ئەرسەلان مەحمود
لە مێژووی شۆڕشەکاندا، دیاردەیەکی بەرچاو و دووبارەبووەوە هەیە کە تیایدا شۆڕشگێڕان دوای گەیشتن بە دەسەڵات، دەگۆڕێن بۆ کەسانێکی پاسیڤ، دەسەڵاتخواز، گەندەڵکار و خۆپارێز، ئەم دیاردەیە چەندین پرسیاری گرنگی ئەخلاقی، سیاسی و کۆمەڵایەتی دەوروژێنێت کە پێویستە بە وردی لێیان بکۆڵینەوە و لە هۆکارەکان تێبگەین.
کاریگەریی دەسەڵات
کاتێک کەسێک دەگاتە پێگەیەکی بەرز و دەستی بە سەرچاوە و سامانی گشتی دەگات، دەرفەتی خراپ بەکارهێنانی پێگە و دەسەڵاتەکانی بۆ دەڕەخسێت، زۆرجار ئەو بەها بەرزانەی کە کەسی شۆڕشگێڕ لەسەرەتادا هەیبووە، لەژێر کاریگەریی بەرژەوەندییە هەمەلایەنە کەسییەکانی و دەسەڵاتیدا کاڵ دەبنەوە و لە دەستیان دەدات.
نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم دیاردەیە لە شۆڕشی کوبادا دەردەکەوێت، کاتێک فیدڵ کاسترۆ لە شۆڕشگێڕێکی خەباتگێڕەوە گۆڕا بۆ دیکتاتۆرێک کە 40 ساڵ حوکمی کرد.
سیستمی بەردەوام
سیستمی کۆن و مانەوە لە دۆخی رابردوودا، سەرەڕای گۆڕینی کەسەکان لە خەڵکانی واقیعبینەوە بۆ کەسانی محافزکار و هەلپەرست، زۆر جاران بە شێوەیەکی شاراوە و ناڕاستەوخۆ شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و دەسەڵاتەکانیان ناچار دەبن هەمان ئەو میکانیزمانە بەکاربهێنن کە پێشتر دژی بوون.
نموونەی بەرچاوی ئەمە لە شۆڕشی میسردا دەردەکەوێت، کاتێک سەرکردەکانی شۆڕشی 25ی یەنایەر، دوای سەرکەوتن، هەمان ئەو میکانیزمانەیان بەکارهێنا کە پێشتر دژی بوون. موحەمەد مورسی و ئیخوان موسلمین کە خۆیان قوربانی سیستمی سەرکوتکەر بوون، دواتر هەمان ئەو یاسا سەرکوتکەرانەیان بەکارهێنا دژی ئۆپۆزسیۆنی دوای شۆڕش.
دوورکەوتنەوە لە خەڵک
دوای سەرکەوتنی شۆڕش، زۆربەی شۆڕشگێڕان لە خەڵک و کێشەکانیان دوور دەکەونەوە. فزوڵییەت و رەفاهییەتی ژیان دەبنە هۆکاری ئەم دابڕانە کە وادەکات نەتوانن وەک ئەوەی هەیە حەقیقەت قبووڵ بکەن و ببینن، بۆیە تادێ کەمتر هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن بەرامبەر بە خەڵک.
نموونەی ئەمە لە جەزائیر دەردەکەوێت، کاتێک سەرکردە شۆڕشگێڕەکان دوای سەرکەوتن، لە کۆشک و ڤێلای تایبەتدا دەژیان و تەواو لە ژیانی رۆژانەی خەڵک دابڕان، هەروەها لە ڤێتنام، سەرکردەکانی شۆڕش دوای سەرکەوتن، لە ناوچە تایبەتەکاندا نیشتەجێبوون و پەیوەندییان لەگەڵ چینی هەژاردا پچڕا.
دەرەنجامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان
کاتێک خەڵک دەبینن ئەوانەی بۆ مافەکانیان خەباتیان کردووە، خۆیان بوونەتە کارەکتەری موزەییەف و خەڵەتێنەر و ستەمکار، متمانەیان بە هەر گۆڕانکارییەک لەدەست دەدەن، ئەمەش کۆمەڵگە بەرەو بێهیوایی و ناچالاکی دەبات.
بەردەوامیی چەرخی ستەم
شۆڕشگێڕانی گەندەڵبوو، جگە لە زمانی سیحری و قسەی باق و بریقی بێکردەوە، نەک هەر هیچیان نامێنێ بۆ وتن، بەڵکە دەبنە هۆی دروستبوونی نەوەیەکی نوێی شۆڕشگێڕ دژ بە خۆیان و بەم شێوەیەش چەرخەی توندوتیژی و ناسەقامگیری بەردەوام دەبێت.
لاوازبوونی بزووتنەوە چاکسازییەکان
کاتێک خەڵک دەبینن شۆڕشگێڕانی پێشوو گەندەڵ بوون، متمانەیان بە هەر جۆرە بزووتنەوەیەکی چاکسازی کەمدەبێتەوە و توانای گۆڕانکاریی ئاشتییانە لاواز دەبێت.
پەرەسەندنی توندوتیژی
نائومێدی لە رێگەی ئاشتیانە و یاسایی، خەڵک بەرەو رێگەی توندوتیژی و کاردانەوەی توند پاڵ پێوە دەنێت.
سیستمی چاودێری
بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم کەس و حاڵەتانە، لە حزب و لە حکومەتیشدا پێویستە سیستمێکی کاریگەریی چاودێری و لێپرسینەوە دابمەزرێت کە رێگە نەدات کەس دەسەڵاتی رەها بەدەست بهێنێت، ئەمەش لە رێگەی: دامەزراندنی دەستەی سەربەخۆی چاودێری، راپۆرتی وەرزی دارایی بۆ سەرجەم بەرپرسان و میکانیزمی روون بۆ سکاڵا و لێپرسینەوە.
رۆشنبیریی سیاسی
گرنگە هەمووان و خەڵک بە گشتی، رۆشنبیری سیاسییان هەبێت و بتوانن بە شێوەیەکی رەخنەگرانە سەیری دەسەڵات بکەن و لێیبپرسنەوە، ئەمەش لە رێگەی: پەرەپێدانی میدیای ئازاد و سەربەخۆ، هاندانی گفتوگۆی کراوە لە کۆمەڵگەدا، پشتگیری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
دامەزراوە سازی
جێگیرکردنی دامەزراوەی بەهێز و سەربەخۆ گرنگترە لە متمانەکردن بە تاکەکەسەکان، دەبێت سیستمێک دروستبکرێت کە پشت بە یاسا و دامەزراوەکان ببەستێت نەک کەسەکان، لە رێگەی: دابەشکردنی دەسەڵات بەسەر دامەزراوە جیاوازەکاندا، دیاریکردنی ماوەی دەسەڵات، سیستمی هاوسەنگی و چاودێری نێوان دەسەڵاتەکان.
مێژووی شۆڕشەکان پێمان دەڵێت کە گۆڕانی راستەقینە تەنها بە گۆڕینی کەسەکان نایەتە دی، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانی قووڵی سیستم و کەلتوری سیاسی هەیە.
پێویستە میکانیزمی پتەو بۆ رێگرتن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دابنرێت و گرنگی زیاتر بە دامەزراوەسازی بدرێت. کەسانی گەندەڵ دەبێت دوور بخرێنەوە و بدرێنە دەست یاسا بۆ لێپرسینەوە و سزادان. بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و دیموکرات بنیات بنێین.