هـێزی نه‌رم

هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ خستنەڕووی باشترین ئاكار

09:57 - 2024-09-16
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
364 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن خۆی پرۆسەیەكی دیموكراسییە، هەوڵی گۆڕانكاریی ریشەیی دەدات بە شێواز و ئامرازێكی نەرمی وەك قەناعەت پێهێنانی دەنگدەر، وەلێ ئەوەی روودەدات لە قۆناغی بەر لە هەڵبژاردن یان قۆناغی بانگەشەكردندا بۆ هەڵبژاردن ماوەیەكی زەمەنیی راگوزەر و پڕ لە گرژییە، هەندێ نمایشی تایبەتیان تێدادەكرێت كە هەموو لایەنە بەشدار و نابەشدارەكانیش دەخەنە حاڵەتی هەڵچوون و داچوونەوە، لە بنەڕەتیشدا مەسەلەكە پێویستی بە لایەنی شەڕانگێزیی بەوڕادەیە خەست و خۆڵ نییە وەك چۆن گەشتیارێك دەچێت بۆ هەورامان و لە دوكاندارێك دەپرسێت: رووبببە هەنارتان هەیە، ئەویش بە خەندەیەكی نەرمەوە پێی دەڵێت هەمانە، بەڵام بەم خەست و خۆڵییەی تۆ نییە. گەلۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەوە نییە رقی سەدساڵەی لایەنێك بەرانبەر ئەوانی تر بەرپا بكرێت، بەڵكو بۆ خستنەڕووی باشترین بەرنامە و ئاكار و رەفتاری كەس و لایەنەكانە.زۆربەمان چەند رۆژێك لەمەوبەر یەكەم رووبەڕووبوونەوە و مشتومڕی نێوان كامێلا هاریس و دۆناڵد ترامپ ـ مان بینی كە بەبێ ئامادەبوونی جەماوەر لە رێی تەلەفزیۆنەوە كرا و لە سەرەتاوە هەریەكەیان بۆ چوون و پێشنیازی خۆیان سەبارەت بە باشكردنی باری دارایی خەڵكی وڵاتەكەیان خستەڕوو، هەروەها و رەخنەیان لە سیاسەتی حزبەكانی یەكتر گرت، لە رووی روانینی هەرلایەنێكیان  بۆ سیاسەتی دەرەوە و رێزگرتن یان رێزنەگرتن لە یاسا و مەسەلەی رەگەزپەرستی بەوپێیەی هاریس سەربە رەشپێستەكانە روانینەكانیان بۆ جەماوەرەكەیان شیكردەوە. بابزانین لێرە لای ئێمە چی دەگوزەرێت، هێشتا هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستی پێنەكردووە هەندێك لایەن دادەبەزنە سەرئاستی باسكردنی ژن و خوشكی یەكتر، ئەوەشتان لەبیربێت كە وادەزانن بە قسە وتن بەو ژن و كچانەی خۆیان كاندید كردووە لە مەیدانەكە دووریان دەخەنەوە. ئەگەر هەمووان بزانن ئەم قۆناغە راگوزەرە و پێش هەڵبژاردن كەش و هەوایەكە و دوای هەڵبژاردن كەش و هەوایەكی ترە، ئەوا بەهیچ جۆرێك پێویست ناكات وەك لە كوردەواریدا دەوترێت: بگەیەنرێتە مریشكە رەشە. كەسی زیرەك و بیركراوە دەبێت ئەوەی لەلا روونبێت كە فێڵكردن لە هاووڵاتی باجەكەی قورس دەبێت، بەتایبەتی لە تاقیكردنەوەیەكی وەك هەڵبژاردندا بۆنموونە شاری سلێمانی كە زۆربەی دەنگەكانی بۆ یەكێتیییە، فێڵێكی كۆنی چەند جارێك تێداكراوە ئەویش ئەوەیە كە لە ریزەكانی خۆیدا ناكۆكی یان لە شارەكەدا دەنگی ناڕازیی بۆ دروستكراوە ئەویش بۆ بردنی ئەو دەنگانە بۆ حزبێكی تر كە پارتییە، واتە بەدەستهێنانی دەنگ بە ناڕاستەوخۆیی. بەتەمەنەكان پێشتر وتوویانە چ بە بابێ یان بە باران لە بەفر كەم دەبێتەوە، ئێمە دەمانەوێت بەفرەكە وەك بەفری قەندیل چوار وەرزە بمێنێتەوە و نەچێتەوە. باو بۆرانیش هەرگیز زەفەری پێ نەبەن.

وتارەکانی نوسەر