تراژیدیای رێگەکانی کۆچ

09:42 - 2024-08-04
ئەرسەلان مەحمود
136 خوێندراوەتەوە

گەڕانەوەی ژمارەیەکی تر لە قوربانیانی کۆچ بەجەستەی سارد و سڕەوە بۆ نیشتمان، چەندە پێگە و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، پێگەی حکومەتەکانی خۆرئاواش هەزار هێندە.
 کۆچبەران، نەک هەر لە هەرێمی کوردستان، لە هیچ جێگەیەکی جیهان ئەو خەڵکە بێ ئینتیما و بێ ئیرادە و هەڵاتووە نین، سەرۆکی حکومەت راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە کۆنگرە و  کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکانیدا (وەتەنییات)یان پێدەفرۆشێتەوە و تۆمەتباریان دەکات بەبێباکی. 
ئەوە تاکڕەویی لە ئیدارەدان و مامەڵەی نا یەکسان و جیاکارییە، هەرێمی لەبری نشینگەی دڵخوازی خەڵکەکەی و چاکەخوازی، لێیکردوون بە ناوەندی بێئۆقرەیی و بێهیواکردنی تاک، ئەوان بێدادی و ستەم ناچاری کردوون بەدوای ژیانێکی شکۆمەندانەتردا بگەڕێن.
سادەترین رێگە بۆ پێوانەکردنی حکومەتی باش لەهەر وڵاتێکدا، ئەوەیە ئاخۆ خەڵک چەند دەیانەوێ لەژێر سایەیدا بژین و بمێننەوە و چەندەش دەیانەوێ جێیبهێڵن، نەتەوە و نەتەوەسازی، حکومەتی باش بە کەتافی کوردایەتی رووپۆش و پۆشینی براندی خۆرئاوایی نایەتە ئاراوە، سیاسەتی (خۆ بەسوڵتانزانین) و (خەڵک بە رەعییەت)، تاسەر بڕناکات.
لەلایەکی ترەوە، هەموو حکومەتەکانی دونیای خۆرئاوا قەرزارباری کۆچبەرانن لەبەرهەمهێنانی فرە رەنگی و فرە کەلتوری و دەوڵەمەندکردنی سەرمایەی مرۆیی و ئیداری، کەچی ساڵ بە ساڵ دڵڕەقانەتر مامەڵە لەگەڵ داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی کۆچبەراندا دەکەن، ئەو نەرمی و بەخشندەیی و دادپەروەری نواندنەی بگۆی دەکەن، رووکەش و دووڕووانەیە و خەڵکی پێ دەستخەڕۆ دەکەن.
خەڵکانێک کە نەک هەر لە هەرێمی کوردستانەوە، بگرە لە سەرانسەری جیهانەوە، کاتێک ماڵەکانیان خێزان و خانەوادە و وڵاتەکانیان بەجێدەهێڵن و لەگەڵیدا گیان و ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە، کاڵا و کەرەستەی یارییە سیاسییە سنوورییەکان نین، ئەوان خاوەن وزە و توانا و بەهرە و فەرهەنگی جیان، هەلیکار و دەستەبەری ماف و ئازادی و سیستمێک کە پێیانوایە ئەو زەمان و زەمینەیان دەداتێ و دەیانپارێزێ کێشیکردوون، رەتکردنەوەی زوڵم و ستەمێک وڵات بەدەریکردوون.
مەرگەسات و تراژیدیای رێگەکانی کۆچ  کە دەریا دۆزەخیترینیانە، بەکراوەیی دەمێننەوە، ئەگەر رێگەیەکی باشتر بۆ ژیان لەبەردەم گەلەکەماندا نەکەینەوە و نەدۆزینەوە، ئەو رێگەیەش رێگەی خۆبنیاتنانەوە و وەستانەوەیە بەڕووی تاکڕەویی و بێدادیدا، دەکرێ دوور لە توندوتیژی لەڕێگەی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی هەرێمەوە بەردی بناغەی بە نۆژەنکراوی دابنێینەوە و خەڵکی بکەینەوە بە سەرچاوەی بڕیار و گۆڕانکارییەکان.
 گرنگە لەم دەرفەتەدا ئەم راستییە فەرامۆشی دووتوێی هیچ شتێک، هیچ دوودڵی نواندنێک، هیچ مەجاز و میزاجێک نەکەین و وابکەین کە هەموو ئامانجمان پاراستنی خاک و گوزەرانی خەڵک بێت.

نەهێشتنی بێکاری و بوژانەوەی بازاڕ لە ئەرکە سەرەکییەکانی حکومەتە

وتارەکانی نوسەر