جیابوونەوە و کاریگەریی لەسەر منداڵ

09:44 - 2024-09-09
نەسرین کوردە
124 خوێندراوەتەوە

یەکێک لە گرفتە بنەڕەتییەکانی هەرێمی کوردستان پێوەی دەناڵێنێت رێژەی بێکاریی گەنجان و رێژەی جیابوونەوەیە لە دادگاکاندا، رۆژانە لە هەڵکشاندایە بە پێچەوانەشەوە رێژەی شووکردن و ژنهێنان رووی لە کەمیی کردووە، ئەمەش سەرەتایەکە بۆ هەڵوەشانەوەی خێزان لە کوردستاندا، زۆربەی جیابوونەوەکانیش بەهۆی نەگونجان لەگەڵ یەکتری و خیانەتی هاوسەران و دەستێوەردانی خێزانی هەردوو بنەماڵە و ساردیی پەیوەندییان هەیە بە بەکارهێنانی ئامێرەکانی تەکنۆلۆژیا روودەدات، زۆرینەی جیابوونەوەکانیش لەنێوان تەمەنی زۆر منداڵیدا کە شوو دەکەن زۆر روودەدات، زۆرینەی کوڕان و کچانیش، چونکە تەمەنەکەیان منداڵە و هاوسەرگیری دەکەن کاتێک دەکەونە ئەو قۆناغەی ژیانەوە ناتوانن بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن، هەربۆیە پەشیمان دەبنەوە و جیادەبنەوە، هۆکارێکی تر بۆ جیابوونەوەکان ناسەقامگیریی بارودۆخی سیاسی هەرێم و خراپیی دۆخی ئابووری و کێشەی دارایی و گرفتی نیشتەجێبوونە، هەروەها نەمانی گیانی متمانەیە لە نێوانیان هاوسەران و قبووڵنەکردنی بۆچوونی یەکتر، ژیانی هاوسەرییش ئێستا ئەو پیرۆزییەی نەماوە کە لە ساڵانی رابردوودا هەیبووە، هەرچەندە قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی هەلی کار کاریگەری لەسەر رێژەی جیابوونەوە هەیە، بەڵام هێشتا ناگاتە ئاستی کاریگەرییەکانی مۆبایل و تەکنۆلۆژیا و سەرئەنجام جیابوونەوە، ئەمەش لێکەوتەی خراپی دەبێت، چونکە کاتێک ژن و پیاوێک جیادەبنەوە شیرازەی خێزان تێکدەچێت و منداڵان پەرتەوازە دەبن لەنێو دوو خێزاندا، لە حاڵەتی جیابوونەوەی دایک و باوک منداڵ قوربانیی یەکەمە، پێویستە لەسەر دایک و باوک دوای جیابوونەوەش ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانیان لە ئەستۆ بگرن، لەبەرئەوەی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دەروونی منداڵ دەبێت، بۆئەوەی لە ئایندەدا کاریگەری لەسەر کەسێتی منداڵ دروست نەکات، منداڵ بەگشتی لە جیهاندا بەپلەی یەکەم قوربانیی گرفتەکانی خێزانە، کێشەی خێزانیی وا دەکات منداڵ لە ژینگەیەکی پڕ لە کێشە و فشاری دەروونی و ناڕەحەتیدا بژی، کاتێکیش جیادەبنەوە لە سۆزی دایک یان باوکیان دووردەبن و لە داهاتوودا ئەگەری هەیە منداڵێکی نا تەندروست دەربچێت، کاتێکیش گەورە دەبن رۆحی خۆشەویستییان نابێت.

دایک و باوک دوای جیابوونەوە ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانیان لە ئەستۆ بگرن، لەبەرئەوەی کاریگەریی لەسەر منداڵ دەبێت

دەبێت دایک و باوک وەک دوو هاوڕێ مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن، بۆئەوەی تێبگەن کە جیابوونەوەی دوو کەس دۆخێکی یاساییە و مانای کۆتاییهاتنی یەکجاری پەیوەندییەکانیان نییە، ئەگەر ناپاکیی هاوسەریی هۆکاری جیابوونەوەکە بێت، پێویستە ئەو پرسە بەنهێنی لە نێو دایک و باوکدا بمێنێتەوە، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیاندا بکەن، چونکە لە ئەنجامی جیابوونەوەی هاوسەراندا منداڵان تووشی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، هەندێکجار نەخۆش و بێتاقەت و لاواز دەبن لە دروستکردنی پەیوەندی یان ژیان، هەروەها لەڕووی خوێندنەوە ئەو منداڵانە لەناو خێزانێکی پڕ کێشە و بێ متمانەدا بە بەراورد بەو منداڵانەی لەناو خێزانێکی بەختەوەر و سەقامگیردا ئاستی ئەکادیمی و خوێندنیان لاوازترە بە شێوەیەک لەوانەیە ببێتە هۆی دەستهەڵگرتن لە خوێندن و لادانی ئەخلاقی وەک تاوانکردن، بۆیە پێویستە زۆر وشیارانە مامەڵە لەگەڵ منداڵدا بکرێت.

وتارەکانی نوسەر