قۆناغی بانگەشە، کۆتایی دنیا نییە

09:41 - 2024-09-15
سەنگەر سەڵاحەدین فاتیح
261 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانمان  لەپێشە و وادەکەی نزیکە، سلێمانی یەکێکە لەو شارە بزێو و جوانانەی لە ئاستی عیراقدا بەهۆی ئازادیی زیاتر و هەڵکەوتە رۆشنبیرییەکەیەوە، دەبێت بە لانکەی ململانێی توند و کێبڕکێ لەسەر بردنەوەی زۆرینەی ئەو 38 کورسییەی بۆی دیاریکراوە دیارە بە دوو کورسیی کۆتاوە.
ئەوەی لەسەر خەڵکە و ئەوەی لەسەر لایەنە بەشداربووەکانی ئەم کێبڕکێیەیە، ئەوەیە کە بتوانن ئارامیی ئەو شارە بپارێزن و بە زمانی گوڵەکە  بانگەشەی خۆیان بکەن و رەخنە لە یەکتری بگرن، هەروەک هەر کاندید و لیستێک تەرکیز بکاتە سەر ئەوەی لە بەرنامەی خۆیدایە و چیی پێ دەکرێت بۆ ئەو کەسانەی پێیوایە دەنگی پێ دەدەن تا قەناعەتیان پێ بکات بیانباتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، نەک لەسەر بنەمای بوختان و قسەی نەشیاو بەرامبەر بە رکابەرە سیاسییەکانی.

ماندووکردنی دەروونی خەڵک نەگونجاوە
هەر بۆیە خەڵکیش ماندووە و دەبێت بانگەشەکاران ئەوە بزانن کە بەتایبەتی سلێمانی لە رابروودا خۆی داینەمۆی هەر بزاوتێکی سیاسیی بووە بەرامبەر نەیاران و دوژمنانی گەلەکەمان و ماندووی ئەو رێگایەیە بۆیە ناگونجێت چیتر ماندووی بکەن.
دیارە بانگەشەیەکی مۆدێرن و شارستانیانە دڵنیایی زیاتر دەداتە دەنگدەران و نانەوەی پشێوی و بانگەشەی توندوتیژ لەبەرژەوەندیی زیادکردنی دەنگدا نابێت بۆ هیچ لایەنێک بگرە رەنگە توندوتیژیی و زمانی زبری میدیایی ببێتە مایەی ترسی تێکچوونی کەشی بانگەشە و  بەشداریی خەڵک لە پرۆسەی دەنگداندا کەمتر بکاتەوە.
ئێستا پاش پێنج خولی هەڵبژاردن و زیاتر لە چارەکە سەدەیەک، بەرچاوڕوونییەکی باشە بۆ کەسێک بیەوێت  خۆی یەکلایی بکاتەوە، بەڵام بۆ کەسێک کە هەرلە سەرەتاوە خۆی سەنگەری خۆی هەڵچنیبێ و بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆیی دابێت، یەک سەدەش کەمە بۆئەوەی سوود لە دۆخەکانی رابردوو وەربگرێت و تێبگات و بزانێت لەدوای هەڵبژاردن چی قابیلی گۆڕانە و چیش جێگیرە و قابیل نییە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.

 

بانگەشەی توندوتیژ لەبەرژەوەندیی زیادکردنی دەنگدا نابێت بۆ هیچ لایەنێک، بگرە رەنگە توندوتیژیی و زمانی زبری میدیایی ببێتە مایەی ترسی تێکچوونی کەشی بانگەشە، بەشداریی خەڵکیش لە پرۆسەی دەنگداندا کەمتر بکاتەوە

 

بانگەشەی توند و دروشمبازیی ناواقیعی
گەنجان بەهۆی باری دەروونی و ئەزموونی کەمیانەوە لە ژیاندا، رەنگە زووتر بکەونە ژێر کاریگەری بانگەشەی توند و ئاراستەکردنیانەوە بە دروشمی ناواقیعی، بەڵام ئەگەر سوود لە ئەزموونی خەڵکانی ئەزمووندیدە وەربگرن و بگەڕێنەوە بۆ رابردوویەکی نزیک، لەوە  تێدەگەن زۆربەی ئەوانەی شەهیدبوون لە خۆپیشاندانەکاندا گەنجی خێرلەخۆنەدیو بوون،  لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵێک دروشمی ناواقیعی و بریقەداردا ئاراستەکران و دواتر خەڵکانی دیکە و بە مەرامی تایبەتی بەری خوێنی ئەوانیان چنییەوە، دەنا بۆ چاککردنی ژیانی گشتی نەک هیچی لێ سەوز نەبوو، بەڵکو بوو بە هۆی نا ئومێدییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و سیاسی. هەربۆیە پاراستنی ژیانی گەنجەکانمان ئەرکی هەموو لایەنەکان و لایەنگران و دەنگدەر و بانگەشەکارەکانیشیانە.
ئیتر دەبێت واز لەو تێزە کۆنە بهێنین  کە دەڵێت (بەرخی نێر بۆ سەربڕینە)، دەبێت هەموومان ئەوە رەچاو بکەین کە کۆمەڵگەکەمان پێویستی بە عەقڵی سەلیم و پێگەیشتووە و دەبێت تۆوی پێکەوەژیان و لێبوردەیی بچێنین، هەوڵی زیاتر بۆ سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی بدەین و بە ئاراستەیەک بیربکەینەوە کە دەشێت دەنگ بە لایەنی دڵخوازی خۆمان بدەین، بەبێ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتیمان.

با کێبڕکێ لە بانگەشەدا نەگاتە ئاستی یەکتری سڕینەوە
بۆیە بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووریی و سیاسیمان نابێت توندڕەوانە رەفتار بکەین و دەبێت بەتایبەتی لەم ئان و ساتەی کە لە هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە لەوە تێبگەین کە قۆناغی بانگەشە قۆناغێکە و تێدەپەڕێت، ئەگەر گەرەکمانە دواتر پێکەوە کاربکەین کە ئەوە حەتمییە، نابێت ناکۆکییەکانمان وا قووڵ بکەینەوە بۆ ئاستێک کە ببین بە دوژمنی یەکتری و پێمانوابێت پرۆسەی هەڵبژاردن واتە کۆتایی ئەوی ترمان، بۆیە پێویستە کێبڕکێمان لە بانگەشەدا نەگاتە ئاستی سڕینەوەی یەکتری، تا هەرێم بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی هەر بە لانکە ئارامەکە بمێنێتەوە بۆ هەموومان و یەکپارچەیی هەرێمەکەمان خاڵی هاوبەشی هەموو هاووڵاتیان و لایەنە سیاسییەکان بێت. 

وتارەکانی نوسەر