عوسمان ساوجی
ئاڵۆزییە سیاسییەکان بە گشتی جگە لەوەی لە خاڵێکدا سەرهەڵدەدن کە رەنگە ناوچەیەک، شارێک، گەڕەکێک یان سەربازگەیەک بێت، بەڵام خودی ئاڵۆزییەکە رەهەندی زیاتری هەیە و لەهەمانکاتدا لێکەوتەکانیشی دوورمەودان.
ئەمەش بەگوێرەی هەر سەردەمێک گۆڕانی بەسەردا هاتووە و لەداهاتووشدا زیاتر.
لە قۆناغەکانی رابردوودا پەیامنێر و ئاژانسەکانی هەواڵ، ئاڵەنگاریی زۆریان دەهاتەڕێ تائەوەی هەواڵێکیان دەست دەکەوت و بەشێوەیەک کە شایەنی بڵاوکردنەوە بێت دەیانگەیاندە دەزگاکانی راگەیاندن، ئەوەی بیسەر و بینەر لەم خولەکەدا وەک هەواڵی بەپەلە پێیدەگەیشت، بەدڵنیاییەوە هی چەند سەعات و رۆژی رابردوو بوو، بەڵام بەهاتنەکایەی مۆبایلە زیرەکەکان و گرێدانیان بە تۆڕەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رووداوەکان هێندە بەخێرایی دەگەنە دەستی بیسەر و بینەر کە هێشتا گەرمن.
ئەمەش کاریگەریی دوولایەنەی دەبێت، لەلایەک تاک زۆر بەئاگا دەبێت بەرامبەر دۆخی کۆمەڵگە و ناوچەکە و جیهان و بەشێوەیەکی رێژەیی دەزانێت چی دەگوزەرێت و رووداوەکان نابنە هەواڵی شۆکهێنەر بۆیان، لەلایەکی دیکەوە ئارامیی دەروونی و کۆمەڵایەتییان دەکەوێتە مەترسییەوە و شڵەژانی ئابووری و ئاسایش و کۆمەڵایەتیش دروست دەکات، بەهۆی ئەوەی بواری شاردنەوەی ئاڵۆزییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، لە خەڵکە ئاساییەکە نەماوە و هەندێکجار میدیا قەبارەی رووداوەکان لەوە گەورەتر پیشان دەدات و زۆرینەی تاکی ئاسایی توانای لێکجیاکردنەوەی راستیی رووداوەکان و شیکاری و مەرام و چەواشەکاریی لایەنەکانی نییە.
لێرەوە پەیوەست بە دۆخی سوریا، کورد بەزوویی هەواڵی جووڵەی چەکدارانی هەیئەی تەحریری شام و گروپەکانی سەر بە تورکیای بیست و مەترسییەکانی سەر رۆژئاوای کوردستانیش زەنگێک بوو هەر لەو ساتەدا بەرگوێی کەوت، سەبارەت بە وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت جیهانیش، هەریەک لە عیراق و تورکیا و ئێران و لوبنان و ئیسرائیل و ئەمریکا و روسیا راستەوخۆ و زۆریتریش بە ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەریان هیە، دەیانەوێت ئاراستەی رووداوەکان لە تەوەری بەرژەوەندیی ئەوان دەرنەچێت، هەوڵەکانیان بە تاکلایەنە و دوولایەنە و بە گروپ بەردەوامن، لێرەوە دەتوانین بڵێین ئیتر سەردەمی سنووربەندیی دەوڵەتان و لە قاڵبدانی ئاڵۆزی و کێشە و رووداوەکان لە چوارچێوەی ناوچەیەک، هەرێمێک، دەوڵەتێک، بەسەرچووە. ئاڵۆزی و رووداوەکانیش وەک هەر دیاردەیەکی تر خەسڵەتێکی جیهانیان وەرگرتووە.