی ئەمریكا پەلاماردانی عیراق بوو»، پێكدادانی گەورەی لێدەكەوێتەوە و عیراق دەكاتە گۆڕەپانی سەرەكیی جەنگ و ئەزموونی دووەمیش وەكو ئەزموونی یەكەم نابێت و دنیایەك موفاجەئاتی گەورەتری لە موفاجەئەی 11 سێپتەمبەر و 7ی ئۆكتۆبەری لێدەكەوێتەوە، كە هەرە بچوكەكەی كۆتایی زایۆنیزم و هەڵوەشانەوەی سیستمی ستەمكاریی جیهانی دەبێت.