عوسمان ساوجی
هەوڵی نەهێشتن و لە ناوبردن بەرامبەر بەم گەلە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستان، نەک کوردی نەفەوتاند، بەڵکو هەندێک لەو رژێمانە سەرنگون بوون و کوردیش هەر رۆژێک هەنگاوێک لە ئامانجەکانی نزیکتر دەبێتەوە
پرۆسەی داگیرکردنی خاک و خەڵکی گەلانی تر و سەرکوت کردنیان دیاردەیەکە ریشەکەی بۆ کوڕانی ئادەم دەگەڕێتەوە، ئەوەش بەو واتایەی کە هەر کاتێک زیاتر لە کەسێک لە شوێنێکدا پێکگەیشتن ئیتر مەترسی بەریەککەوتن و هەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوی تردا سەرهەڵدەدات، بە مەرجێک یەکێکیان توانای جەستەیی، ژیری، ئامرازەکانی شەڕکردنی زیاتر بێت، ئەم پرۆسەیە بە زیاتربوونی ژمارەی دانیشتوان و دروستبوونی کۆمەڵگە مرۆییەکان و گەشەسەندنی توانای بەڕێوەبردنیان تا ئەوەی قەوارە رامیارییەکان سەریان هەڵداوە ئالۆزتر و چڕتر بووە و رێگە و شێوازی کاریگەرتری تیادا بەکارهاتووە، بە جۆرێک لە چەندین حاڵەتی جیاوازدا داگیرکەران هەوڵی سڕینەوەی تەواوی پێکهاتەیەکیان داوە، بەوەش پرسی جینۆساید بووەتە خەمێکی گەورەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی و چەندین رێکخراو بۆ رێگریکردن و بەسزاگەیاندنی بکەرانی دامەزراون.
لێرەدا سێ نموونە بەکورتی باس دەکەین کە ئەنجامەکەیان بە پێچەوانەی ئامانجی داگیرکەر بووە.
یەکەم/ گەلی ئەرمەن:
دەوڵەتی عوسمانی بەهۆی ئەوەی لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا بووە و مەترسیی ئەوەی هەبووە، کە بەرگەی هیچ ئاڵۆزییەکی ناوخۆیی ناگرێت، بە پاساوی ئاینی و بەهۆی ئەوەی ئەرمەنەکان گاور بوون، لە ناوەراستی 1914دا، هێرشی فراوانی قڕکردن دەکاتە سەریان و خوێن و ماڵیان حەڵاڵی سەربازەکانی دەکات، بەوەش مێژوویەکی رەشی لە بیرنەکراو بۆ خۆی و گەلی تورک تۆمار دەکات و تائێستاش بە دەست دەرئەنجامەکانییەوە گرفتارە و ناوە ناوە لێرەو لەوێ پرسەکە دەبێتە رۆژەڤی پەرلەمانی وڵاتێک و تورکەکانیش بەگژیاندا دێن، سەرئەنجام ئەرمەن لە 1918/5/28 بوونە خاوەنی سەربەخۆیی و عوسمانییەکانیش خۆریان لە گۆمێکی لیخندا ئاوا بوو.
دووەم/ جوو:
گەلی جولەکە، سەدان ساڵ بەدەست دەربەدەری و بێ نیشتمانییەوە دەیان ناڵاند و تووشی چەوساندنەوە بوون و سوکایەتی زۆریان پێدەکرا، لە کۆتاییشدا هیتلەر بڕیاری لە ناوبردنی دان بۆ ئەوەش لە 1945/1941 هەوڵەکانی چڕ کردەوە، بە هەموو هێزی سەربازیی خۆیەوە، پیلانەکانی جێبەجێ دەکرد کە دواتر بە هۆڵۆکۆست ناسرا.
هۆڵۆکۆست بوو بە بەڵایەک بەسەر گەلی ئەڵمانیاوە و جگە لەسەرنگون بوونی هیتلەر و دەسەڵاتەکەی و سەپاندنی چەندین سزای پێبژاردن و سنوردارکردنی توانا سەربازییەکانی، بەڵام جولەکە توانیان لە 1948دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆخۆیان دروست بکەن و خەونی لەمێژینەیان بێننەدی.
سێیەم/ کورد:
چەوساندنەوەی کورد لە سەدەی رابردوودا گەیشتە لوتکە و لە 1939-1937 دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەی دەرسیم هەزاران کوردی سڤیلی کۆمەڵکوژکرد و لە سوتاندن و تاڵانکردنی ماڵ و حاڵیان درێغی نەکرد، دواتریش لە 1988 دەوڵەتی عیراق تاوانی ئەنفالی ئەنجامدا کە مێژووی مرۆڤایەتی بە کەمی تاوانی وەهای بە خۆیەوە بینیوە، ئەوە سەرباری رشتنی کیمیایی لە هەڵەبجە و چەند شوێنی تر، بەڵام ئەم هەوڵانە و دەیانی تر نەک کوردیان نەفەوتاند بەڵکو هەندێک لەو رژێمانە سەرنگون بوون و کوردیش هەر رۆژێک هەنگاوێک لە ئامانجەکانی نزیکتر دەبێتەوە.