بە رووخسەتی (حەریق) ی شاعیر ئەو دوو دێڕە شیعرە جوان و مانادارەیم بە دەستکارییەوە بەکارهێناوە و کردوومن بە ناونیشانی وتارەکەم کە تێیدا دەفەرمووێت:
تاڵ و شیرین پێکەوە نەمدیووە چابێ چانەبێ
هەر کەسێ هامنشینی چانەبێ پێت چا نەبێت
ئەوانەی وادەزانن پیشەی رۆژنامەنووسیی تەنیا پیشەی سەرئێشە و شەونخونی و ماندوبوونە بە هەڵەدا چوون، لەبەرئەوەی ساتە خۆشەکان و ئەو خەندە و پێکەنینانەی دێنە ناو دڵ و دەروون و یادەوەریی رۆژنامەنووسەکانەوە بارتەقای تاڵییەکان کاریگەر و تایبەتن. ئەو هەڵە تەکنیکیی و زمانیانەی لە گەرمەی کاری رۆژنامەوانیدا روودەدەن جار هەیە نەک دەبنە هۆکاری هەردەم پێکەنین بەو چیرۆکی هەڵە نەخواستراوانە، بەڵکو ساڵانێکی زۆریش پاش ئەوە هەر بە شۆخیی و دەمبەخەندەیی ماندووەکانی رێگەی رۆژنامەگەریدا هەڵدەپژێن و گەرووی وشکیان پاراو دەکەن. یەکێ لەوانە چیرۆکە بەناوبانگەکەی پیرەمێردی نەمرە، کە پرسەنامەیەک دێتە بەردەستی، لە کۆتاییدا نووسراوە جێگەی بەهەشت بێت ئەمیش لە پەراوێزدا بۆ چاپخانە دەنووسێت ئەگەر جێ مابوو، دێڕەکە بەمجۆرەی لێ دێت: جێگەی بەهەشت بی ئەگەر جێ مابوو. لەکاتێکدا کە مەبەستی پیرەمێرد ئەوەبووە بە کرێکاری چاپخانە بڵێت ئەگەر جێ مابوو بۆ بڵاوکردنەوەی پرسەنامەکە، بڵاویبکەنەوە، ئەوسا کرێکاری چاپخانە ئەو کارەی دەکرد بەڵام کرێکارەکە عەرەب دەبێت و وادەزانێت ئەو دێڕەش بەشێکە لە بابەتەکە. ئیتر دەبێت بە نوکتەی ئەو سەردەمە و سەریش دەکیشیت بۆ سەردەمەکەی ئێمەش. ئینجا باوەڕبکەن لە دەور و زەمانی ئێمەدا هەر رۆژنامەنووس بەرپرسی چاودێریی کردنی هەڵەی ناو رۆژنامەکە بووە تا دەچێتە چاپخانە کەچی وا روویانداوە سەربەقووری پێ هاتۆتە پێکەنین. لە تێکەڵ و پێکەڵ کردنی بابەت و وێنەی کەسەکان و داڕشتنی دێڕەکاندا. لەو هەڵانەی لەبیرناچنەوە ئەوەبوو لە نەوەدەکاندا کە دەستەی نووسەران بووم و بارەگای کوردستانی نوێ لە هەولێر بووە، بیرمە یەکێ لە هەڵەبڕەکانی کوردستانی نوێ لە خۆیەوە مانۆڕی سەربازیی کردبوو بە (ماتۆڕی) سەربازیی کە پێمان وت بۆ واتکردووە وتی وڵا هیچم نەکردووە یەک نوقتەم بۆ نونەکە زیاد کردووە، مانای ماتۆڕم دەزانی بەڵام پێشتر مانۆڕم نەبیستووە، خۆش لەوەدایە راستی دەکرد ئەوە یەکەمجاربوو مانۆڕ بەکاربهێنیین بەڵام ئەو بەڕێزە لێی تێکداین. بێگومان نموونەی هەڵە بێ مەبەست و مەبەستدارەکانیش زۆرن بەڵام لەناو دوو نانی گەرمدا با هەڵبگیرێن بۆ نووسینێکی دی. لە کۆتایشدا تا لەبیرم نەچووە با پێتان بڵێم ئازیزان ئەمڕۆ کوردستانی نوێ یادی سی و سێ ساڵەی دەکاتەوە، بە ناوی هەموو هاوپیشەکانم و هەموو لاپەڕەکان و نووسەرەکانی رۆژنامەکەوە داوای لێبووردن لە خوێنەران دەکەین بۆ هەر هەڵەیەکی چاپ و تەنانەت بۆ ئەو هەڵانەیش کە خەندەیان خستۆتە سەر لێوتان، لەبەرئەوەی بەمەبەست نەبووە.