هـێزی نه‌رم

رەوایەتیی هەنجەت نەهێنانەوە بۆ ناڕەوایی

10:08 - 2024-09-02
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
590 خوێندراوەتەوە

كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د 


لەساڵی 1994 ەوە تا 31ی ئابی 1996، لە هەولێر دەژیام و لە بارەگای سەرەكیی رۆژنامەی كوردستانی نوێ كارم دەكرد و ئەندامی دەستەی نووسەران بووم.  شەڕی ناوخۆ كە لە ساڵی 1994 لە قەڵادزێ هەڵگیرسابوو لە دەرئەنجامەكەیدا یەكێتی لە 15ی كانونی دووەمی 1994 توانیی بووی هەولێر كۆنتڕڵ بكات، تا مانگی حوزەیرانی 1996 پارتی بەهەموو هێزێكییەوە هەوڵی كۆنتڕۆڵ كردنەوەی دەدا و نەیدەتوانی بیگرێتەوە. خەڵكەكە و ئێمەیش كە بۆ كارەكانی راگەیاندن لەوێ بووین، دۆخێكی زۆر سەخت و دژوارمان تێپەڕاند كە نەك هەر بۆ لایەنگرانی یەكێتی بەڵكو بۆ كادران و میدیاكارانی پارتیش بەهەمان شێوە و خراپتریش بوو. كارەكانی پەرلەمانە هەڵبژێردراوەكەی كورد هەڵپەسێردرابوون و هەولێر بۆنی خوێنی لێدەهات. سی ئابی 1996 پشووی رۆژنامەكەبوو، ئەوانەی كەسوكارمان لە سلێمانی بوو گەڕاینەوە، رۆژی دواتر هەواڵی دڵتەزێنی خیانەتی 31ی ئاب و دەرئەنجامە نەرێنییەكانیمان بیست و ئاگادار كراینەوە بەرە و شاخەكان بڕۆین و لەناو شار نەمێنینەوە، چونكە پارتی دەستی لەكەس نەپاراستبوو، هەندێك لە میدیاكار و پێشمەرگە و خەڵكی هەولێریان شەهید كردبوو. پاش ئاوارەبوونم لەگەڵ سەدان هەڤاڵم لە قاسمە رەش و شوێنی تر ، گەڕاینەوە بۆ سلێمانیی ئەویش دوای ئەوەی پارتی پاشەكشەی كرد لێی، بەزەبری جەولەیەكی تر لە شەڕی خوێناویی. وەك پەیامنێرێكی شەڕ لەسەروەختی شەڕەكاندا، چەندین دیدار و رێپۆرتاژ و هەواڵم بۆ رۆژنامەكەم گواستەوە و رۆشتم بەچاوی خۆم دەبابەكانی بەعسم لەولا دێگەڵەوە بینی. سەرگوزشتەكانی ئەو رۆژگارە بەشی كتێبێكی هەزار لاپەڕەیی دیمەنی دڵتەزێن و كاریگەری لەلا بەجێهێشتووم. وەك شاعیرێكیش لە كاردانەوەی ئەو رووداوانەدا  لە كرماشان شیعری ( لە بۆت دەمرم هەولێرە ماست) م نووسیی. ئەگەرچی ئیدی نەمانتوانی بگەڕێینەوە بۆ هەولێر، بەڵام دوای گەڕانەوەمان لە ئێران لەگەڵ ژمارەیەكی كەم لە رۆژنامەنووسان و كادرانی كوردستانی نوێ، سەرمانكردەوە بەیەكدا و دەستمان كردەوە بە دەركردنی رۆژنامەكە. ئەگەرچی بێجگە لە شێخ ئیسماعیل و خۆم، هیچ كام لەو ژمارە كەمەی نەیانهێشت رووناكیی ئەم دەستكەوتە گرنگەی راپەڕین بكوژێتەوە، لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ دا نابینم، بەڵام كارەكەیان لە ئەرشیفی رۆژنامەكە و لە یادەوەریی خەڵكیدا بێگومان بە نەمریی دەمێنێتەوە.
لەوباوەڕەدام خیانەتی 31ی ئاب بۆ هەموو لایەك یادەوەرییەكی بەئازارە، تا ئەو ئاستەی لەو یادەدا هەندێ لە سەركردە باڵاكان خۆیان لە باسكردنی دەدزنەوە، لەبەرئەوەی كارێكی شەرمەزارانەیە و جێگەی شانازیی نییە بۆ بكەرانی. لەكاتێكدا 28 ساڵ بەسەر ئەو رۆژە تاریكەی شەڕی ناوخۆدا تێپەڕ دەبێت، ناخۆش ئەوەیە كە نەك هەر پەندی لێ وەرنەگیراوە بەڵكو هەنجەت بۆ رەوایەتی دەهێنرێتەوە.

وتارەکانی نوسەر