ئا - دانای شەدەڵە
رۆژی یەکشەممە، رێکەوتی 29ی سێپتەمبەری 2024 دا، هاوڵاتییانی نەمسا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی ئەو وڵاتە.
پارتی سۆسیال دیموکراتی نەمسا، کە دەستەخوشکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە لە سۆسیالیستی ئینتێرناسیۆناڵدا، بەهیوای بەهێزبوونەوە و بەشداربوونە لەحکومەتی داهاتووی ئەو وڵاتەدا
پتر لە شەش ملیۆن بەشدار دەبن
لە هەڵبژاردنی پارتەکان و نوێنەرانیان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی نەمسا، پتر لە شەش ملیۆن و شەش سەد کەس (بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی نەمسا) مافی دەنگدانیان هەیە.
لەناو پەرلەمانی نەمسادا نوێنەری چەندین پارتی گەورە و بچووک هەن و گرنگترینیان بریتین لە :
پارتی سۆسیال دیموکراتی نەمسا SPO
پارتی گەل(مەسیحی کۆنەپارێز) OVP
پارتی ئازادی(نەتەوەپەرست) FPO
پارتی سەوز Grune
پارتی لیبراڵ NEOS
ئەنجامەکانی دوایین هەڵبژاردن
وەک دەزانرێت لە دوایین هەڵبژاردنی نەمسای ساڵی 2019دا رێژەی دەنگی پارتەکانی ئەو وڵاتە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
پارتی گەلی مەسیحی 37.5
پارتی سۆسیال دیموکرات 21.2
پارتی ئازادی(نەتەوەییەکان) 16.2
پارتی سەوز 13.9
پارتی نیۆس(لیبراڵ) 8.1
هەڵبژاردنی پێشوو
بەپێی ئامارەکان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2019دا ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی کە مافی دەنگدانیان هەبوو، بریتی بوون لە شەش ملیۆن و سێسەد و نەوەد و شەش هەزار و هەشت سەد و دوانزە کەس 6.396.812 و ژمارەی بەشداربووانیش بریتی بوون لە چوار ملیۆن و حەوت سەد و حەفتاو حەوت هەزار و دوو سەد و چل و شەش کەس 4.777.246، واتا بەڕێژەی 75.6% تەواوی ئەو هاووڵاتیانەی مافی دەنگدانیان هەیە بەشداری هەڵبژاردن بوون.
دەستەخوشکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە
ماوەتەوە بڵێم، پارتی سۆسیال دیموکراتی نەمسا کە دەستەخوشکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە لە رێکخراوی سۆسیالیستی ئینتێرناسیۆناڵ ISدا حەوت ساڵە لە ئۆپۆزیسیۆندایە و سەرەڕای پێشبینییەکانی ئەنستیتۆی راپرسییەکان،(کە بەهۆی زۆربوونی پەنابەرانی سوری و ئەفغانی لە ساڵی 2015 بەدواوە، چانسی بەهێزبوونی پارتە راسترەوە نەتەوەییەکە نیشان دەدەن)، لەگەڵ ئەوەشدا سۆسیال دیموکرات بە سەرۆکایەتیی ئەندریاس بابلەر، ئێستا لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندایە و بەهیوای بەهێزبوونەوە و بەشداربوونە لە کابینەی حوکمەتی داهاتوودا.
سەرچاوە: سایتی وەزارەتی ناوخۆی نەمسا