ئەگەر بەدوای بەڵگەدا بگەڕێین، ئەوا سەدان بەڵگەی مێژوویی و جوگرافی سەلمێنەر، شایەتی کوردستانیبوونی کەرکوکن، بەڵام بۆ سەردەمی ئێستا سەلماندنیان پێویستی بە پیادەکردنی دبلۆماسییەتێکی حەکیمانە هەیە، بەتایبەتی کە چەند لایەنی ناوخۆیی و هەرێمی هەوڵی کەمکردنەوەی رۆڵی کورد دەدەن لەوێ.
لەیەکەم هەڵبژاردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک لە ساڵی 2005، ئەنجامەکان دەرخەری ئەو راستییە بوون کە کورد پارێزگاریی لە شوناسی کوردستانیبوونی کەرکوک کردووە لەدوای 80 ساڵ لە بێبەشکردنی لە دەسەڵات و پیادەکردنی تەعریب، بەڵام لە بەرامبەردا بەشێک لە پێکهاتەکانی تری ئەو شارە بوونی کوردیان لەوێ گرێدابوو بە روخانی رژێمی بەعس و بەوە تۆمەتباریان دەکرد کە کەڵکی لەو دۆخە نوێیە وەرگرتووە و بەدیفاکتۆ(الامر الواقع)و پاڵپشت بەهێزی پێشمەرگە و ئاسایش توانیویەتی هەڵبژاردن بباتەوە.
هەر ئەوەش وایکرد لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، بەشێک لە پێکهاتەی عەرەبی لەڕێگەی پارێزگارە بەوەکالەتەکەیەوە، هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ بەردەوامیدان بەتەنگەتاوکردن و ناچارکردنی کورد بۆ دەستبەرداربوونی لەو شارە و چۆڵکردنی بخاتەگەڕ کە ئەوەش حەوت ساڵی رەبەقی خایاند.
پیادەکردنی دبلۆماسییەتێکی گونجاو بۆ زنجیرە دانوستانێکی سەخت، بووە پێویستییەکی دەست لێبەرنەدراو، ئەوەش وایکرد ئەمجارەش کورد بەشکۆوە بگەڕێتەوە سەر شانۆی سیاسی و کارگێڕیی پارێزگاکە
رەنگە ئەو سیاسەتە خۆسەپێنەرە هیوایەکی پێدابن بۆ ئەوەی بە ئاسانی بڕیاری هەڵبژاردن لە کەرکوک بدەن و بیانەوێت رەوایی یاسایی بۆ درێژەپێدان بە دەسەڵاتەکەی بدەن، بەڵام بانگەشەی سەرکەوتووی لیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە و هەڵوێستی دەنگدەرانی کورد، سەرکەوتنێکی چاوەڕوان نەکراویان بۆ کورد مسۆگەر کرد
لێرەوە جارێکی تر پیادەکردنی دبلۆماسییەتێکی گونجاو بۆ زنجیرە دانوستانێکی سەخت، بووە پێویستییەکی دەست لێبەرنەدراو، ئەوەش وایکرد ئەمجارەش کورد بەشکۆوە بگەڕێتەوە سەر شانۆی رامیاری و کارگێڕی پارێزگاکە.
دیارە گەڕانەوەی ئەم جارە جیاوازی گەورەی هەیە لە هەڵبژاردنی رابردوو، بەتایبەتی کە کورد لەسایەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدا بەشداریی پرۆسەکەی کرد و پۆستە ئەمنی و سەربازییەکانی بەدەستەوە نەبوو، بەوەش لەلایەک بووە خاوەنی رەوایی یاسایی و دیموکراسی کە سەرچاوەکەی سندوقەکانی دەنگدان بوو، لەلایەکی تریشەوە وەڵامێکی پڕ بەپێستی رکابەرەکانی کورد بوو بەرامبەر بەو تۆمەتانەی بۆ کوردیان هەڵدەبەست لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا.
دەبێت ئەوەش بووترێت کە پرۆسەی دانانی پارێزگار ئاستەنگی گەورەی لەبەردەمدا بوو، ئێستاش هێزە رکابەرەکان رەخنەیەکی زۆر دەگرن کە ئەوە مافی خۆیانە و ئەرکی لایەنی براوەشە گوێیان لێبگرێت، بەمەرجێک پێمان بڵێن جێگرەوە(ئەلتەرناتیڤ)ی باشتر چی بوو ئەگەر ئەوان براوە بوونایە؟