هـێزی نه‌رم

تەمەنی سانسۆرکردنی نووسین

10:28 - 2024-09-09
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
589 خوێندراوەتەوە

وەک نووسەرێکی ژن لە زۆر قۆناغ و سەردەمدا تووشی  سانسۆر و رەتکردنەوەی بۆ چوون و نووسینەکانم بوومەتەوە، دڵنیاشم زۆربەی نووسەرانی کورد رووبەرووی مقەستی رەقیب و هەندێجار ئەحبابیش بوونەتەوە، لەبەرئەوە ئەو بیرۆکەیەم بۆهات باسی ئەم لایەنە تاریکەبکەم کە دنەی هەڵهاتنی خۆری رووناکیی دەدات. کتێبەکان پێمان دەڵێن: مێژووی سانسۆر بۆ سەرەتای دەستپێکردنی نووسین دەگەڕێتەوە. هەر کە نووسەرەکان دەستیان بە داڕشتنی بیر و بۆچوونەکانیان کردووە، دەسەڵاتێکیش هەبووە بە وردیی خوێندوونیەتەوە و بڕیاری لەسەر بڵاوکردنەوە یان بڵاونەکردنەوەیان داوە. تەمەنم هەر چواردە یان پانزە ساڵ دەبوو کە بۆ یەکەمجار هەندێ لە شیعرەکانم و بەتایبەتیش هەندێ لە وشەی ناو شیعرەکانم لە هەشتاکاندا سانسۆر دەکران. هەر لە پێش راپەڕینیشدا یەکەم دیوانم بەناونیشانی (نا) لە رەقابە دەرنەچوو، رێگەنەدرا بە بڵاوبوونەوەی. خۆ ئەو کاتانەی دێیتە بواری کاری میدیاییەوە زیاتر دووچاری بڤە و مەکە دەبیتەوە. ئەگەر کەمێک سەرکێش و راستیبێژیش بیت ئەوا ئەزموونی باشت لەبواری رەتکردنەوەی هەندێ نووسین و سزادانیشتدا دەبێت. یەک باشیی، زۆر سانسۆرکردنی نووسینەکانت ئەوە دەبێت کە تێدەگەیت تۆ سەربە جەماعەتی ئەشهەد و بیلای هیچکام لە سەردەم و زەمانەکان نیت و نابیت. هەر ئەمە بۆ خۆی خەسڵەتی نووسەری جدییە. کاری نووسەر هاوڕابوونی بێ بنەما نییە لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا، بەڵکو ئەو جیاوازی و هەڵوێست و هەقبێژییەیە کە گۆڕانکاریی لە دۆخ و ژیان و بیرکردنەوەی زۆرینەدا دەکات. ئەگەر پێغەمبەران و داهێنەران و سەرکردەکانی جیهان و رەچەشکێنەکانی دنیا لەسەر هەمان رێچکەی بیری باو بڕۆشتنایە، مرۆڤایەتی پێشکەوتنی بەخۆیەوە نەدەبینی. گالیلۆ کوژرا لەسەرئەوەی وتی زەوی و مانگ دوو ئەستێرەن و بەدەوری خۆردا دەخولێنەوە. ئێمەی خەڵکی ئەم رۆژگارە هەندێ لە بۆچوونەکان دەڵێینەوە و وەک راستییەکی زانستیی سەیری دەکەین، بەبێ ئەوەی بزانین خەڵکێک لە پێناوی وتنی ئەو بۆچوونەدا کوژراوە. نموونەکان زۆرن و نامەوێت لەو نموونەیە زیاتر باسبکەم بۆئەوەی بگەڕێمەوە سەر ئەسڵی بابەتەکە واتە رێگریی کردن لە بڵاوکردنەوە. دەتوانم بڵێم نیوەی کورد لەسەردەمی بەعسدا لەسەر کتێب و بڵاوکراوە قەدەغەکراوەکانی شۆڕش دەخرانە زیندان یان لەسێدارە دەدران. واتە تاوانەکەیان ئەوە نەبوو نووسەری ئەو بڵاوکراوەیەبوون بەڵکو لەبەرئەوەی (خوێنەر) ی بوون! لێرەوە پرسیارێک خۆی دەسەپێنێت ئەویش ئەوەیە: چی وا دەکات سانسۆر نەک هەر لەسەر نووسین و نووسەر هەبێت، بەڵکو خوێنەریش سانسۆر بکرێت؟ وەڵامەکە ئاسانە بەڵام سەنگین و لەجێی خۆیدایە، هۆکاری سانسۆری نووسین و خوێندنەوەش، هێزی نەرمی نووسینە کە دەتوانێت سەرجەم مرۆڤایەتی بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.

وتارەکانی نوسەر