ئاشتی بە زەبری هێز

10:34 - 2024-07-25
هیوا محەمەد
296 خوێندراوەتەوە

جۆرج بوشی کوڕ دەیووت ئێمە دیموکراسی لە عیراق پیادە دەکەین لە رێگەی گۆڕینی رژێمی بەعسەوە، دواتر بە لادانی رژێمەکە و گرتنی سەدام و زۆربەی سەرانی حزبەکە کە بە سێتی کارتەکانی کۆنکەن ریز کرابوون، نە دیموکراسیمان بینی نە ئارامی و سەقامگیری، نەک هەر ئەوە، بەڵکو عیراق بووە جێگەی پەروەردەکردنی توندوتیژی و هەموو کردە خراپ و نامرۆییەکان و لێرەوە تەشەنەی کرد تا داعشی لێ بەرهەمهات.

هەر رژێمێک دەستێکی دەرەکی لەناوی بەرێت، ناتوانێت ئەو حکومڕانی و رژێمەی دوای ئەو، هەڵقوڵاوی خەڵک و بەپێی خواستەکانی خەڵک بێت

ئێستاش لەو دیموکراسییەی کە ئەمریکا لە سەبەتەیەکدا بۆ ئێمەی هێنا! ماوەی چەند مانگێکە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران وەک دەڵێن( بەهۆی تێوەگلانییەوە لە گەندەڵی) لەسەر کار لابراوە و نەتوانراوە جێگرەوەی بۆ دابنرێت.
هەر لەژێر سایەی ئەم (دیموکراسییە ئەمریکییە)دا، لە کەرکوک هەڵبژاردن کراوە و ئەنجامەکانیش بێئەوەی تانەی لەسەر بێت، بیانوو لە دابەشکردنی پۆستەکان دەگیرێت و رێگری لێدەکرێت و دەستی دەرەکی بە ئاشکرا ناهێڵیت دیموکراسییە هاوردەکەی ئەمریکا پیادە بکەین.
عیراق و ناوچەکە بەهۆی هاتنی سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانانی و لادانی رژێمی بەعس بە زەبری هێز و حکومڕانییکردنی عیراق لەڕیگەی برێمەر و سەپاندنی(دیموکراسی)بە زەبری تانک،( راستی ئەوەیە کە هەر رژێمێک دەستێکی دەرەکی لەناوی بەرێت، ناتوانێت ئەو حکومڕانی و رژێمەی دوای ئەو، هەڵقوڵاوی خەڵک و بەپێی خواستەکانی خەڵک بێت)، چونکە بەرژەوەندییە دەرەکییەکە کە وایکردووە لە دووریی هەزاران کیلۆمەترەوە کوڕ و کچی خۆی بێنێت و بە کوشتی بدات، لەبەرخاتری چاوی کاڵی خەڵکی ئەو وڵاتە نییە، بەڵکو چەندین خاڵی دیکەی ستراتیژیی بۆ خۆیان بە پلان کراوە و هاتوون جێبەجێی بکەن.
هەمان ئەو دیموکراسییە بە پشتی تانک و لە رێگە باڵی فڕۆکەوە گوازرایەوە بۆ ئەفغانستان و دوای کارکردن تێیدا بۆ ماوەی 20 ساڵ، کۆمەڵگەیەکیان بنیات نا لە دوو جۆری دژ بەیەک، بەشێکیان لە توندڕەوەکانی تۆرابۆرا و بەشەکەی تری لەو خوێندکارانەی بەپێی دیموکراسییەکەی خۆیان لەو 20 ساڵەدا پەروەردەکرابوون.

ترەمپ ئەزموونەکە دووبارە دەکاتەوە
ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی ئێستای کۆمارییەکان، لە وتەیەکیدا دەڵێت: بەهێز ئاشتی دەچەسپێنین.
ئەمە لە کاتێکدا کە ئاشتی نێوان دوو منداڵ لەخێزانێکدا ئەگەر بە زەبری هەڕەشە و چاو سوورکردنەوەی گەورەکانیان بێت، بێئەوەی بۆیان روون بکرێتەوە کە ئەو ئاشتییە بۆچی باشە؟ کاریگەری نابێت و هەر زوو دەبێتەوە بە ململانێ و ناکۆکی.
ترەمپ دەڵێت: شەڕەکان کۆتایی پێدێنم، واتا جەنگی هەڵگیرسێنراوی غەززە و ئوکرانیا کە سەرەکیترینیانە، دەشڵێت مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر جیهان ناهێڵم، ئەمانە دەڵێت و سەدان کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ناوخۆیی ئەمریکا هەیە و کاندیدەکان بەدەگمەن دەچنە سەر باسکردنی.
بێگومان بەشێکی زۆری ئەم لێدوانی کاندیدانەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیش، رێکلامی چەواشەکارییە بۆ بەدەستهێنانی دەنگ، دەنا ئەوەی کە لەسەردەمی جورج بوشی باوک و کوڕەوە سەبارەت بە عیراق و ئەفغانستان و فەلەستین لە ئارادا بوو، تائێستاش هەرماوە و دۆخی ناوچەکە خراپتر بووە و باشتر نەبووە و ئەگەر چاوەڕوان بین ترەمپ بە رێگەی هێز ئاشتیمان بۆ بەرقەرار دەکات، ئەوا لەدەرگای گەمژەیی سیاسی دەدەین.

وتارەکانی نوسەر