کەرکوک لە بەردەم سەرژمێریدا

09:37 - 2024-11-17
سەنگەر سەڵاحەدین فاتیح
187 خوێندراوەتەوە

دواجار لە دوا رۆژەکانی پرسی سەرژمێری نزیک دەبینەوە و ئەو پرۆسەیە ئەنجام دەدرێت، قسەکردن لەسەر دواخستنی و هەر هیچ نەبێت لە کەرکوک ئەنجام نەدرێت، بەهۆی کۆمەڵێ هۆکار و کێشەی هەڵواسراو و چارەسەر نەکراوی جیاواز، پەیوەست بە ماددەی 140ی دەستورەوە، کە هەمووان دەیزانین، هیچی ئەو قسانە نەبوون بە کردار و فشار و رێگری لە بەردەم هێزی زاڵی بەمەبەست لە ئیستادا بۆ ئەنجام دانی ئەم سەرژمێرییە، لە کاتێکدا لە رابردوودا هەوڵدرا بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی و کات و هەلومەرجیش بۆ هەمووان لەباربوو، کەچی هەر نەکراو رێگری لە ئەنجام دان کرا.

بۆ وڵاتێکی وەکو عیراق جیاوازە
 ئەگەر پرۆسەی سەرژمێری بۆ هەندێ وڵات بایەخی سیاسی نەبێت و زیاتر مەبەست لێی پلان و ئابووریی و گەشەپێدان بێت، ئەوا بۆ وڵاتێکی وەکو عیراق جیاوازە و هەموو پرسەکان دەچنەوە بەردەم دەرگای سیاسەت، ئەگەر بۆ ئیستاش وانەبێت وەکو حکومەتی عیراق رایگەیاندووە، کە هیچ ئەجێندایەکی سیاسی لە پشتەوە نییە، کە لە راستیدا ئەگەر لەو پرسیارانەشەوە تەماشای بکەین هەروایە و کۆی پرسیارەکان لە هاووڵاتی، سەبارەت بە پێداویستییە ئابووریی و تەندروستی و توانا و شوێن و پێگە مرۆییەکانە، بەڵام ئەوەی نا روونە، ئەوەیە کە چۆن لە داهاتوودا لەگەڵ ئەم پرسە و ئاکامەکەی مامەڵە دەکرێت، چونکە ئێمە لە وڵاتێکی وەکو عیراقین، مێژووەکەی دیارە و کێشەی مەزهەبی و تایەفی و دەستوەردانی هەرێمایەتی و پشگوێخستنی دەستوور و هەڵکێشان و بەسیاسیکردنی پرسەکانی لە بەرچاوە.

کەرکوک و سەرژمێری
ترس و پرس و مەبەستەکە زیاتر لەسەر کەرکوکە، وەکو تێبینیش کراوە بۆ ئیستا و لە رابردوودا، دەستوەردانی ئیقلیمی لە عیراق، زیاتر ئەجێنداکەی لە کەرکوک بینراوە و هەر لەوێش جێبەجێ کراوە، بۆ کوردیش چارەسەری پرسەکەی لە عیراقدا، هەر بە کەرکوکەوە گرێدراوەو لە ماددەیەکی دەستووری کە کاری لەسەر نەکراو پشتگوێخراو بە ناوی ماددەی 140، بۆچوون و قسەی واش هەیە، کە ئەم سەرژمێرییە لەگەڵ ئەم ماددە دەستورییەدا جیاوازی و بەریەکەوتن درووست دەکات، هەرچەند بەغدا خۆی وا ناڵێت.
کات درەنگە و زوو نییە، ترسەکە هەیە و دەمانخاتە بەردەم بیرکردنەوە لە چارەسەر، ئایا دەکرێت هەموو کەرکوکییەک لە ئەوروپا و وڵاتانی ترەوە بخرێتە ناو چوارچێوەی سەرژمێری کەرکوکەوە؟، چونکە دەزانین بە هۆی ململانێکانەوە لەو شاردا لە رابردوو، زۆرترین کوردی ئەو شارە بەرەو وڵاتانی تر و ئەوروپا کۆچیان کردووە، ئەمە چ جای ئەو کەرکوکیانەی لە هەرێمی کوردستانن، ئایا دەتوانن هەموویان بەشداربن؟ ئەی کەلار و کفری و چەمچەماڵ و دووز دەکرێنە پرسی چارەسەری کەرکوکەوە، بە دڵنیاییەوە نەخێر.

کەرکوکییەکان ناوی خۆیان تۆمارکەن
لەم پرۆسەیەدا کە زەنگی دواڕۆژەکانی ئەنجامدانی لێ دەدات، ئەوەی لە توانادا بووە کراوە، ئەوەشی نەکراوە وەکو کورد دەڵێت «زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە هەر قازانجە»، ئەو کەرکوکییانەی لە هەرێمی کوردستانن و ئەوانەی لە دەرەوەی ئیدارەی شاری کەرکوکن، پێویستە کەرکوکییانە، خۆیان بۆ ناو تۆمارکردن ئامادەکەن، دانیشتوانی شارەکەش هاوکاربن، و ئاگاداری هەر پێشهاتێک بن، کە دژ بە ناسنامەو کورد بوونی شارەکە بێت.



وتارەکانی نوسەر