عوسمان ساوجی
ئیسرائیل ئەگەر بە راستەوخۆ فشاری خستبێتە سەر سەرۆکی هەتەشە یان بەناڕاستەوخۆ پەیامی دابێت بەگوێیدا، کە چیتر سوپای ئیسرائیل بە شێوەی کاتی و بۆ پاراستنی وڵاتەکەی لە جۆلان نییە
کۆتایی هێنان بە مەترسیی رژێمی بەشار ئەسەد لەسەر ئیسرائیل، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە بووە، چونکە ئەو رژێمە هیچ کاتێک سازشی لەسەر دوژمنایەتی ئیسرائیل نەکردووە و پشتگیری و هاندەری هێزە شەڕکەرەکانی دژ بە ئیسرائیل بووە.
ئەسەد بوونی قەوارەی جولەکەی لە ناوچەکە بە گشتی و هێزە سەربازییەکانی لە جۆلان بەتایبەتی وەک دەسەڵاتێکی داگیرکەر و ناشەرعی ناساندووە و هەوڵی وەدەرنانی داوە، بەڵام بە کۆتایی ئەو دەسەڵاتە ئیسرائیل دەستی ئاوەڵا بووە بۆ ئەوەی هێزەکانی بە قوڵاییەکی زیاتر بباتە ناو خاکی سوریا، سەرچاوە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە (300) کم خاکی سوریای دەستبەسەردا گرتووە و توانای سەربازی وڵاتەکەی بە تەواوی لاواز کردووە، ئەوەش بەهۆی ئەو بۆردومانە بەردەوامانەی بۆسەر پاشماوەی چەکە قورسەکانی رژێمی ئەسەد دەیکات.
ئیسرائیل بەوەش وازی نەهێناوە، ئەگەر بە راستەوخۆ فشاری خستبێتە سەر سەرۆکی هەتەشە یان بەناڕاستەوخۆ پەیامی دابێت بەگوێیدا، کە چیتر سوپای ئیسرئیل بە شێوەی کاتی و بۆ پاراستنی وڵاتەکەی لە جۆلان نییە، بەڵکو ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و دەسەڵاتی نوێی سوریا دەبێت رێوشوێنی پاراستنی ئاسایشی پایتەختەکەی لە سوپای ئیسرئیل مشور بخوات، چونکە زۆر لێی نزیکە.
لەو بارەیەوە دەکرێت دەستبەرداربوونی محەمەد جۆلانی، لە ناوەکەی و گۆڕینی بە ئەحمەد شەرع وەڵامدانەوە و گوێڕایەڵی بێت بۆ تەلئەبیب، بەوەی کە هەتەشە بەهیچ جۆرێک نابێتە هەڕەشە بۆ سەریان و هیچ کاردانەوەیەکی کرداری بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و هاتنە ناوەوەی سوپاکەی بۆ خاکی سوریا نابیت و بەوەش شەرعییەت وەردەگرێت.
لێرەدا دەردەکەوێت ئیسرائیل، لە چارەسەرکردنی هاوکێشەکەدا براوەیەکی کاریگەرە و دەسەڵاتی هەتەشەشە لە پێناوی گەیشتن بە دیمەشق سازشێکی گەورەی کردووە، پەیوەست بە پرسی کورد دۆخەکە بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو گۆڕا و گۆڕەپانی سوریا لە بەردەم زۆر لایەنی خاوەن بەرژەوەندیی جیاواز ئاوەڵا بووە، ئەوەی یەکلابوەتەوە رژێمێکی تاکڕەو و دیکتاتۆری وەک ئەسەد، لە ئایندەیەکی نزیکدا بواری دروست بوونی نییە، هێزی کورد و بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانی نێودەڵەتیش هی ئەوە نین لەلایەن هەتەشە وە فەرامۆش بکرێن.