ئەگەرچی هێشتا لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە رۆژێک بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری نەكراوە، بەڵام بەگوێرەی هەموو پێدراوەکان چیتر رێگەی گەڕانەوە نەماوە لەبەردەم لایەنەکاندا بۆ رەتکردنەوە و دواخستنی پرۆسەكە کە بڕیارە لە 20/10ی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆن بەم بڕیارەی كۆتایی بە مشتومڕەكان هێنا سەبارەت بە كردن و نەكردنی هەڵبژاردنەكە.
لەساڵی 1992 –ەوە، پێنج جار هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچووە، هەرچەندە زۆربەی جارەکان كاتی یاسایی خۆیان تێپەڕاندووە و بە ویستی لایەن هێز و سەركردە و حزبەکان و بەتایبەتی پارتی دیاریكراوەوە و بگرە زۆرجار ویستراوە پڕۆسەکە دوابخرێت و تەنانەت پەكیش بخرێت ئەگەر لە قازانجی خۆیدا نەبێت.
هۆكارێكی تری دواكەوتنی هەڵبژاردن لەكاتی دیاریکراوی یاسایی، نەبوونی دەستورێك بووە لە هەرێمی كوردستاندا بەجۆرێک لەتوانایدا بێت هەموو دەسەڵات و ئەرك و ماف و رێوشوێنەكان دیاریبکات تا کەس لەسەروو یاساوە بەمەزاج بڕیارنەدات.
بەمەرجی ئەوەی خۆیان دەمڕاست!
بەهەرحاڵ سەرەڕای هەموو ئاڵنگاری و ناڕەزایی و رێگرییەكانی بەردەم پڕۆسەکە، توانرا بە هەوڵی سەركردە و حزبە خەمخۆرەكانی دیموكراسی، بەربەستەكان لاببرێن و هەمووان بێنە سەر راستەڕێی دیموكراسیی راستەقینە.
بەداخەوە هێشتا هەندێک لایەن و سەركردە هەن كە گەرەكیانە دەسەڵات و حوكمڕانی لە كوردستاندا تەنها قۆرخی خۆیان و حزبەکەیان بێت و بە ئارەزوو و ویستی خۆیان حوكمڕانی بكەن، بەمەرجی ئەوەی كە هەر خۆیان دەمڕاست بن و كۆتا قسەش هەر لای خۆیان بێت، كە ئەوەش لە دنیای دیموكراسیدا جێگەی نابێتەوە، بۆیە ئەو سەركردە و لایەنانە ئەگەر دیموكراسییان وەك گەمەیەکی چەواشەكارانە دەوێت بۆ پەردەپۆشكردنی ناڕەوایەتیی قۆرخكارییەکانیان و خۆسەپاندن بەناوی شەرعییەتی ئینتیخابییەوە و تا ئەوێ لەگەڵیدابن کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و مانەوەیان دەپارێزێت ئەوە نابێتە گەمەی دیموکراسی، بەڵکو دەبێتە گەمەیەکی چەواشەکارانەی قێزەون، ئەگەرنا ئەوە بەو واتایە دێت کە هیچ بڕوایەکیان بە دیموكراسی و حکومەتی دامەزراوەیی نییە و ئەوەشیان بە روونی سەلماندووە دوای ئەوەی لە ساڵی 2015دا هەم رێگرییان لە سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمان کرد بگەڕێتەوە بۆ پایتەخت و هەم دەرگای پەرلەمانی كوردستانیشیان كڵۆمكرد.
بەداخەوە ئەو حزبە ئێستاش لەو بڕوایەدان كە كوردەواری كۆمەڵگە دواكەوتوو و نەخوێندەوارەكەی سەرەتاکانی سەدەی بیستەمە و پێویستە هەر لەلایەن دیوەخانەوە بەڕێوەببرێت و هێشتاش هیچ سەنگێک بۆ دامودەزگا شەرعییە کارگێڕیی و تەشریعی و دادوەریی و رێکخراوە مەدەنییەكان و ئازادیی میدیا دانانێن، بێئاگا لەوەی كە ئێستا تاك و خێزان و كۆمەڵگە بەگشتی گۆڕانگاریی و كرانەوەی گەورەی بەخۆوە بینیوە و زۆر هۆشیار و بەئاگاترن لەوەی ئەوان مەزەندەی دەکەن و بگرە لە هەندێك لە سەركردەکانی ئەوان هۆشیارترن و ئاشناترن بە دیموکراسی و گرنگیی هەڵبژاردن.
هێشتا هەندێک لایەن و سەركردە هەن گەرەكیانە حوكمڕانی لە كوردستاندا تەنها قۆرخی خۆیان و حزبەکەیان بێت و بەئارەزوو و ویستی خۆیان بێت، هەڵبژاردنیان بەمەرجی ئەوە قبووڵە كە هەر خۆیان دەمڕاست بن و كۆتا قسەش هەر لای خۆیان بێت، ئەوەش لە دیموكراسیدا جێگەی نابێتەوە
سەرکردەکانی باڵێکی پارتی دەیانەوێت بە عینادیی و سەرکێشی و لە پێناوی مانەوەیاندا لە دەسەڵاتی رەهادا هەموو ئەزموون و شەرعییەتی بوون و مانەوەی ئەم قەوارەیەی هەرێم بخەنە مەترسییەوە بەبێ گوێدانە ئەوەی بە خوێن و فرمێسک و خەباتی دەیان ساڵی رابردوو هاتووەتەدی.
بەشێک لە سەرکردەکانی ئەو حزبە لە خیتابی سیاسی و میدیاییاندا وادەردەکەوێت گەرەكیان بێت پرۆسەی دیموكراسی و شەرعییەتی هەڵبژاردن لە ناوەڕۆكە راستەقینەكەی دابماڵن و بەناوی دیفاکتۆوە شێوازی حوكمڕانییە بەسەرچووەكانی سەدەکانی پێشوو بەسەر خەڵکی ئەم هەرێمەدا بسەپێنن، بۆیە ئێستا هەموو هەوڵێكیان خستۆتەگەڕ بۆ چەواشەكاریی، کە زۆربەی لێدانە لە بنەماكانی دیموكراسی و ئازادییەكان و دادپەروەریی و خۆشگوزەرانی و ئاسایشی هاووڵاتیان.
تا هەرێم بەچەسپاوی بمێنێتەوە
لەبەرامبەریشدا ئاراستەیەك هەیە كە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەندێک لە سەركردە و حزبە خەمخۆرەكانی كوردایەتی نوێنەرایەتیی دەكەن، لەگەڵ ئەوەدان كە دیموكراسی راستەقینە بچەسپێت و هەڵبژاردنەکان لەكات و ساتی خۆیاندا بکرێن بۆئەوەی شەرعییەتی دامەزراوەکانی حوكمڕانی لەکەدار نەبێت و بە چەسپاوی بمێننەوە، ئەو سەرکردە و حزبانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە تەنها بەوە پارێزگاری لە مانەوە و سەقامگیریی و چارەنووسی قەوارەی هەرێم دەكرێت. ئەم بەرەیە گەرەكیانە پرۆسەی دیموكراسی و بنەماكانی لە دەستەبەرکردنی ئازادییەكان و خۆشگوزەرانی و دادپەروەریی لە بەڕێوەبردن و دابەشكردنەوەی خێروبێری هەرێمەکەماندا بەدی بێت و هەلی یەكسان لە كار و ژیاندا بۆ هەمووان بڕەخسێنرێت.
هەروەک دەیانەوێت کۆتایی بە تاكڕەویی لە حوكمڕانی و نایەكسانی و جیاكاریی نێوان ناوچەكان و نادادپەروەریی بهێنن و کاری پێكەوەیی بکرێت بۆ هێنانەدیی كۆمەڵگەیەكی خۆشگوزەرانی بەشكۆ کە خاوەنی حكومەتێکی مەدەنیی پێشكەوتنخواز بێت لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتیبوون دوور لە پاوانخوازی حوکم بکات.
بۆیە دەبێت حزبەکان کەسیان هەڵبژاردن بە رۆژی قیامەت نەزانن، ئاساییە با لەلایەک کێبڕکێی خۆیان بکەن و لەلایەکی دیکەشەوە سەرقاڵی هێورکردنەوە و رێکخستنەوەی ناوماڵی كورد بن تاپتەو و بەهێزی بکەنەوە، چونکە ئەگەر هەڵبژاردن کراو پەرلەمانی داهاتوو گەیشتە ئاستی نووسینەوە و راپرسی لەسەر دەستوورێکی هاوچەرخ و دیموکرات، ئەوا دەبێتە فاکتەری راستەقینەی چەسپاندنی سیستم و قەوارەی هەرێمەکەمان، ئەگەرنا هەموو دروشمێکی باق و بریق بەبێ خواستی راستەقینە جگە لە چەواشەكردن و فریودانی هاووڵاتیان و ئاوکردنە ئاشی نەیارەكانی كوردایەتی هیچی دیکەی لێ سەوز نابێت، تەنها بە بڕوای تەواو بە دیموکراسیی راستەقینە و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتیش دەتوانن هەنگاوی چارەنوسسازتر و گەورەتر هەڵهێنن بەرەو ئایندەیەكی گەشاوە بۆ نەوەكانی داهاتوو.
هەڵبژاردن رێگە راستەکەی دەستاو دەستی ئاشتیانەی دەسەڵاتە