هـێزی نه‌رم

شەوی شادی کەرکوک، وەک رۆژی رووناکە

10:10 - 2024-08-12
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
835 خوێندراوەتەوە

كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د 


دوێنێ شەو من و شاری کەرکوک لە خۆشیاندا نەخەوتین، ئەگەرچی لەبەر پاراستنی ئارامیی شارەکە، ئاهەنگی شادیی نەگێڕدرا، بەڵام  قەڵای سەربڵندی کەرکوک تابەیانی فرمێسکی شادیی رشت و ئۆغژنی هاتنەدیی ئامانجی شەهیدە زۆر و زەوەندەکانی لاواندەوە، شاری بابەگوڕگوڕ دووبارە بەدەستە موبارەکەکانی مێژووی خۆی نووسییەوە و توانیی لەڕێی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردەوە، کوردێکی کارامە بکات بە پارێزگاری شارەکە، هەقە شارەکانی تری کوردستان چاو لە کەرکوکییەکان بکەن، خەڵکی هوشیار و ئایندە رووناک دەبێت وەک شار و خەڵکە تێگەشتووەکەی کەرکوک بن، کە بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی بەوانە سپارد کە رێزێکی زۆر و شایستە لە پێکهاتە رەسەنەکانی شارەکە و قەوارە خەمخۆرەکانی ئاسایش و ئارامیی کەرکوک دەگرن. ئازیزان ئەگەر لەبیرتان بێت چەند هەفتەیەک لەمەوبەر هەر لەم گۆشەیەوە باسی هێزی نەرمی هەڵبژاردنم کرد و پێشبینی شکست هێنانی گەلەکۆمەکێ کارانم کرد، ئەم ئەنجامەی شەوی رابردوو  کە یەکێتی لەسەر سینییەک لە زێڕ پێشکەش بە خەڵکی کەرکوکی کرد و بەڕێز رێبوار تەهای وەک پارێزگار راگەیاند، رەواندنەوەی مەترسیی ئەو ساڵانەبوو کە کورد لە شارەکەی خۆی دەردەکرا و لە بەردەقارەمان بەسەدان خێزانی رەسەنی کەرکوک بە کولەمەرگی لەژێر دەواردا دەژیان و موڵک و ماڵیان دەستی بەسەردا دەگیرا. بەڵام کورد یەکەمین لێدوان و هەنگاوەکانی رێزگرتن بوو لە هەستی پێکهاتەکان و پەیمانی خزمەتکردنی هەمووانی داوە بەبێ جیاوازی. بێگومان هەندێ حزب و لایەن بەم گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەن ماف و خاوەن زۆرترین شەهیدی رێگەی ئارامیی لە کەرکووکدا، قەڵس و نیگەرانن، بەڵام ئەوەیش بە ئیرادە و نەرمیی نواندن چارەسەر دەبێت. نابێت ئەو راستییەش لە یادبکەین کە رێسای ژیان بەوجۆرەیە ئەوەی بە نەرمیی نەهاتە ژێر بار ئەوا بە دەستێکی پۆڵایین لە تەپڵی سەری دەدرێت، ئەوکاتە باوەڕ بە هێزی نەرم دەهێنێت.
ئەوەی لە شەوی رابردوودا کورد بەدەستی هێنا لەشاری ئارابخا، سەرکەوتنی کورد و عەرەب و تورکمانیشە، لەبەرئەوەی هەموو داوەکانی پیلان شارەکەیان بەرەو چارەنووسێکی نادیار و پڕ لە ئاشوب دەبرد، ئەگەر هەر کوردێکیش خاوەنی ویژدان بێت دەبێت دەستخۆشی و پیرۆزبایی لەم هەنگاوە سیاسییە باڵایە بکات و رێزی لێ بگرێت.

وتارەکانی نوسەر