هاوسەرێتی یان پرۆسەی کۆمەڵایەتی

10:27 - 2024-07-14
نەسرین کوردە
124 خوێندراوەتەوە

ژیانی هاوسەریی بەرپرسیارێتییەکی سەخت و هەستیارە، بۆیە زۆرجار کوڕ و کچ هەر لە سەرەتای چوونە ناو ئەو پرۆسەیەوە هەست دەکەن رووبەڕووی دۆخێکی نوێ بوونەتەوە، لە ئەنجامیشدا تووشی بەریەککەوتن دەبن و نازانن چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو ژیانە نوێیەدا بکەن، ئەوەی دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات لە لای ژن و پیاو خۆهەڵقورتاندنی کەسانی دیکەیە، پرۆسەی هاوسەریی بە درێژایی تەمەن هەمیشە بنەمایەکی سەرەکی هەبووە، ئەویش لەیەکتر تێگەیشتنە، واتە لە هەموو قۆناغەکاندا لە یەک تێگەیشتن هەبووە و هەر قۆناغە و بە پێی فەلسەفەی خۆی شوکردن و ژنهێنانی تێدا کراوە، ئەمە جگە لەوەی ژن و مێردایەتی خۆشەویستی وەک تێگەیشتنێکی رۆحیی بۆ ئەم هاوسەرییە گرنگە. دوو هاوسەر خۆشەویستی پێکەوە نەیانبەستێتەوە سەرکەوتن بەدەستناهێنن و لە یەکتر بێزار دەبن، چونکە زۆرجار دەڵێن نەمانی خۆشەویستیی هۆکاری زۆربەی جیابوونەوەکانە و لەنێوان ئەوانەدا روودەدات کە بە خۆشەویستی زەماوەندیان کردووە، بەڵام ئایا ئەوە تا چەند راستە لە کاتێکدا خۆشەویستی خواستێکی رۆحیی مرۆڤ نییە بتوانێت بەبێ ئەم چەمکە درێژە بە ژیان بدات، هەروەها چۆن ژیان بەبێ خۆشەویستی مەحاڵە، هەروەها خۆشەویستیش بەبێ بەردەوامیی پێدان و خزمەتکردنی یەکتر، ناتوانێت درێژە بە خۆی بدات، وەک هەموو پێکهاتەکانی ژیان خۆشەویستی پێویستی بە نوێبوونەوە و سەرلەنوێ ژیانەوە هەیە، ئەوانەی خۆشەویستی و رێز لایان زوو دەمرێت ئەو کەسانەن  بیرکردنەوەی نوێیان نییە. ئەو هۆکارەش چییە وا لە دوو مرۆڤ دەکات نزیکەی نیو سەدە بەیەکەوە بن و لە یەکتر بێزار نەبن و هەست بکەن تازە یەکتریان ناسیوە؟ تەنیا هۆکار و لێکدانەوەیەک بۆ ئەمە، ئەوەیە ئەمانە لەوە تێدەگەن کە دەبێت بڕوایان بە خۆیان و خۆشەویستییەکەیان هەبێت. 

 

ئەو کەسەی دەیەوێت ژیانێکی هاوسەریی سەرکەوتوو ئەزموون بکات، هەوڵ بدات قەبارەی سۆزی ئەمڕۆی، لە هیچ رۆژێکی تر نەچێت

 

ئەمڕۆ نابێت وەکو دوێنێ بێت هەروەها ئەمڕۆ لە سبەینێ ناچێت لە ژیاندا گرفتی سەرەکی لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوەیە نەک رۆژەکانمان، بەڵکو بیرکردنەوەشمان وەک چاولێکەریی وایە. 
کۆمەڵگەی ئێمە ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەی هەمانە ئاسان نییە، هەمیشە یاساکان هۆکارێکن بۆ لەقاڵبدانی خواستە بەرفراوانەکان، ئێمە لەبەرئەوەی لە فەوزای کراوەداین ئاسانتر دەتوانین خۆمان بدۆزینەوە لە پانتاییەکی دیاریکراودا کاتێک باس لەوە دەکەین دوو مرۆڤ دەتوانن زیاتر لە نیو سەدە بەیەکەوە بژین و لەگەڵ یەکتردا هەست بە دۆڕانی خۆیان نەکەن، ئەو کەسەی دەیەوێت ژیانێکی هاوسەریی سەرکەوتوو ئەزموون بکات هەوڵ بدات قەبارەی سۆزی ئەمڕۆ لە هیچ رۆژێکی تر نەچێت. 
هاوکات خێزان سەرکەوتوو دەبێت ئەگەر نەهێڵێت کەسانی دیکە لە ژیانی هاوسەرێتیدا تەدەخول بکەن، دەنا چارەنووسیان بە جیابوونەوە کۆتایی دێت، چونکە ئەوە ژنەکە یان پیاوەکە بێزار دەکات، هەروەها کەسی سێهەم دەبێتە هەڵگری هەندێک قسە و باس، دەبێت بزانین تەدەخول لە ژیانی کەسدا نەکەین، لەبەرئەوەی لەجیاتی ئەوەی یەکیان بخەینەوە کێشەی گەورە لە نێوانیان دروست دەکەین.

وتارەکانی نوسەر