گرفت و رێگەچارە

منداڵەكەم زۆر دەمشڕ و حەیابەرەیە

10:30 - 2024-09-02
پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
104 خوێندراوەتەوە

پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی

10

كاك دكتۆر سڵاوی خودات لێبێت، كێشەكەی ئێمە ئەوەیە كە منداڵێكی تەمەن چوار ساڵمان هەیە، زۆر زاربەهاوارە، ناوێرین قسەیەك لە ماڵەوە بكەین، دەچێت لە دەرەوەی ماڵ و تەنانەت لە ناو ماڵیش دەیگێڕێتەوە و ئێمە تووشی ئیحراجی دەكات، چەند ئامۆژگاریی دەكەین، هەندێكجاریش لێی دەدەین، بەڵام هەر شت دەگێڕێتەوە، ئەو رۆژە من و خوشكەكەم باسی دەردە دڵ و كێشەی خۆمان دەكرد، باسی ئەوەمان كرد كە براژنەكەمان رێزی براكەمان ناگرێت، كەمتەرخەمە و ماڵ و منداڵی پشتگوێ خستووە، هەر خەریكی فەیسبووك و گەڕانی خۆیەتی، كە بۆ شەوەكەی ماڵی براكەم هاتن بۆ ماڵمان، هەر دانیشتن و دانەنیشتن، كچەكەم رووی كردە براژنەكەم و پێی وت تۆ بۆ خۆت هەر خەریكی فەیسبووك و گەڕانیت و مناڵەكانت پشتگوێ خستووە، هەموومان دەممان بوو بە تەڵەی تەقیوو، هاوسەرەكەم زلەیەكی لە مندڵەكەمان داو وتی ئەوە چەتیو تۆ چی دەڵێیت، ئەو قسە زلانە چییە دەیكەیت، ئەویش یەكسەر وتی وەڵا دایكم و پورە نازە وایان وت، لەو كاتەدا ئاواتم بە مردن دەخواست و نەمدەزانی چی بڵێم، هەر ئەوەندەم وت (دەك رۆڵە خەجاڵەت بیت من كەی قسەی وام كردووە و منیش چەپۆكێكم پێدا كێشا) لە ئەم قسانەدا بووین یەكسەر براژنەكەم جانتاكەی هەڵگرت و رۆیشت و براكەشم بە دوایدا، بەڵام نەمانهێشت منداڵەكانی بڕوات و لەگەڵ كوڕە گەورەكەم خەریكی یاریكردن بوون، دوای ئەوە بە هۆی ئەو قسەیەی كچەكەمەوە، كێشەیەكی گەورە لە نێوانمان و ماڵی براكەم و ماڵی خۆشمان دروست بوو .
هەروەها رۆژێكی تر كۆمەڵێك قسەی تری ماڵەوەی لە باخچەكەی بۆ مناڵەكان و دادەكانی گێڕاوەتەوە و لە باخچەكەیەوە پەیوەندییان پێوە كردین كە گوایە ئێمە قسەمان بە بەڕێوەبەر و دادەكانیان وتووە و وتوومانە ئەمانە هەر خەریكی پارە وەرگرتنن و ئەو هەموو پارەش وەردەگرن، هیچیش فێری منداڵەكانمان ناكەن، لەوێش كێشەیەكی تری بۆ دروست كردووین، بڕوات هەبێت ناوێرین قسەیەك بكەین رێك دەچێت دەیگێڕێتەوە، ئیتر نازانین چی بكەین، بە بڕوای تۆ چی لێبكەین و چۆن وا بكەین قسەكانی ماڵەوە نەگێڕێتەوە.
دایکی رەوا



منداڵی چوار ساڵ درۆ نازانێت
خوشكی بەڕێزم (دایكی رەوا)، ئەگەر لێم زویر نەبیت هەرچەندە قسەكەش خۆش نییە، بەڵام پێچەوانەی قسەكەی تۆ راستە، واتە منداڵەكەتان دەم شڕ و حەیابەرە نییە، ئەوە ئێوەن هەرچی بەسەردەمتاندا دێت بە بێ‌ گوێدان بە تەمەنی ئەو منداڵە دەیڵێن، خوشكە بەڕێزەكەم منداڵی چوار ساڵ درۆ نازانێت هەرچی لەناو دڵی هەیە هەر ئەوەش لەسەر زمانێتی، ئەو دوو روویی نازانێت، تۆ دەتەوێت منداڵەكەت درۆ بكات و دوو روو بێت و هەڵەكانی ئێوە بپۆشێت، ئەوە لە توانای منداڵی چوار ساڵدا نییە، ئەوە ئێمەی گەورەین بەو شێوەیە بیر دەكەینەوە و رەفتار دەكەین، ئەوەتا خۆت دەڵێیت من و خوشكەكەم باسی براژنەكەمان كردووە، هەرچی ئێوە وتووتانە منداڵەكەش هەر ئەوەی  وتووە، هیچ شتێكی زیادی نەوتووە، لە كوێی دونیا هەیە كە منداڵێك راستی بڵێت و ئەوەی گوێ‌ بیستی بووە دووبارە بیڵێتەوە، دەبێت لێدان بخوات؟ ئەوە تەنیا لە ماڵی ئێوە هەیە بە تۆ و هاوسەرەكەت لە منداڵێكی چوار ساڵتان داوە لە بەرئەوەی راستی وتووە و قسەكانی تۆی دایكی دووبارە كردۆتەوە، ئەی دایك پێشەنگ و نموونەی باڵای منداڵەكانی نییە، ئەی بۆچی لێتان داوە؟ ئەگەر ئێوە باسی باخچە و دادە و بەڕێوەبەرەكەی نەكەن، ئەم منداڵە ئەم قسانە لە كوێوە دێنێت؟ كەواتە خوشكە بەڕێزەكەم دەبێت داوای لێبووردن لەو منداڵەتان بكەن كە لەسەر راستگۆیی لێتان داوە. باشە ئەگەر ئەو قسانەی ئێوە كردوتانە هەڵە و ناڕاستە بۆ دەیكەن؟ ئەگەر قسەكانتان راست و دروستە بۆ لە هەق و راستی پەشیمانن و بە تاوان و هەڵەی لە قەڵەم دەدەن؟

 

 

منداڵی چوار ساڵ درۆ نازانێت، هەرچی لەناو دڵی هەیە هەر ئەوەش لەسەر زمانێتی، ئەو دوو روویی نازانێت، تۆ دەتەوێت منداڵەكەت درۆ بكات و دوو روو بێت و هەڵەكانی ئێوە بپۆشێت

 

 

منداڵەكەتان باجەكەی دەدات
خوشكی بەڕێز رێگاچارەی گونجاو ئەوەیە كە ئێوە لەبەرچاوی ئەو منداڵە بچووكە هەموو قسەیەك مەكەن، كاتێك باسی كەسانی تر دەكەن، با ئەو كاتە بێت كە منداڵەكەتان لە باخچەیە یان خەوتووە یان لە دەرەوەی ماڵە، بۆ ئەوەی گوێبیستیان نەبێت، چونكە كاتێك گوێبیستیان دەبێت، ئەوا تووتی ئاسا وەک خۆی دەیانگێڕێتەوە، وەك دەڵێن كاتێك كەسێك قسەی كفری کەسێکیتر دەگوێزێتەوە بە ئەوە نابێت بە كافر، ئەو تەنها قسەكەی وەك خۆی گواستۆتەوە و هیچ لە ناوەڕۆكەكەی نەگۆڕیوە، لەهەمان كاتیشدا ئەوبەرپرس نییە لە ناوئاخن و ناوەڕۆكی ئەو قسەیەی كە دەیگوێزێتەوە، ئێوە هەڵەتان كردووە و گوناهبار بن، كەچی منداڵەكەتان باجەكەی دەدات و لێدان دەخوات، تەنانەت خودای گەورەش پێمان دەڵێت: (هیچ كەس كۆڵی گوناهی كەسێكی تر هەڵناگرێت)، ئەی چۆن تۆ داوا دەكەیت كە منداڵە چوار ساڵەكەت قسەكانی تۆ نەگوێزێتەوە، ئەوە لە توانای منداڵی چوار ساڵەدا نییە كە ئەو قسانە نەگێڕێتەوە یان بە شێوەیەك بیگێڕێتەوە كە بە دڵی ئێوە بێت.

منداڵی بچووك تەنها یەك رووی هەیە
لەلایەكی تریشەوە نابێت دایك و باوك هەموو شتێك لەبەرچاوی منداڵ بڵێن، لەبەرئەوەی منداڵ ئەو قسانە دەگێڕێتەوە و لەلای خۆی عەمباریان دەكات و لەهەمان كاتیشدا درۆ و موجامەلە نازانێت، ئەوە گەورەكانن كە دوو روویان هەیە، روویەك كە لەگەڵ كەسەكان قسە دەكەن، رووەكەی تریش كاتێك كەسەكان دەڕۆن، بەڵام منداڵی بچووك تەنها یەك رووی هەیە، هەرچی گوێبیستی بێت وەك خۆی دەیگێڕێتەوە، لەبەرئەوە لێرە بەدواوە بە هیچ شێوەیەك ئەو قسانە لای منداڵەکانتان مەكەن كە دوای گێڕانەوەیان شەرمەزاری تێدا بێت، پێویستە ئێمەی گەورە، دایك و باوك كاتێك قسە بۆ منداڵەكانمان دەكەین راستییەكانیان بۆ باس بكەین، بۆ ئەوەی ببین بە نموونەی جوان و پێشەنگ بۆیان و ئەوانیش لاساییمان بكەنەوە، نەك درۆ و بوختان بۆ ئەم و ئەو هەڵبەستین و نەشمانەوێت منداڵەكانمان باسیان بكەن .

لەبەرچاوی منداڵەکانمان دەیان درۆ دەكەین
راستییەك هەیە و دەبێت هەموو دایك و باوكێك بیزانێت، ئەویش ئەوەیە منداڵەكانمان لاسایی كردارەكانمان دەكەنەوە نەوەك قسەكانمان، ئێستا لە پەروەردەی نوێدا دەڵێت پێویست ناكات دایك و باوك هەر حیكایەت بۆ منداڵ بكەن و پێی بڵێن درۆ مەكە، درۆ عەیبە، درۆ خراپە،  كەس درۆزنی خۆش ناوێت، درۆكردن شەرمەزاریە و...هتد، ئەمانە هیچیان یەك فلسی قەڵب ناهێنن ئەگەر ئێمە بە كردەوە لە بەرچاویان رەفتاری راست و دروستمان نەبێت، لە جیاتی ئەو هەموو قسە و ئامۆژگارییانە تەنها دایك و باوك یەك شت بكەن ئەویش ئەوەیە درۆ لەگەڵ منداڵەكەیان نەكەن، چونكە درۆ بۆماوەیی نییە، هیچ كەسێك نییە لە دایك بێت و درۆزن بێت، بەڵكوو لە ژینگە و دەور و بەرەكەیەوە فێر دەبێت، ئێمەی دایك و باوك دەیان رستە و قسەی بێ‌ بنەما دەكەین و بە منداڵ دەڵێین درۆ مەكە و درۆ وایە و ئەمەیە و ئەوە نییە، كەچی خۆمان رۆژانە لەبەرچاوی منداڵەکانمان دەیان درۆ دەكەین و چەندەها وەعد و پەیمانی دەدەینێ،‌ بەڵام هیچیان جێبەجێ‌ ناكەین و بەیانی دەڕۆین بۆ ئیش و كار و بە منداڵەكەمان دەڵێین ئاقڵ بە، كە ئێوارە هاتمەوە دیاریەكت بۆ دەهێنم، یان دەتبەم بۆ پارك یان ئەوەت بۆ دەكڕم، ئێوارەش دێینەوە نە دیاریمان پێیە و نە هیچمان بۆ كڕیوە و نە لەگەڵ خۆشمان دەیبەین بۆ پارك، ئیتر منداڵ چۆن بڕوا بە قسەكانمان بكات كە پێچەوانەی كردار و رەفتارەكانمانە.

 

وتارەکانی نوسەر