رۆژێکی رەش لە مێژووی کوردستاندا

10:09 - 2024-09-01
ئەرسەلان مەحمود
110 خوێندراوەتەوە

31ی ئابی 1996، ڕۆژێکی ئەوەندە تاریکە هیچ پاساوێک روونی ناکاتەوە، ئەو رۆژە مەسعود بارزانی بەناوی پارتی و بەپشتیوانی سەدام و رژێمەکەی خەنجەرێکی ژەهراویی وەهای لەپشتی نەتەوەکەی چەقاند، تا مێژوو مێژووە زامەکەی دەکولێتەوە.
31ی ئابی 1996، هەر داگیرکردنی هەولێر نەبوو، زڕاندنی خەونی ئازادی و سەربەخۆیی بوو کە کورد ساڵەهایە تێدەکۆشێ لەپێناویدا، کەچی وەیشومەی خیانەت وەک هەمیشە هات و خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایکانی تیادا هەرزانفرۆش کرد، هانی براکانی دا هێندەی تر دەست بەخوێنی یەکتر سوور بکەن، پێگە و ناوبانگی کورد و هەرێمەکەی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا کردە پووش!.
چۆن دەکرێ لافی نیشتمانپەروەریی لێبدەیت و بە هاوکاریی ئەو دوژمنەی ساڵەهایە جینۆسایدت دەکات، وەتەن بکەیتەوە قۆچی قوربانیی بەرژەوەندیی و ساتوسەودای ناوخۆیی و هەرێمایەتی؟ چۆن دەکرێت ببیتەوە بە جێگەی ئومێدی خەڵک؟ ئەم پرسیارە و هەزاران پرسیاری تری لەو جۆرە، بێ وەڵام هێشتا لە دڵی هەر کوردێکدا ماوەتەوە.
ئەو رۆژە، متمانە شکا، هیوا کوژرا، برایەتی لەناوچوو، بگرەو بکوژەو تاڵان و بڕۆیی بوون بەپیشە، بەڵام ئەوەتا کورد و یەکێتی هەر بەپێوەن، هەر بەڕێوەن بۆ راستکردنەوەی رێڕەوەکە و بۆ سەرخستنی کاروانەکە.
ئەم رووداوە تاڵە بوو بە وانەیەک بۆ نەوەکانی داهاتوو، هەر ئەم هەوێنەشە ئەمڕۆ دژبەرەکانی دیموکراسیی تاساندووە.
ئێستا، کاتی ئەوەیە لەم رووداوە وانە وەربگرین، پێویستە یەکگرتووییمان بەهێزتر بکەین و هەرگیز رێگە نەدەین جارێکی تر بەرژەوەندیی تاکەکەسی بەسەر بەرژەوەندیی گشتیدا زاڵ ببێتەوە، کە تەنها بە یەکگرتوویی و هاوکاری و پێکەوە کارکردن دەتوانرێت داهاتوویەکی گەشتر بۆ نەتەوەکەمان دروست بکەین.

وتارەکانی نوسەر